وارشین سلێمان قایمقامی ئامێدی بۆ گوڵان :   لە كابینەی نۆیەمدا لە ئامێدی و سنوورەكەی 331 پڕۆژە بە بڕی زیاتر لە 401 ملیار دینار جێبەجێ کراوە

وارشین سلێمان  قایمقامی ئامێدی بۆ گوڵان :     لە كابینەی نۆیەمدا لە ئامێدی و سنوورەكەی 331 پڕۆژە بە بڕی زیاتر لە 401 ملیار دینار جێبەجێ کراوە

 

لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر ڕاسپاردە و كارە بەردەوامەكانی مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هیچ شوێنێكی دوورەدەست و ئیدارەیەكی سەربەخۆ و شارۆچكە و شارەدێیەكی هەرێمی كوردستان نەماوە، دەستی ئاوەدانی پێ نەگەیشتبێت. گۆڤاری گوڵان لە زنجیرە دیدارەكانیدا لەگەڵ پارێزگارەكان و لێپرسراوی ئیدارە سەربەخۆكان و بەرپرس و بەڕێوەبەری شارۆچكە و شارەدێیەكانی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەم ژمارەیە ئامێدی بەسەر كردەوە، كە 28%ی ڕووبەری پارێزگای دهۆك پێك دەهێنێت، كە لە سەنتەری شارۆچكەكە و شارەدێیەكانی «دێرەلوك و شێلادزێ و سەرسەنگ و بامەڕنێ و كانی ماسێ و چەمانكێ» و 356 گوند پێك هاتووە. مێژووی ئامێدی زۆر كۆنە، بەپێی ئەو شوێنەوارانەی لە سنووری ئامێدی هەن، مێژووەكەی بۆ 2000 هەزار ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە، مەزنترین شوێنەوارەكانیش دەكەوێتە ناو سەنتەری شارەكە، كە (قوتابخانەی قوبەهان، دەرگای بادینان،كۆرێ سیریچێ، شارۆچكەی سوڵتانە، مزگەوت و كەنیسەی كەون) دیارترین شوێنەوارەكانیەتی. ژمارەی دانیشتووانی ئامێدی لە وەرزی هاویناندا بۆ زستان دەگۆڕێت بە هۆێ ئەو كەشوهەوایەی هەیەتی، لە هاویندا ژمارەی دانیشتووانەكەی 180 هەزار كەسە و لە زستاندا لەبەر سەرما بۆ 140 هەزار كەس كەم دەبێتەوە. جوگرافیا و سرووشتی ئامێدی جگە لەوەی ناوچەیەكی كشتوكاڵی و باخدارییە، ناوچەیەكی گەشتیارییشە و زۆر خۆش و دڵڕفێنە. لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی كوردستاندا بە سەرۆكایەتیی مسرور بارزانی، لە سێكتەرە جیاجیاكاندا بەتایبەتی لە لایەنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانەوە چەندین كار و پڕۆژەی بۆ ئەم دەڤەرە ئەنجام دراون. گۆڤاری گوڵان لەسەر ئەم پرسە دیدارێكی لەگەڵ وارشین سلێمان قایمقامی ئامێدی ئەنجام دا.

 

 

 

* كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە سەرجەم ناوچە جیاجیاكاندا گرنگییەكی زۆری بە چارەسەركردنی كێشەی ئاوی خواردنەوە داوە، ئایا بۆ ئامێدی و سنوورەكەی چ پڕۆژەیەك ئەنجام دراوە؟

