بایەخدان بە ژینگە لە پڕۆگرامی پارتی دیموكراتی كوردستان

بایەخدان بە ژینگە لە پڕۆگرامی پارتی دیموكراتی كوردستان

 

ئەگەرچی خەمی ژینگە لە بنەڕەتدا خەمێكی ئینسانی و سەرتاسەریی جیهانییە، بەڵام بە هۆی سیاسەتی ستەمكارانەی داگیركارانەوە، سەدان ساڵە ژینگەی كوردستانیش وەك دانیشتووانەكەی بەردەوام كەوتووەتە بەر شاڵاوی تێكدان و پیسكردن، بۆیە ڕوانینە پرسی ژینگە وەك خەمێكی نەتەوەیی لەپڕۆگرامی پارتی دیموكراتی كوردستاندا پێویستییەكی سەردەمەو زۆر ئامانجی مەزن لەخۆ دەگرێت وەك داڕشتنی ستراتیژییەتێكی نەتەوەیی بۆ پاراستن و چاككردنی ژینگە و، گەشەپێدان بە كواڵێتیی ژیان و هاوكاریی و هەماهەنگیی نێوان حكومەت و كۆمەڵگەی مەدەنی و هاووڵاتییان و، كاركردن لەپێناوی پێكەوەژیانی مرۆیی بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و ئارامی، چونكە ژینگە هەمیشە لە سایەی ئاشتیدا پارێزراو و پاكتر دەبێت.

گرنگترین بابەتە ژینگەییەكان لەپڕۆگرامی پارتی دیموكراتی كوردستاندا

دیارە هەنگاوی یەكەم بۆ پاراستنی ژینگە لەلایەن هەر حزبێكی سیاسییەوە بریتییە لە دانان و جێكردنەوەی بابەتی پاراستن و چاككردنی ژینگە لەپەیڕەو و پڕۆگرامیدا، بۆ ئەم مەبەستەش پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆنگرەی(14)دا ماددەی (59)ی بۆ ژینگە تەرخان كردووە و تیایدا هاتووە كە پارتی كار دەكات بۆ:

یەكەم: بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی ژینگەیی.

دووەم: پاراستنی ژیانی كێوی و جۆراوجۆریی بایۆڵۆژی.

سێیەم: نەبەزاندنی سنوورەكانی توانای ژینگە و سەرچاوە سرووشتییەكان.

چوارەم: كەمكردنەوەی پیسبوون بە ڕەچاوكردنی پڕەنسیپەكانی گەشەپێدانی بەردەوام.

پێنجەم: سوودوەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتان بۆ پاككردنەوەی ژینگەی وڵاتەكەمان.

شەشەم: زیادكردنی پانتایی سەوزایی.

حەوتەم: پاراستنی هاوسەنگیی ژینگەیی بۆ ڕێگریكردن لە بەبیابانبوون و كارەساتی ژینگەیی و سرووشتی.

هەشتەم: پاككردنەوەی هەموو كوردستان لە مین.

نۆیەم: فراوانكردنی ناوچە پارێزراوە سرووشتییەكان.

دەیەم: دووبارە بەكارهێنانەوەی خاشاك بە شێوەی زانستی و مۆدێرن.

یازدەیەم: بایەخدان بە دامەزراوەكانی ژینگەپارێزی.

دوازدەیەم: فراوانتركردنی چەمكی خۆشەویستكردنی سرووشت و ژینگە لەناو خەڵكدا.

 

ڕەنگدانەوەی پێگەی ژینگە لە كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا

