سەرۆک مەسعود بارزانی: ئەوەی زمانی درێژە، دەستی کورتە

سەرۆک مەسعود بارزانی: ئەوەی زمانی درێژە، دەستی کورتە

سەرۆک مەسعود بارزانی لە ڕێوڕەسمی بە فەرمی دەستپێکردنی بانگەشەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە جێگرانی سەرۆکی پارتی و ئەندام و لایەنگرانی پارتی و کاندیدانی لیستی 190ـی پارتی تیایدا ئامادە بوون، گوتی: هەرێمی کوردستان بەرهەمی خوێنی شەهیدانە، خوێنی ئەنفالکراوانە، خوێنی پێشمەرگە قارەمانەکانە، ڕەنجی خەڵکی کوردستانە. گوتیشی: ئەوەی زمانی درێژە، دەستی کورتە.

چوارشەممە 25ـی ئەیلوولی 2024، سەرۆک بارزانی بارزانی لە ڕێوڕەسمی بە فەرمی دەستپێکردنی بانگەشەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە گوتارێکدا،  پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان کرد کە لە 25ـی ئەیلوول، کە ڕۆژی ڕیفراندۆم بوو، بڕیاری دا نەهێلی ئیرادەی بشکێت و خۆی نەچەماند.

سەرۆک بارزانی گوتی: لەم ڕۆژەدا بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان دەستی پێ کرد و هیوای سەرکەوتن بۆ کاندیدەکان دەکەم. پشت بەخوای گەورە و بە هیممەتی دڵسۆزانی کوردستان و بەفەرموودەی بارزانی نەمر، هەموو کوردێکی دڵسۆز پارتییە، بە هیممەتی پارتییەکان خۆمان ئامادە دەکەین بۆ ڕۆژی ئۆکتۆبەر و سەرکەوتنی گەورە بەدەست دێنین، دەبێت بڕواتان بەخۆتان هەبێت و بە ئومێدی بەرزەوە و متمانەی بەهێزەوە خۆتان ئامادە بکەن، دەبێت زیاتر بڕواتان بە سەرکەوتن هەبێت و نابێت بیر لە شکست بکرێتەوە، پێویستە هەر یەکێک لە ئێوە خۆی ئامادە بکات سەر بکەوێت و سەریش دەکەوین، پشتیوان بەخوا.

سەرۆک بارزانی گوتی: بۆ هەرێمی کوردستان کەس خێری پێمان نەکردووە، ئەو هەرێمە بەرهەمی خوێنی شەهیدانە، خوێنی ئەنفالکراوانە، خوێنی پێشمەرگە قارەمانەکانە، ڕەنجی خەڵکی کوردستانە، پارتی شەرەفێکی گەورەی بەرکەوتووە خوێنێکی زۆری داوە بۆ دەستخستنی ئەو دەستکەوتە مەزنە و پاراستنی ئەو دەستکەوتە مەزنە.

سەرۆک بارزانی گوتیشی: من لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی بێپایانی هاووڵاتیانی کوردستان بکەم بۆ خۆڕاگریان و پشتیوانیان بەرامبەر بەو پیلانانەی دەرەکی و بە چاوساغی هەندێک لە ناوخۆ کە ویستیان هەرێمی کوردستان تێک بدەن، تەحەموولیان کرد و سەبری ئەیوبیان هەبوو، خۆیان ڕاگرت و هەرێمەکەیان پاراست، سوپاسیان دەکەم و پیرۆزباییان لێ دەکەم.

گوتی: پارتی بڕوای بە ئاشتی و دیموکراتی و  پێکەوە ژیانە، بە کردەوە سەلماندوویەتی، نەوەک بە قسە؛ ئێمە مەبەست و ویستمانە خەڵکی بەختەوەر بێت، لە ژیانێکی خۆشدا بێت، ئێمە ئاواتمان خۆشگوزارەنی خەڵکی کوردستانە.

سەرۆک بارزانی گوتی: داوا دەکەم لەو هەڵبژاردنە زۆر لەسەرخۆ بن، دوور لە توندوتیژی، لە بەکارهێنانی زمانی زبر، ڕاتان نەکێشن بۆ شەڕێکی لا بەلا، سەنگی خۆتان و پارتەکەتان بپارێزن، زۆرجار وەڵامنەدانەوەی خەڵکی بێ مەسئولییەت وەڵامدانەوەیە، وەڵامنەدانەوە خۆی وەڵامدانەوەیە. ئەگەر پێویست بە وەڵامدانەوە بکات دەبێت بەشێوەیەکی مەدروس بێت، ئەگەر لە حاڵەتێک کە وەڵامێک پێویست بوو، ئەوەتان لەبیر نەچێت، ئەوەی زمانی درێژە، دەستی کورتە.

