به‌ڵێ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ شۆكه‌

به‌ڵێ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ شۆكه‌


له‌ماوه‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌شێك له‌سه‌ركرده‌ی حیزبه‌كان باسی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ شۆكه‌، منیش ده‌ڵێم به‌ڵی "شۆكه‌" بۆ جه‌ماوه‌ری به‌شێك له‌ حیزبه‌كان واتێگه‌یێنراون ئه‌وجاره‌ ده‌توانن سه‌رسڕمان درووست بكه‌ن بۆ خه‌ڵكی كوردستان.
یه‌كێتیی نیشتیمانی كوردستان یه‌كێكه‌ له‌و حیزبانه‌ی له‌بانگه‌شه‌كانی باس له‌شۆكی هه‌ڵبژاردن ده‌كات، پێی وایه‌ بۆ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ ده‌توانێت شۆك درووست بكات، به‌ڵی منیش ده‌ڵێم ئه‌وجاره‌ یه‌كێتیی جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی تووشی سه‌رسرمان ده‌كات، چونكه‌ به‌پێی لێكدانه‌وه‌كان بێت كورسییه‌كانی كه‌م ده‌كات، كه‌چی جه‌ماوه‌ری یه‌كێتی وا تێگه‌یشتوون حیزبه‌كه‌یان له‌وپه‌ڕی به‌هێزییه‌، ناحه‌قیشیان نییه‌ هاتوهاوار و ژاوه‌ژاوی بانگه‌شه‌ وای لێكردوون بڕوا بهێنن حیزبه‌كه‌یان به‌هێزه‌.
به‌پێی ژماره‌ی ده‌نگه‌كانی یه‌كێتیی له‌ دواین هه‌ڵبژاردنی په‌ڕله‌مانی عێڕاق بێت ئه‌و حیزبه‌ نزیكه‌ی ١٦كورسی به‌ده‌ست ده‌هێنێت، جگه‌ له‌وه‌ی به‌شێك له‌سه‌ركرده‌كانی ناڕازین و به‌ره‌ی گه‌لیش له‌ ده‌نگی یه‌كێتی ده‌بات، به‌هاوڕێیانی خۆشه‌ویستم له‌ناو جه‌ماوه‌ری یه‌كێتیی ده‌ڵێم ئاگادرابن به‌دوای كڵاوی بابردوو مه‌كه‌ون، هاواركردن مانای بێ پلانییه‌ بۆ داهاتووی حیزبه‌كه‌تان ، ئه‌وانه‌ی خاوه‌نی پرۆژه‌ن له‌گشت بواره‌كان و خزمه‌تی گشتی توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ هاوارناكه‌ن بۆئه‌وه‌ی به‌وردی بپڕژێنه‌ سه‌ربه‌رنامه‌ی خزمه‌تی داهاتوو، ئه‌وانه‌شی هاوارده‌كه‌ن ناوه‌ڕۆكیان به‌تاڵه‌ ده‌یانه‌وێت په‌یامی خاوه‌ن به‌رنامه‌ی خزمه‌ت به‌ درووستی نه‌گات.
به‌ڵام دڵنیابن ژاوه‌ژاو هیچی پێوه‌نایه‌ت، داوا له‌ حیزبه‌كه‌تان بكه‌ن به‌رنامه‌ی داهاتوو پێشكه‌ش به‌ كۆمه‌ڵگه‌ بكات، بۆئه‌وه‌ی سه‌رنجی جه‌ماوه‌ر بۆ خۆی ڕابكێشێت له‌ ئه‌نجامی شیكردنه‌وه‌ی به‌رنامه‌كان، له‌ ئێستادا به‌رنامه‌ی یه‌كێتی ته‌نها ڕووخانه‌ وه‌ك درووشم بۆ به‌ناگه‌شه‌ هه‌ڵیگرتووه‌، بگره‌ خه‌رابترین جۆری بانگه‌شه‌ی كردووه‌، نه‌یتوانیوه‌ به‌و هاتوهاواره‌ سه‌رنجی خه‌ڵك ڕابكیشێت، ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ته‌نیا شانۆگه‌رییه‌ هیچی لێ شین نابێت.
هیوام وایه‌ خه‌ڵكی كوردستان به‌ وردی سه‌رنجی گوتاره‌كانی بانگه‌شه‌ بدات، ئه‌وكات ده‌زانن حیزبه‌كان چیان له‌ هه‌گبه‌دایه‌، ئه‌وكات ئاشكرا ده‌بێت كێ ده‌یه‌وێت خزمه‌تی خه‌ڵكی كوردستان بكات و به‌په‌رۆشه‌ بۆ پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی.

 

Top