هەڵتۆقینی خیانەت؛ لە گەرمەی شۆڕشی ئەیلوول..؟!

هەڵتۆقینی خیانەت؛ لە گەرمەی شۆڕشی ئەیلوول..؟!


دەسپێکی شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی کورد لە ڕووی پلانی سەربازی و ئازایەتی پێشمەرگەی کوردستان خاوەنی تۆمارێکی مێژوویی تژی داستانی سەرکەوتن دوای سەرکەوتن بووە؛ لە بەرانبەر ئەرتەشی داگیرکەری حکومەتە جیاوازەکانی ئێراقدا..

ئەگەر لە مێژووی هاوچەرخی بەرخودانی نەتەوەیی کوردا شۆڕشی ئەیلوول وەک نموونەیەکی هەرە زیندوو وەربگرین دەبینین دەسیسەی ناوخۆیی بە پاساوی بیروڕای جیاواز کە ئەم بۆچوونە بەتاڵە بیانگەیەکی هەرزەییانەی سیاسی بووە بۆ ئەوەی شەرعیەتێکی فیکری بەڕەوتی خۆفرۆشی بدەن..! لە نێو قووڵایی شەڕو پێدادانی چەکداری لە گەرمەی شۆڕشی ئەیلوولی نەتەوەییدا فرەیی سیاسی و ڕوانگەی جیاواز نەکاتەکەی گونجاو بووە، نە فەلسەفەی زانستی سیاسی زانایانی سەردەمەکەش لە ئازادی نەتەوەی کوردو بەهای ڕزگاری نیشتیمانی بایەخدارتربوون.

دیاردەی پیلانگێڕان لە مێژوودا دژی چارەسەرکردنی کێشەی کورد چەند بارەبوونەوەی شکستی چوونیەکی ڕووداوە سیاسیی و سەربازییەکان بووە لە قۆناغە جیاجیاکانی مێژووی شۆڕشەکانی کوردستاندا..
لێرەوە دەتوانین کاراکتەرە سەرەکی و لاوەکییەکان دەست نیشان بکەین کە بوونەتە هۆکاری شکستپێهێنانی کاتەکی شۆڕشەکانی کورد..
لەوانە:
(١) ئاڕاستەی خیانەتی ناوەخۆیی لە لایەک کە حکومەتەکانی ئێراق بۆ لاوازکردنی ڕیزی تۆکمەی شۆڕش وەک کرێگرتە بەکاری هێناون..

(٢) پیلانگێڕی دوو لایەنەی حکومەتی ئێراق لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ کە بەهۆی داگیرکردنی بەشێکی خاکی کوردستانی گەورەوە بەسەر ئەم سێ دەوڵەتە... تورکیا، ئێران، سووریا، ئەمانەش هەموویان لە سەر دژایەتی چارەسەری دۆزی کورد کۆکن..
(٣) پەیوەندی حکومەتی ئێراق بە نیازی پیلانگێڕی دژی شۆڕشی کوردستان بە وڵاتانی زلهێزی جیهانەوە بەتایبەتیش ئەمریکا..

ئەم ڕووداوە کارەستبارانەی بەسەر کوردا هێنراون بەژداری دەوڵەتگەلێک لە مێژووی ڕەشی دوو دەیەی سەدەی ڕابردووەوە بەردەوامی هەبوو تاوەکو نزیکبوونەوە لە کۆتایی سەدەی بیست..؟ سەرئەنجامەکەی چنینەوەی نائومێدی بووە بۆ گەلی ستەملێکراوی کوردستان..

هەر بۆیە لە گەرمەی شۆڕشی ئەیلوول سەرەتا تەفرەقە خرایە نێو مەکتەبی سیاسی پارتی و هەوڵیشیاندا ئەو ئاژەوە گومانبارە شۆڕبکەنەوە ناو ڕیزەکانی هێزی یەکگرتووی پێشمەرگەی کورستان، بەڵام شکستیان خوارد..؟ ناکۆکی نێوان کوردو کورد لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول ئەگەر لادەرانی ڕێبازی کوردایەتی دەنگێکی کزو لاوازیش بووبن بێ کاریگەری نەبووە، یەکێک لە لێکەوتە خراپەکانی ڕێخۆشکردن بوو بۆ دەستوەردانی مخابەراتی ئێراق و هەوڵدان بۆ گەورەکردنی ئەو کەلێنە بچووکەی کەوتبووە نێو ڕیزەکانی شۆڕشەوە.. پەیوەندی ژێر بەژێری حکومەتی ئێراق و دەوڵەتانی هەرێمی و زلهێزانی جیهان سەرەنجام دەرکەوت پێشینەیەکی گەلەکۆمەی بەرژەوەندی هاوبەشی ئەو لایەنانە هۆکارگەلێکی ڕێگربوون لەوەی شۆڕشی ئەیلوول بگاتە ئامانجە سەرەتاییەکانی کە وەک ستراتیژ دیمۆکراسی بۆ ئێراق و وەک تەکنیکی ئەو قۆناغ مافی ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان بوو.. لە ڕوانگەی ستراتیژیی دوور مەوداوە ئومێدی ئەوەش هەڵچنرابوو ناوچەی حوکمی زاتی پەرەبستێنێ و بەپێی قۆناغبەندی لە باری ڕەوشی سیاسی هەرێمی و نێودەوڵەتی بەرەو فیدڕاڵیەت و کۆنفیڕاڵی و تاگەیشتن بە خەونی گەورەی نەتەوەی کورد کە مافی بڕیاردانی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیەتی لە سەر خاکی نیشتیمانەکەی..؟