- بۆ چارەسەری كێشەی ئاوی خواردنە لە قەزای ئامێدی، مەزنترین پڕۆژەی ئاوی خواردنەوە جێبەجێ كراوە، ئەو پڕۆژەیە وای كردووە سەنتەری قەزا و ناحییەكانی «شێلادزێ و دێرەلوك و بامەڕنی و سەرسەنگ» و چەندین كۆمەڵگەی لەو سنوورە هیچ بیرێكی ئیرتیوازیی ئاوی خواردنەوە كاری پێ ناكرێت، بەڵكو هەموو ئەو سنوورە بەرفراوانە پشت بە ئەو پڕۆژە ستراتیژییەی ئاوی خواردنەوەی ئامێدی دەبەستن، كە سەرچاوەكەی لەسەر زێیە لە ناحیەی دێرەلوك، كە بڕی 91 ملیۆن دیناری تێدا خەرج كراوە. لە دوو ساڵی ڕابردوودا ئەو پڕۆژەیە كاری باشی تێدا كراوە بۆ ئەوەی قەبارە و بڕی بەرهەمهێنانی ئاوەكە زیاتر بێت و كێشە و گرفتی بۆ دروست نەبێت. دەتوانین بڵێین لە سێكتەری ئاوی خواردنەوەدا لە قەزای ئامێدی و سنوورەكەی لە سایەی ئەو پڕۆژە ستراتیژییەوە هیچ كێشە و گرفتێكی بێ ئاوی، یان كەمئاوی بۆ هاووڵاتیان دروست نەبووە، سەرەڕای ئەوەش هەر كۆڵان و گەڕەك و شوێنێك پێویستی بە گۆڕین، یان درێژكردنەوەی تۆڕی ئاوی خواردنەوە هەبووبێت، بۆیان جێبەجێ كراوە .

* مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی كوردستان سەردانی ئامێدیی كرد و لەو سەردانەدا چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاریی بۆ خەڵكی ئامێدی كردەوە و بەردی بناغەی بۆ چەند پڕۆژەی دیكەش دانا، دەكرێت بزانین گرنگترینی ئەو پرۆژانە چی بوون كە لەو سەردانەیدا گرنگیی پێ درا؟

- لە دەستپێكی كابینەی نۆیەمدا جەنابی سەرۆكی حكومەتی كوردستان سەرادنی ئامێدیی كرد و كۆبوونەوەیەكی گرنگی لەگەڵ هەموو یەكە كارگێڕییەكانی قەزاكە ئەنجام دا و دەستكەوتێكی زۆری لێ كەوتەوە، چونكە لە كۆبوونەوەكەدا جەنابی سەرۆكی كابینەی نۆیەم ڕەزامەندیی لەسەر كۆمەڵێك پڕۆژە لە سێكتەرە جیاجیاكان دا، یەكێك لەو پڕۆژە گرنگ و ستراتیژییانە كە پێش سێ ساڵ كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە، پڕۆژەی نەخۆشخانەیەكی 100 قەرەوێڵەیی و گەورە و فراوان بوو، كە هەموو بەش و یەكەیەكی پزیشكی و پێداویستیی تەندروستی لەخۆ دەگرێت، لە ئێستادا پڕۆژەكە لە قۆناغی كۆتاییدایە و لە ئایندەیەكی نزیكدا دەكەوێتە كار و لە خزمەت هاووڵاتیانی سنوورەكەدا دەبێت، كە بڕی زیاتر لە 43 ملیۆن دۆلاری بۆ خەرج كراوە. بە شێوەیەكی گشتی ئەو پڕۆژانەی كە ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی كوردستان لە كابینەی نۆیەمدا لە ئامێدی ڕەزامەندیی لەسەر داوە، بریتی بووە لە 331 پڕۆژەی جۆراوجۆر لە هەموو سێكتەرەكانی خزمەتگوزاریدا، كە بودجەی تەرخانكراو بۆ ئەو پڕۆژانە زیاتر لە 401 ملیار دینار بووە، ئەو پڕۆژانەی كە ئاماژەمان پێدان، ژمارەیەكی زۆریان جێبەجێ كراون و ژمارەیەكیان لەژێر ئەنجامدانن و ژمارەیەكیشیان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چوونەتە ژێر كاركردنەوە.

* ئایا پڕۆژەكانی ڕێگەوبان، بەتایبەتی پڕۆژە گرنگ و ستراتیژییەكان چین كە لەو چەند ساڵەی تەمەنی كابینەی نۆیەمدا جێبەجێ كراون؟