لە ڕوانگەی ئەو ئامانجەی لە پێشەوە ئاماژەمان پێكردن، دەتوانین بڵێین كە پێگەی ژینگە لە كارنامەی كابینەی نۆیەمدا لە بەرزترین ئاستدایە، كاتێك دەبینین كارنامەكە ئاماژەی بەوە كردووە كە: (ژینگەی كوردستان گەورەترین سەرمایەی هەرێمە)، لەبەر ڕۆشنیایی ئەم دروشمەشدا دەستەی ژینگە كە دەستەیەكی چاودێری و هەماهەنگیی ژینگەییە، كار دەكات لەسەر هەڵسەنگاندنی كاریگەرییە ژینگەییەكان و ڕەزامەندیدان بە پڕۆژەكان و چاودێریكردنیان، هەروەها هەماهەنگی دەكات لەگەڵ وەزارەت و دەستە جێبەجێكارەكان و كاریش دەكات لەسەر بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی ژینگەیی بە مەبەستی بەدیهێنانی ئامانجەكانی لە هەر سێ چەمكی (پاراستن، چاككردن، گەشەپێدانی بەردەوام) و بە ئامرازەكانی وەك (هۆشیاری، یاسا، تەكنۆلۆژیای نوێ).

هەروەها بەشداربوونی ڕێزداران سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و نوێنەرانی دەستەی ژینگە و نوێنەرانی وەزارەت و دەستە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوە فراوانەكانی ناوچەكە و جیهان لەبارەی پرسی وزە نوێبووەكان و گۆڕانكارییەكانی كەشوهەواوە، بە مانای بەرجەستەكردنی ئەو ئامانجانە و بەردەوامبوونە لەسەر هەنگاوەكانی هەرێمی كوردستان بەرەو ئابوورییەكی سەوزی بەردەوام و وەبەرهێنان لە بواری ژینگە و وەبەرهێنانی سەوز وەك جێبەجێكردنی پابەندییەكانی نێو بەڵگەنامەی پشكدارییە نیشتمانییەكان و، بەجێهێنانی ژمارەیەك لە ئامانجەكانی گەشەپێدانی بەردەوام و، پاڵپشتیكردنی كەرتە زیانلێكەوتووەكان بە هۆی گۆڕانی كەشوهەوا، كە هەندێك لە ئاسەوارەكانی لە عێراق و هەرێمی كوردستانیشدا دەركەوتوون، هەروەها بۆ سوودوەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتانی پێشكەوتوو لە بواری وەبەرهێنانی ژینگەییدا بەو پڕۆژانەی كە دەبنە مایەی كەمكردنەوەی گۆڕانی كەشوهەوا، یان خۆگونجاندن لەگەڵ ئاسەوارەكانیدا، لە ڕێگەی پڕۆژە هاوبەشەكانی نێوان كەرتی گشتی و تایبەت و ئاژانسە پەیوەندیدارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و دۆستانمان لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و، وەبەرهێنەران و بەڵێندەران و ڕێكخراوە ژینگەییە خۆماڵی و نێودەوڵەتییەكانەوە.

لێرەوە دەتوانین ئاماژە بە گرنگترینی ئەو خاڵانە بدەین كە لە بەشداربوونی ڕێزداران سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان هاتوونەتە ئاراوە لە كۆبوونەوە فراوانەكانی ناوچەكە و جیهان لە بارەی گۆڕانی كەشوهەواوە، وەك:

1- ئاشناكردنی سەرۆك و سەركردەكانی جیهان بە هەوڵە كوردستانییەكان لە چوارچێوەی هەنگاوە جیهانییەكان لە بواری دۆزینەوەی ڕێگەچارە بۆ دیاردەی گۆڕانی كەشوهەوا.

2- دانان و جێكردنەوەی هەوڵەكانی هەرێمی كوردستان لەسەر نەخشەی جیهان بۆ گۆڕانی كەشوهەوا.

3- بەهێزكردنی پەیوەندیی لەگەڵ بەرپرسانی نەتەوە یەكگرتووەكان لە بارەی ڕێككەوتننامەی چوارچێوەی گۆڕانی كەشوهەوا.

4- بەرجەستەكردنی ئەو بەڵێنە ژینگەییانەی كە لەكارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتوون.

5- خستنەڕووی پێداویستییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ڕێگرتن لە كاریگەرییە نەرێنییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا.

6- بەهێزكردنی پێگەی شاندی تەكنیكی دەستەی ژینگە و نوێنەرانی وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

7- سەلماندنی ئەو ڕاستییەی كە هەرێمی كوردستان بەشێكە لەچارەسەر بۆ گرفتە جیهانییەكانی وەك گۆڕانی كەشوهەوا.

Top