زلهێزانی دونیا لە نیوەی سەدەی ڕابردوودا لە ڕووی پاڵپشتی سیاسی و سەربازییەوە هێزگەلێکی یەکلاییکەرەوەبوون ئامادەبوون دەرئەنجامی شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی باشووری کوردستان بکەنە قوربانی بەرژەوەندییەکانی خۆیان.

شۆڕشی ئەیلوول ئەو دەرفەتە زێڕینەنەبوو بۆ یەکەمینجار وەک قۆناغی یەکەم گەلی کوردستانی دەگەیاندە ئامانجە سیاسییەکان لە بەدەستهێنانی مافی ئازادی و دیمۆکراسی بەدروشمێکی واقیعبین و لە بەرچاوگرتنی هەل و مەرجی نێودەوڵەتی و هەڵکەوتەی ڕەوشی سیاسی و سەربازی هەرێمی ئەوسای ناوچەکە بەگشتی.. کە بریتی بوو لە: دیمۆکراسی بۆ عێڕاق و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان..

حکومەتی ئەوسای ئێراق و دەوڵەتانی دەرودراوسێ و زلهێزانی دونیا ئامانجی ئەم شۆڕشەیان بە گەورەترین مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی خۆیان زانی..؟
لە کاتێکدا دروشمی مەرکەزی شۆڕش بریتی بوو لە دیمۆکراسی بۆ ئێراق و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان. واتە ناوەڕۆکی دروشمەکە لە گەڵ هەل و مەرجی قۆناغی ئەوسای سیاسەتی هەرێمی و نێودەوڵەتی تەواو گونجاوبوو..
تەنیا سێ (٣) ساڵ دوای دەسپێکی چەخماخەی شۆڕشی ئەیلوولی خوێناوی لە ١١-ی ئەیلوولی ساڵی ١٩٦١ وەک یەکەمین شۆڕشی سەرانسەری کوردستانی بەڕابەرایەتی مەلامستەفای بارزانیی بڵێسەی شۆڕش زۆر بەخێرایی گەشەی سەندو گەورەترین هیواو ئومێدی بۆ ئازادی لە هزرو ناخی هەموو تاکێکی کورد لە کوردستانی ئێراق و بەشەکانیتری کوردستان و ئازادیخوازانی ئێراقیش دروست کرد...
هەر بۆیە لێکترازانی یەکگرتوویی کورد- کورد- لە سەردەمی خەباتی چەکداری شاخەوە لە چەند وێستگەیەکی قۆناغی شۆڕشی ئەیلوول دەسپێک ساڵی ١٩٦٤ ڕەوتی خۆفرۆشی بە دنەدانی برایم ئەحمەد ئینشیقاق لە مەکتەبی سیاسی پارتی ڕوویداو بوو بە دوو بەشەوە..

لە گەرمەی هەڵچوونی شۆڕشی ئەیلوول هاوکات هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە بەرەکانی شەڕی بەرگریدا چۆکی بە ئەرتەشی داگیرکەری ئێراق دادابوو دەرەفەتێکی زێڕین بوو تاوەکو شۆڕش زووتر ئامانجە نەتەوەییەکانی بچنێتەوە..
لەم کاتە هەستیارەدا دەزگا نەهێنییەکانی حکومەتی بەعس دەسیسەی ناپاکی ناو شۆڕشی ئەیلوولی بەکارهێنا تا سەرەنجام لە 29/ی حوزەیرانی ساڵی 1966- لێکترازانی کرداری ڕوویداو برایم ئەحمەدو مام جەلال و دارو دەستەکەیان خۆیان خستەوە باوەشی دوژمن و هانایان بۆ ئەرتەشی داگیرکەری ئێراق برد؟؟
تا گەیشتن بە ساڵی 1969 لەم ساڵەدا لە سەرانسەری بەرەکانی شەڕی بەرگریدا لە سەر دەستی شۆڕشگێڕانی ئەیلوول هێزەکانی ئێراق ڕووبەڕووی گەورەترین شکستی سەربازی کرانەوە.. دواتریش شکستی سیاسی حکومەتی ئێراقی بەدواداهات و ساڵی ١٩٧٠ بەعس ناچاری دانوستان کرا..

