لیژنەی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان : گفتوگۆی دەنگیی نێوان بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانییە و باسی ساختەکردنی هەڵبژاردن دەکەن و سووکایەتی بە بنەماڵەی شەهیدان و پێشمەرگە دەکرێت

لیژنەی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان :   گفتوگۆی دەنگیی نێوان بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانییە و باسی ساختەکردنی هەڵبژاردن دەکەن و سووکایەتی بە بنەماڵەی شەهیدان و پێشمەرگە دەکرێت


لیژنەی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ سەرپەرشتیی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، لە راگەیێندراوێکدا دەڵێ دەنگی تەلەفۆنێکی نێوان بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەستکەوتووە.

بەپێی ئەو راگەیێندراوەی پارتی کە ئەمڕۆ 8-10-2024، بڵاوکراوەتەوە "دوای بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵیی عێراق، لە چەندین شوێن لەبارەی رێکارەکانی ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن نیگەرانیمان دەربڕیوە، بێگومان نیگەرانییەکانمان بەرمەبنای زانیاری بوو، بەڵام ئەوکات بەڵگەمان لەبەردەست نەبوو."

لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی پارتی هاوپێچ لەگەڵ راگەیێندراوەکەیدا فایلێكی دەنگیی بڵاوکردەوەتەوە و دەڵێ ئەوە گفتوگۆی دەنگیی نێوان بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانییە و باسی ساختەکردنی هەڵبژاردن دەکەن و لە گفتوگۆکەدا سووکایەتی بە بنەماڵەی شەهیدان و پێشمەرگە دەکرێت.

یەکێتی نیشتمانیی کوردستان تائێستا هیچی لەبارەی ئەو راگەیێندراو و فایلە دەنگییە رانەگەیاندووە.

Top