سەرۆک بارزانی، دەڵێت: ئەرکی هەموو هەڤاڵێکی پارتییە کە ڕۆژی 20ـی مانگی داهاتوو هیمەت بکات و خۆی و دەوروبەری هەموویان بچنە سەر سندووقی دەنگدان و دەنگ بە لیستی 190ـی پارتی بدەن. لیستی 190، لیستی پاراستنی کەرامەتی خەڵکی هەرێمی کوردستانە و لیستی پێشمەرگە و شەهیدانە.

سەرۆک بارزانی داوا لە کاندیدەکانی پارتی دەکات کێبڕکێی یەکدی نەکەن؛ هەر کامیان دەربچێت هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازێت، هاوکات داواکارە بەڵێنی گەورە نەدەن کە دواتر نەتوانن هەم پارتی هەم خۆیان جێبەجێی بکەن. هاوکات دەڵێت: ئەو بەڵێنانە بە خەڵک بدرێت کە قابیلی جێبەجێ کردنن، هەروەها با دەنگتان بەرز نەبێت بەڵکو با ڕەفتارتان بەرز بێت.

سەرۆک بارزانی دووپاتی کردەوە، کە پارتی دەستی برایەتیی بۆ هەموو لایەنێک درێژ دەکات، هەروەها ئەگەر لایەنێکیش وا هەست بکات بە دژایەتی پارتی زیاتر شتی دەست دەکەوێت، ئەوا با پەند لە مێژوو وەربگرێت باشترە. جەختی لەوەش کردەوە، پارتی حزبی باڵباڵێن نییە، پارتی یەک حزبە و یەک بڕیارە.

هەروەها گوتی: زۆر کەس خەویان بەوە دەدیت کە لەناو پارتی جیاوازی دەکرێت و لەناو پارتی باڵباڵێن هەیە، بەڵام خەونەکانیان لەگەڵ خۆیان بردە ناو گۆڕ و ئەوانەی ئێستاش دەبێت خەونەکانیان ببەنە ناو گۆڕ.

لەبارەی پەیوەندی هەولێر و بەغدا، سەرۆک بارزانی، ڕایگەیاند، بە خۆشحاڵییەوە ئێستا هەولێر و بەغدا لێکتێگەیشتنی باشیان لەگەڵ یەکدی هەیە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هەموو شێوەیەک لەسەر هێڵە لەگەڵ حکوومەتی عێراق بۆ ئەوەی کێشەکان چارە بکات.

سەرۆک بارزانی باسی لە پێدانی چەک بە پێشمەرگە دەکات و دەڵێت: چەند ڕۆژێک لەمەوبەر گوێمان لە هەندێک شۆڤێنی بوو کە گوتیان نابێت چەک بە پێشمەرگە بدرێت. ڕەخنەیان گرتووە کە چەند تۆپهاوێژێک ڕادەستی پێشمەرگە کراون. وەڵامی من بۆ ئەوان ئەوەیە؛ هێزی پێشمەرگە دارێکە بە خوێنی شەهیدان و فرمێسکی دایکی شەهیدان ئاو دراوە.

سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا، ناوی پێشمەرگە و ئەرکی پێشمەرگە زۆر پیرۆزە، پێشمەرگە بە بڕیاری کەس دروست نەبووە و بە بڕیاری کەسیش تێک ناچێت، پێشمەرگە بە ئیرادە کوردستانی پاراستووە، هیچ کاتێکیش هێزی پێشمەرگە مەترسی نەبووە. بەڵام مەترسی لەسەر عێراق و ناوچەکە ئەو بیرکردنەوە شۆڤێنییەیە کە هێشتا ماوە.

سەرۆک بارزانی باسی لەوە کرد، دوای 20ـی ئۆکتۆبەر هەموو جیهان چاوی لە ئێمەیە و بۆ ئەوەی بزانن پەرلەمانی داهاتوو چۆن دەبێت. جەختی لەوەش کردەوە، دەبێت پەرلەمانی داهاتوو پەرلەمانێک بێت سەنگ و قودسیەت بگەڕێنێتەوە بۆ پەرلەمان.

سەرۆک بارزانی هیوا خواست، دوای 20ـی ئۆکتۆبەر یەک هەرێم، یەک پەرلەمان، یەک حکوومەت، یەک هێزی پێشمەرگە هەبێت و هەروەها کۆتایی بێت بە هەرچی کارای نایاساییە.

لە کۆتایی گوتارەیەکەیدا سەرۆک بارزانی، دەڵیت: ئەوەی گلەیی و ڕەخنەی هەیە با دوای بخات بۆ دوای هەڵبژاردن، هاوکات بەڵێنی دا و گوتی: دوای هەڵبژاردن چاکسازی لەنێو خۆمان دەکەین ئینجا داوا لە خەڵکی دیکە دەکەین چاکسازی بکەن.

سەرۆک مەسعود بارزانی: ئەوەی زمانی درێژە، دەستی کورتە
Top