- ئەو پڕۆژە گرنگانەی كە لەم كابینەیەدا لە كەرتی ڕێگەوبان چارەسەر كراون، دروستكردنی ڕێگە وبانی قەزاكە و چارەسەركردنی تۆڕی ڕێگەوبانی گوندەكانی سنوورەكەیە، كە چەندین ساڵ بوو هاووڵاتیان بە دەستییەوە گرفتار بوون. دووەم كار و پڕۆژە قیرتاو و كۆنكرێتكردنی هەموو كۆڵان و شەقامەكانی گەڕەكەكانی ناو سەنتەری قەزاو ناحییەكانە، ئەم پڕۆژانەش وای كردووە، جگە لەوەی دیمەنی جوانی بە قەزا و ناحیە و گەڕەكەكان داوە، بووەتە ئاسانكارییەكی زۆر باش و سەردەمییانەش لە هاتوچۆی هاووڵاتیاندا، ئەو پڕۆژانەش كە ڕەزامەندی لەسەر دراوە لە كەرتی كارەبادا، وای كردووە ئەگەر گوندێك تەنیا یەك ماڵیش بێت تۆڕی كارەبای بۆ چووە، بەمەش هیچ گوند و شوێنێك نەماوە لە سنووری ئامێدی كارەبای نیشتمانیی بۆ نەچووبێت. بۆ چارەسەركردنی بارزۆری و بەرهەمهێنانی كارەباش، لە ڕێگەی ئاو، وەزارەتی كارەبا وێستگەیەكی هایدرۆپاوەری لەسەر زێی مەزن لە ناحیەی دێرەلوك دروست كردووە، كە 37 میگاوات كارەبای خاوێن و دۆستی ژینگە بەرهەم دەهێنێت، كە بڕی زیاتر لە 148 ملیار دیناری بۆ خەرج كراوە و چونكە سوتەمەنی ناوێت، هەموو ئەو پارەیەمان بۆ دەگەڕێتەوە، هەروەها لەلایەن وەزارەتی كارەباوە كارێكی زۆر باش بۆ ئامێدی كراوە، ئەویش پێدانی كارەبایە بە هاووڵاتیانی سەنتەری قەزاكە بە سیستمی پریپەید كە 24 كاتژمێر كارەبا بەردەوامە و نابڕێت، ئەمەش دەستكەوێتێكی گەورە و گرنگی كابینەی نۆیەمە بۆ هاووڵاتیانی قەزاكەمان. لە كەرتی گشتوگوزاردا كە سنووری ئامێدی سنوورێكی پێشەنگە لەو كەرتەدا گەشەیەكی زۆر و بەرچاوی لەو كابینەیەدا بەخۆیەوە دیتووە، چونكە لە كەرتی گشتیاریدا لە ڕێگەی چەند پڕۆژەی جوان و پێویستەوە بۆ گەشتوگوزاری زیاتر لە 21 ملیار دینار خەرج كراوە، لەو پڕۆژانەش كۆڕنیش لە ناحیەی شێڵادزی كە جوانییەكی زۆری بەو ناوچەیە داوە و پڕۆژەی ڕێگەی دەوروبەری گەلی ئامێدی كە پڕۆژەیەكی گەشتیاری و شوێنەوارییە و خزمەت بە كەرتی گەشتیاری و شوێنەوارەكانی ئامێدی دەكات، چونكە ئەو ڕێگەیە شوێنەوارەكانی قەزاكە بە یەكەوە دەبەستێتەوە، هەروەها پڕۆژەی ڕێگەی هاتوچۆكردنی پیادە بۆ هاووڵاتیان و ئەو گەشتیارانەی سەردانی سەرسەنگ دەكەن لە ناحیەی سەرسەنگ دروست كراوە و، هۆكارێكە بۆ زیاتر ڕاكێشانی سەرنجی گەشتیاران لەسەر ناوچەكە، لە ڕووی ڕووناكی و چاككردنی كێشەی محاویلە و هەر گرفتێكی كارەباشەوە كە هەبێت لە ڕێگەی وەزارەتی كارەبا و بەڕێوەبەرایەتیی كارەباوە چارەسەر كراون. لە ناحیەی چەمانكێ دروستكردن و بەیەكگەیاندنی چەند شوێنێكی گەشتیاری جێبەجێ كراوە و لە بەرنامە و پلاندایە كە لە گوندی كەونی بامەڕنێ ڕێگەی پیادە دروست بكرێت بۆ هاتووچۆی گەشتیاران بەشێوەیەكی ئاسان. پڕۆژەیەكی مەزن لە گوندی سیڵاڤی لە سنووری ناحیەی بامەڕنێ كە ئەویش پردێكی مەزنە دروست دەكرێت، ئەمەش پڕۆژەیەكی گرنگە لەو سنوورە لەسەر ئاستی گەشتیاریدا، كەرتی پەروەردەش لەو كابینەیەدا گرنگییەكی زۆری پێ دراوە، بۆ ئەوەی هەر كێشەیەكی هەبێت كۆتایی پێ بێت، لەو سێكتەرەشدا زیاتر لە 32 ملیار دینار خەرج كراوە، ئەو بودجەیەش لە دروستكردنی چەندین قوتابخانەی 18 و 12 پۆلی و زیاتر لە 21 قوتابخانە كە پێویستی بە نۆژەنكردنەوە هەبووە، كاریان بۆ كراوە، ئێستاش چەندین قوتابخانە كاری نۆژەنكردنەوەیان تێدا بەردەوامە.

