فەرهاد محەمەد  ئەندامی بازنەی گفتوگۆ:   لووتكەی گەشەی دانیشتووان لە وڵاتێكدا دروست نابێت، كە سەقامگیریی سیاسی و ئەمنیی تێدا نەبێت، یان زۆر كەم بێت

فەرهاد محەمەد   ئەندامی بازنەی گفتوگۆ:     لووتكەی گەشەی دانیشتووان لە وڵاتێكدا دروست نابێت، كە سەقامگیریی سیاسی و ئەمنیی تێدا نەبێت، یان زۆر كەم بێت

 

 

فەرهاد محەمەد، ئەندامی بازنەی گفتوگۆ و ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە و سەرنووسەری گۆڤاری گوڵانە و لە گفتوگۆی ئەمجارەدا (پرسی سەرژمێریی گشتی لە عێراق و ڕەهەندە یاساییەكان و ئاكامەكانی) بەم جۆرە بیروبۆچوون و پێشنیارەكانی خۆی خستە ڕوو.

 

بەپێی ئەو مەزندە و خەملاندنانەی وەزارەتی پلاندانانی عێراقی بۆ گەشەی دانیشتووان كردوویەتی، لە ساڵی 2017 ژمارەی دانیشتووانی عێراق بە 37 ملیۆن كەس خەمڵێندراوە، ئێستا كە بەرەو ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتی دەچین، بەپێی ئەو مەزندە و خەمڵاندنانەی بۆ ساڵی 2023 بۆ ڕێژەی دانیشتووانی عێراق كراوە، بە زیاتر لە 43 ملیۆن كەس خەمڵێندراوە، ئەم ئامارە خەمڵێندراوە، پێمان دەڵێت گەشەی دانیشتووانی عێراق ساڵانە لە سەرووی یەك ملیۆن كەسەوە زیاد دەبێت و ڕێژەی گەشەی دانیشتووان بە 2.6% لە ساڵێكدا حیساب كراوە.

بەپێی ئەو بارودۆخە سیاسی و كۆمەڵایەتییەی عێراق لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابردوو (201-2024) پیایدا تێپەڕێوە، ئەو داتا و زانیارییانەی بە مەزندە و خەمڵاندن بۆ گەشەی دانیشتووان دەخرێنە ڕوو، جێگەی گومانن و ناتوانرێت بكرێنە بنەمای توێژینەوەی زانستی و پلانی ستراتیژیی بۆ ئایندە لەسەر دابڕێژرێت، لەبەر ئەم هۆكارانە:

• لە ماوەی ئەم حەوت ساڵەی ڕابردوو لە عێراقدا سەقامگیریی سیاسی نەبووە، لە ئایاری ساڵی 2018 هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجام درا، بەڵام شەش تا حەوت مانگی پێچوو هەتا حكومەتیان پێك هێنا و حكومەتەكەش بە سەرۆكایەتیی عادل عەبدولمەهدی كەمتر لە ساڵێكی پێ نەچوو، ناچاری دەست لەكاركێشانەوەیان كرد و لە ساڵی 2019وە تا ئۆكتۆبەری ساڵی 2022 حكومەت لە عێراقدا حكومەتی كاربەڕێكەر بووە.

• لە ماوەی ساڵانی نێوان 2019 تا 2022 لە عێراقدا بێجگە لەوەی پەتای كۆرۆنا بڵاو بووەوە، لە هەمان كاتدا بەردەوام خۆپیشاندان و توندوتیژی هەبووە و تەنانەت سەقامگیریی ئەمنیش لە عێراقدا نەبووە.

• بەپێی ڕاپۆرتەكانی وەزارەتی دادی عێراقی، ڕێژەی تەڵاق و لەبەریەك هەڵوەشانەوەی خێزان لە عێراقدا ساڵانە 75000 حاڵەتی تێپەڕاندووە، ئەم ئامارە فەرمییە ئاماژەیە بۆ ئەوەی سەقامگیریی كۆمەڵایەتی و خێزان لە كۆمەڵگەی عێراقدا نەك هەر نییە، بەڵكو لە حاڵەتێكی مەترسیداریشدایە.

ئەوەی جێگەی هەڵوەستەكردنە و زیاتر ڕێژەی گەشەی دانیشتووان دەخاتە خانەی گومانەوە، ئەوەیە كە وەزارەتی پلاندانانی عێراقی ئاماژەی بە هیچ ڕاپۆرتێكی وەزارەتی تەندروستی نەكرد بۆ ئەوەی بزانرێت ڕێژەی مردن لە عێراقدا چەندە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ڕێژەی گەشەی دانیشتووان بە جیاوازیی ڕێژەی لەدایكبوون و ڕێژەی مردن بە دروستی دیاری دەكرێن، بەڵام دیارە ڕاپۆرتی وەزارەتی تەندروستی وەك پێویست بەردەست نییە، هەر بۆیەشە لەو ڕێژەیەی بۆ گەشەی دانیشتووان دەخرێتە ڕوو لە نیوان (2.3% تا 2.6%) گەمە دەكات.

