هه‌ڵبژاردن له‌ناو ئاگری جه‌نگ

هه‌ڵبژاردن له‌ناو ئاگری جه‌نگ


هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌ڕله‌مانی كوردستان له‌هه‌ستیارترین دۆخی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ڕێوه‌ده‌چێت‌، به‌گشتی ناوچه‌ی ئێمه‌ به‌كاتێكی مه‌ترسیدارتێده‌په‌ڕێت، بۆ كوردستان دۆخه‌كه‌ ته‌واو جیاوازه‌ له‌وڵاتانی تری ناو ئاگری جه‌نگ و هه‌ڕه‌شه‌، بۆخۆپارێزی و پێچه‌وانه‌كردنه‌وه‌ی مه‌ترسی و زیانه‌كان بۆ سوود گه‌یاندن و به‌ركه‌وتنی پشكی شێر یان لانیكه‌م پارێزگاری له‌به‌ركه‌وتنی پڕووشكی جه‌نگی ئاسمانی ده‌بێت به‌وردی هه‌نگاوی داهاتوو بهاوێژین.
هه‌رێمی كوردستان له‌كڕۆكی مه‌ترسی جه‌نگه‌ له‌خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست؛ به‌هۆی بوونی به‌ره‌ی مقاوه‌مه‌ی ئێران له‌ عێڕاق، ئه‌وه‌ش ڕاسته‌خۆ مه‌ترسی درووست ده‌كات، بۆیه‌ نابێت ڕێگه‌ بدرێت كوردستان بكرێته‌ حه‌شارگه‌ی سه‌ركرده‌كانی به‌ره‌ی مقاوه‌مه‌، چونكه‌ ڕوونه‌ ئیسرائیل له‌ ئێستادا بایه‌خی زۆر به‌ هه‌وڵگری ده‌دات و ئامانجه‌كانیشی پێكاون.
پێم وایه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رده‌م مه‌ترسییه‌؛ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ چاره‌نووسی كوردستان یه‌كلایی ده‌كاته‌وه‌، ئه‌وانه‌ی بانگه‌شه‌ی ڕووخانی كوردستان ده‌كه‌ن ڕاست ده‌ڵێن مه‌به‌ستیانه‌ كوردستان ڕاسته‌خۆ بخه‌نه‌ ژێر سێره‌ی موشه‌كه‌كانی ئیسڕائیل به‌په‌نادانی سه‌ركرده‌كانی به‌ره‌ی مقاوه‌مه. پێویسته‌ هه‌موومان به‌ده‌نگ له‌و هه‌ڵبژاردنه‌ پارێزگاری له‌قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ین و مه‌ترسیه‌كان له‌سه‌ر ژیانمان بڕه‌وێنینه‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ی تێبینی درووشمه‌كانم كردووه‌ ته‌نها پارتی زامنی ئارامی كوردستانه‌ شایه‌نی ئه‌وه‌یه‌ هه‌موومان پشتگیری بكه‌ین بۆئه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كان بگۆڕێت بۆ ده‌ستكه‌وت.
پارتی ده‌توانێت هاوسه‌نگی له‌نێوان هێزه‌كان ڕابگرێت، له‌سه‌ربنه‌مای سۆز سیاسیه‌ت ناكات، بگره‌ دووربینه‌ به‌ته‌واوی شیته‌ڵی دۆخه‌كان ده‌كات ئه‌وكات به‌ هێمنی هه‌نگاو ده‌نێت، ئه‌وه‌ی له‌سیاسه‌ت و بانگه‌شه‌ی پارتی ده‌بینم له‌هێزه‌ سیاسییه‌كانی تری كوردستان هه‌ستم پێ نه‌كردووه‌، ئه‌وحیزبه‌ ده‌توانێت سه‌رجه‌م هێز و لایه‌نه‌كان له‌ناوخۆی كوردستان كۆبكاته‌وه‌.
سه‌ركه‌وتنی پارتی له‌و دۆخه‌ ناله‌باره‌ هێزه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان، و دڵنیاییه‌ بۆ ئارامی و نه‌چوونه‌ پاڵ هێزه‌ ناكۆكه‌كان ته‌نیا له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان نه‌بێت، گرینگه‌ ده‌نگده‌رانی كوردستان له‌هه‌ڵبژاردنی ئه‌وجاره‌ به‌شداری ڕاسته‌خۆ و كارایان هه‌بێت بۆ پاراستنی هه‌رێمی كوردستان و ده‌ستكه‌وتی زیاتر. ڕوونه‌ سه‌ركه‌وتنی پارتی سه‌ركه‌وتن و ئارامی كوردستان به‌دوای خۆی ده‌هێنێت.

 

Top