* ئایا لەم كابینەیەدا لە كەرتی كشتوكاڵ و باخداریدا چی كراوە، بەتایبەتی لە دروستكردنی جۆگەلەی ئاودێری و بەنداو و پۆند؟

- ئامێدی و سنوورەكەی لە بواری باخداری و كشتوكاڵدا بەناوبانگە و خاكێكی زۆر و بەپێت و بەرەكەتی هەیە، بەڵام هەندێك گوند لەبەر بوونی چەكدارانی پەكەكە و پەلامار و بۆردومانی فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای توركیا ئاوەدان نەكراونەتەوە. سەرەڕای هەموو ئەمانە حكومەتی هەریم لەم كابینەیەدا گرنگیی زۆری بە كەرتی كشتوكاڵ لە سنوورەكەدا داوە و هاوكاریی زۆری جووتیار و باخدارنی كردووە، لە ڕووی ئاودێری و دروستكردنی پۆند لەو سنوورەشدا ڕەزامەندیی لەسەر شەش پۆند لە شوێنی جیا جیا دراوە، چوار لەو پۆندانە كاریان لەسەر دەكرێت و پۆندێكی گەورەو بەرفراوانیش لە سنووری ناحیەی كانی ماسێ كاری زۆری لەسەر كراوە. ئەو پۆندانە و چەندین جۆگەی ئاودێری لە سنوورەكە كە ڕەزامەندییان لەسەر دراوە، هەیانە لە ژێر ئەنجامداندان و زیاتر لە هەشت ملیار دیناریان بۆ تەرخان كراوە. هەموو پڕۆژەیەك كە بۆ گوند و ناوچە كشتوكاڵییەكان لە هەر بوارێكدا بێت، هەر لە تۆڕی ئاو و كارەبا و ڕێگەوبان و ئاودێرییەوە گرنگیدانە بە كەرتی كشتوكاڵ و باخداری و ئاژەڵداری، تێڕوانینی جەنابی سەرۆكی حكومەت لەو كابینەیەدا زۆر جوان و دیارە كە گرنگیی زۆری بە گەشەكردنی كەرتی كشتوكاڵ داوە، هەموو ئەمانە وای كردووە لە ساڵی ڕابردوو بۆ یەكەم جار بەرهەمی سێوی بەرواریی باڵا لە دەڤەری ناحییەی كانی ماسێ بۆ دەرەوەی هەرێمی كوردستان ڕەوانە كرا، كە ئەمە هاندان و پاڵپشتییەكی گەورە و گرنگە بۆ كەرتی كشتوكاڵ و جووتیاران، لە ئەمساڵیشدا هەوڵی نووسینگەی تایبەتی جەنابی سەرۆكی حكومەتی كوردستان بەردەوامە بۆ ناردنە دەرەوەی بەرهەمی جووتیاران، بەتایبەتی بۆ وڵاتانی كەنداوی عەرەبی، كە ئەویش بەرهەمی تەحینی ئامێدی و سێو و چەندان بەرهەمی دیكەیە، ئەو بڕە پارەی لە پڕۆژەكاندا بەگشتی كە خەرج كراون، بوودجەیەكی باش و هۆكارێك بووە بۆ ئەوەی لە هەموو كەرتەكانی خزمەتگوزاریدا كەمترین كێشە و گرفت لە قەزاكە و سنوورەكەماندا هەبێت.

Top