ئامانجێكی دیكە لە پرۆسەی سەرژمێریی دانیشتووان ئەوەیە كە پێكهاتەی تەمەنی كۆمەڵگە بە دروستی دیاری بكات، بەپێی خەمڵاندن و مەزندەكانی وەزارەتی پلاندانان ئەوانەی تەمەنیان لە خوار 15 ساڵییەوەیە ڕێژەی 40% دانیشتووانی عێراق پێك دەهێنن، ئەمە لەكاتێكدا وەك د.ئەمین ئیدریسی جەختی لەسەر كردەوە، بە ڕێژەی 14% لە سەرووی ستاندەری جیهانییەوە و، خاتوو نیدا  ئەم جیاوازییەی ناو لێناوە «لووتكەی گەشەی دانیشتووان»، یان وەك بە عەرەبی پێ دەڵێن «الهبة الدیموغرافیة»، بەڵام لووتكەی گەشەی دانیشتووان لە وڵاتێكدا دروست نابێت، كە سەقامگیریی سیاسی و ئەمنیی تێدا نەبێت، یان زۆر كەم بێت.

هەڵوەستەكردنمان لەسەر ئەم لایەنەی پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان، لەبەر ئەوە بوو، فۆڕمی سەرژمێریی دانیشتووان لەسەر بنەمای ئامانجی پەرەپێدان ڕێك خراوە و بڕگە بۆ «نەتەوە، ئایین، مەزهەب» تەرخان نەكراوە. بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە: ئایا ئامانجی ئەم سەرژمێرییە ئەوەیە كە داتا و زانیارییە مەزندە و خەملێندراوەكانی وەزارەتی پلاندانانی فیدڕاڵی بكاتە ڕاستی و دیكۆمێنت لە ئاكامی ئەم سەرژمێرییە گشتییەدا؟ بەداخەوە بەشێك لە بۆچوونەكان بەو ئاراستەیە بوون كە بە ئامانجی سیاسی ئاكامی ئەم سەرژمێرییە گشتییە داتا و زانیارییە مەزەندەكراو و خەمڵێندراوەكان دەكاتە دیكۆمێنت و ڕاستی و، لەسەر بنەمای ئەو داتا و زانیارییانە پلانی پەرەپێدان بۆ ئایندەی وڵات دادەڕژێرێت، كە پێناچێت لەسەر بنەمای داتا و زانیاریی بە گومان پلانی ستراتیژیی سەركەوتوو دابڕێژرێت.

جیا لەم لایەنە، لە ڕوانگەی هەرێمی كوردستان و دانیشتووانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستانەوە، ئەم سەرژمێرییە گشتییە بۆ ئەوەیە نەزانرێت ڕێژەی دانیشتووانە كوردستانییەكەی ناوچە دابڕێنراوەكان چەندن، تا ئەوەی بكرێتە بنەمایەك بۆ ئەوەی كێشەی ئەو ناوچانەی لە چوارچێوەی ماددەی 140 پێ یەكلایی بكرێتەوە و، پاشان ڕیفراندۆم بكرێت بۆ ئەوەی دانیشتووانی ئەو ناوچانە بڕیار بدەن، دەیانەوێت بگەڕێنەوە سەر هەرێمی كوردستان، یان هەر لەگەڵ حكومەتی بەغدا دەمێننەوە، بۆیە لابردنی بڕگەی دیاریكردنی «تەمەن، نەتەوە، مەزهەب» بە هۆكارێكی سیاسی سەیر دەكرێت، بۆ ئەوەی ئاستەنگ بۆ جێبەجیكردنی ماددەی 140 دروست بكرێت و كێشەی ئەو ناوچانە هەر بە هەڵواسراوی بمێنێتەوە، هەروەك چۆن لە ساڵی 2010 كە هەموو ئامادەكارییەكان و بوددجەی پێویست بۆ ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتی تەرخان كرابوو، بەڵام لە دوایین قۆناغدا بەو پێشنیارەی وەزارەتی پلاندانان پرۆسەكە پەكی كەوت، كە لە فۆڕمی ئەو كاتی سەرژمێرییە گشتییەكەدا هەوڵێك درابوو، بۆ ئەوەی نەتەوەی كورد لە ناو هەرێمی كوردستان و لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم بە سەر «كورد، كوردی ئێزدی،كوردی شەبەك» دابەش بكرێت، كە ئەمەش بە تەواوەتی لەلایەن سەركردایەتیی سیاسیی كوردستانەوە ڕەت كرایەوە كە نەتەوەی كورد دابەش بكرێت، سەرەنجامیش پرۆسەی ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە عێراق پەك خرا.

ماوەتەوە بڵێین: هەست بە جۆرێك لە هاوكاری و هەمانگی لە نێوان وەزارەتی پلاندانانی فیدڕاڵی و وەزارەتی پلاندانانی هەرێم و دەستەی ئاماری فیدڕاڵی و دەستەی ئاماری هەرێم دەكرێت و، هەوڵ هەیە بۆ ئەوەی ئەو تێبینی و سەرنجانەی هەرێمی كوردستان لەسەر كۆی پرۆسەكە و ئامادەكارییەكان بۆ پرۆسەكە هەیەتی، بە شێوەیەك لە شێوەكان چارەسەر و یەكلایی بكرێنەوە، بەڵام كاتێك سەیری ئەو ماوە كورتە دەكەین كە لە بەردەممانە بۆ ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتی و هەتا ئێستا قۆناغی «گەمارۆدانان و ژمارەدانان» كە قۆناغی پێش كۆتایی پرۆسەی سەرژمێریی گشتییە و هێشتا لە هەرێمی كوردستان دەستی پێ نەكردووە، لەمەش زیاتر سەنتەری داتای هەرێم تەواو نەبووە، ئەوا ناتوانین بەو ئاستە گەشبین بین، كە لەو كاتەی بۆ ئەنجامدانی ڕاپرسیی گشتی دانراوە، بەسەركەوتوویی بەڕێوە بچێت.

 

Top