خاكاو دڵشاد بۆ گوڵان: تابلۆ ساختەکان لە بازاڕ زۆرن ئەمەش کاریگەریی لەسەر تابلۆکانی ئێمە هەیە

خاكاو دڵشاد بۆ گوڵان: تابلۆ ساختەکان لە بازاڕ زۆرن ئەمەش کاریگەریی لەسەر تابلۆکانی ئێمە هەیە

خاكاو دڵشاد دەرچووی ساڵی ٢٠١٨ی كۆلێژی هونەرەجوانەكانی هەولێرە و ئێستا مامۆستای بابەتی هونەرە لە قوتابخانە و مامۆستایە لە ڕێكخراوی (رەنج) ی هونەری، تا ئێستا خاوەن نزیكەی ١٦ پێشانگای هاوبەشی هونەرییە، هەروەها بەشدار بووە لە ١٥ كاری دیواری، ئێستاش بەردەوامە لە كارە هونەریەكانی.

*لە تابلۆكانتدا هەست دەكەین لە نێوان هونەری ئەبستراكت و مۆدێل و پۆرترێتدا دێیت و دەچیت، ئەمە لەبەر چی؟

-بێگومان هەر شێوەكارێك لە بواری خۆیدا شێوازی خۆی دەدۆزێتەوە، ئەمە هەست دەكەم خۆنەویستانەیە.

*شێواز و ستایلی كاركردنت ئەوە نیشان دەدات ئەزموونكارانە كار دەكەیت، بەڵام ئایا شێوازی خۆت دۆزیوەتەوە؟

-هونەرمەند ئەگەر وا نەبوو ڕەگی هونەر لە ناخیدا نەڕواوە، منیش لە تابلۆكانمدا ئەو ڕێچكانە بەدی دەكرێ.

خاكاو دڵشاد بۆ گوڵان: تابلۆ ساختەکان لە بازاڕ زۆرن ئەمەش کاریگەریی لەسەر تابلۆکانی ئێمە هەیە

*ئافرەت وەك فیگەر و كاراكتەر تا چەند لە نێو تابلۆكاندا ئامادەیە، هۆكارەكەی بۆچی دەگەڕێتەوە؟

-ئافرەت هەموو كات لە هەموو بوار و شوێنەكدا جێگەی دیارە بە گشتی، لە ناو هونەری وێنەكێشانیشدا زۆر ڕۆڵی هەیە، ئەگەر سەرنج بدەین هەر لە زووەوە ئەوە بینراوە كە هونەرمەندان تابلۆی تایبەت بە ئافرەتیان هەیە، ئەمەش من دەگەڕێنمەوە بۆ ئەوەی كە بوونی خودی ئافرەت لە ژیاندا خولقێنەرێكی بەرزە، بەدیهێنانی نەوەی نوێ و بەردەوامبوونی ژیانە جا جوانی و فەنتازیا و گرنگیی بوونیان لە لایەكی دی.

*هاوڕای لەگەڵ ئەوەی هونەرمەند هاوسەنگییەك لە نێوان ڕیتمی خۆماڵی و ڕەوتی جیهانیدا ڕابگرێت؟

-ئەو هاوسەنگییە زەرورە، ڕیتمی ڕەنگینی و كەلەپووری ڕەسەنی كوردەواری هەمیشە شایستەی مانەوە و شانازیە، بەڵام ئەگەر لەگەڵ ڕەوتی (مۆدێرنە) ی جیهانی بەڕێوە نەچێت هێشتا ناهاوسەنگە، پشتكردنە جیهان و سوودوەرنەگرتن لە پێشكەوتن و شارستانیەتی گەورەی جیهان خەلەلی گەورە لە بەرهەمی هونەریدا دروست دەكات.

*لەكاتێكدا هونەری كوردی بەگشتی بەدەست گرفتەوە دەناڵێنێت، ئێوەی شێوەكار گرفتتان چییە؟

-ناحەقییە ئەگەر بڵێین هونەری كوردی گرفتی زۆرە، چونكە سوپاس بۆ خودا بەرەوپێشچوونی باش هەبووە لە گشت بوارەكاندا، هەرچەند وەك وڵاتانی دیكە نییە و هێشتا هەنگاوەكانمان لە دواوە جێماون، بەڵام لە گۆڕاندا بەردەوامین، ئێمە وەك شێوەكار گرفتە سەرەكییەكەمان لەوەدایە كە تابلۆكانمان كاری دەستی خۆمانە و گرانبەهان و لە ڕووی كوالێتییەوە ماندووبوونی دەوێت، ئەمە بێجگە لە بەرهەمی كلتوریی وڵاتما، بەڵام تابلۆی (ساختە و لاسایی كەرەوە) زۆرن لە ناو بازاڕ كە بە ناو كاری دەستیی هونەرمەندانەوە بڵاو دەكرێتەوە، كە ئەمەش كاریگەریی لەسەر تابلۆی ئیمە دروست دەكا، گرفتی نەبوونی پاڵپشتیشمان هەیە بەو ڕادە بەرچاوەی كە خاوەن هونەر دەیەوێ.

*هونەرمەندانی شێوەكار دەتوانن بژێویی ژیانیان پەیدا بكەن؟

-ئەگەر بتەوەێ تەنیا كاری هونەری و تابلۆ بكەیت بە بژێوی ژیان، ئەوە سەختە، هەروەك ئاماژەم پێكرد گرفتی كاری هونەری دیارە.

*تا ئێستا چەنێك لە تابلۆكانت فرۆشراون؟

-هەر تابلۆیەكم كە كردبێت فرۆشراوە یان روونتر بڵێم تابلۆكانم هەمووی بۆ فرۆشتن بووە و بگرە دووبارەش كراونەتەوە.

Top