تا گەیشتن بە ڕێکەوتننامەی ١١ی ئازاری ١٩٧٠ لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەلا مستەفا بارزانیی و حزبی بەعس مۆر کرا.. لە ڕووی مێژووییەوە بەیەکەمین دەستکەوتی سیاسی و یاسایی دادەنرێت لە دانپێدانانی حکومەتی فەرمی ئێراق بە مافی ئۆتۆنۆمی کوردستان.. ناوەڕۆکی ڕێکەوتنەکە پێکهاتبوو لە ٢٢ مادە پاکێجێکی مێژوویی بەهاداربوو.. بۆ جێگیربوونی مافی ئۆتۆنۆمی گەلی باشووری کوردستان لە چوارچێوەی ئێراقدا..
ناوەڕۆکی ڕێکەوتننامەی ١١ی ئازار بەرھەمدانەوەی شۆڕشی ئەیلولی خوێناوی بوو.. لە سەر دەستی مەلا مستەفا بارزانی وەدیهات.. دەسپێکی قۆناغێکی تازەی هێنایە ئاراوە..
جێبەجێکردنی کڕۆکی ڕێکەوتننامەکە مەرجێکی بنچینەیی بوو بۆ ئەوەی ئاشتی و ئارامی لە ئێراقدا بەردەوام بێت.
بەڵام حزبی بەعس خۆی لە جێبەجێکردنی دزیەوەو دوای خۆ بەهێزکردنەوەی ساڵی ١٩٧٤ شەڕی دژی کورد دەست پێکردەوە. تا ساڵی ١٩٧٥ ڕێکەوتننامەی شوومی جەزائیر لە نێوان سەدام حوسێن و محمد ڕەزاشای ئێران بە ئاگاداری سەرۆکی جەزائیر مۆرکرا.. ئێراق و ئێران لە سەر ئەوە ڕێکەوتن ئێران یارمەتی لۆجیستی بۆ شۆڕشی کورد ڕابگرێت. لە ئازاری ١٩٧٥ ئەم رێکەوتننامەیە خێرا چووە واری جێبەجێکردنەوە..

بەڵام لە دەرئەنجامی دانوستان و زمانی گفتوگۆوە بۆ چارەسەری ئاشتیانەی کێشەی کورد دواجار پەشیمانبوونەوەی حکومەتی ئێراق لە جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ڕێکەوتننامەی ١١ ئازاری ١٩٧٠ پەنای بۆ پیلانگێڕی برد؛ لە ڕێی گەلەکۆمەی زلهێزانی جیهان و دەوڵەتانی داگیرکەری بەشەکانیتری خاکی کوردستان وەک تورکیا، ئێران، سووریا، خودی ئێراقیش، کە بەهۆی گەمارۆدانی جیۆپۆلیتیکی جوگرافیای وشکانیی خاکی باشووری کوردستانەوە سەرکردایەتی شۆڕش ناچار بڕیاری وەستانێکی کاتەکی داوە بۆ ئەوەی خوێنێکی زۆری پێشمەرگەو هاوڵاتیانی کورد بەهەدەر نەڕژێت.. بەم سەرەنجامەش جۆش و خڕۆشی شۆڕشگێڕانی کورد بۆ ماوەیەکی کاتەکی دامرکایەوە..؟
دەرەنجامی ئەو ڕێکەوتننامەیە کە بەپیلانی شوومی جەزائیر ناسراوە، ئێراق دەستی لە کەنداوی عەرەبی ئەو بەشەی دەکەوێتە سنووری خاکی ئێراقەوە لە بەرانبەر ڕاگرتنی پشتیوانی لۆجیستی لە لایەن موحەمەد ڕەزاشای ئێرانەوە بۆ شۆڕشی کورد هەڵگرت و بەخشی بەئێران ئێرانیش ناوی گۆڕی بۆ کەنداوی فارس؟ ئەمریکاش وەک هێزێکی بەرژەوەندیخوازی جیهانی ئاگادارو بەژداری ئەو پیلانگێڕییەبوو دژی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان..؟ بەمجۆرە بەشێوەیەکی کاتەکی تەنها لە ڕووی چەکدارییەوە شۆڕشی ئەیلوول تووشی نوشست بوو.

Top