دونیا موحەرەم بۆ گوڵان: پێویستە لە فیلم و دراما كوردییەكاندا كلتووری كوردی نەبەزێنرێت

دونیا موحەرەم بۆ گوڵان: پێویستە لە فیلم و دراما كوردییەكاندا كلتووری كوردی نەبەزێنرێت

دونیا موحەرەم خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە، ئێستا لە شاری هەولێر نیشتەجێیە و لە بواری هونەریدا وەك مەیكئەپ و ئەكتەری كار دەكات، لە دەرفەتێكدا چەند پرسیارێكمان ئاراستەی كرد دەربارەی كارەكانی و هۆكاری سەركەوتنی لەو بوارانەدا.

*وەك خانمە ئەكتەرێكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان تا چەند دەتوانن لە هەرێم بە ئازادانە كارەكانی خۆتان ئەنجام بدەن؟

-ئێمەی كوردانی ڕۆژهەڵات تەنیا لە كاری هونەریدا ئازادانە كار ناكەین، بەڵكو لە گشت بوارەكانی دیكەشدا ئازادانە كار دەكەین.

*چۆنە لە دوو بواری هونەریدا كار دەكەیت، ئایا دەتوانیت لە هەردووكیان سەركەوتوو بیت؟

-سوپاس بۆ خوا كە خانەوادەكەم بەردەوام  هاوكار پاڵشتمن و بۆیە دەتوانم سەركەوتووبم.

دونیا موحەرەم بۆ گوڵان: پێویستە لە فیلم و دراما كوردییەكاندا كلتووری كوردی نەبەزێنرێت

*ئایا دەتوانیت بەكاری هونەری بژێوی ژیانت دابین بكەیت؟

-بەڵێ دەتوانم بە سادەیی بژیم لە ساڵێكدا دەتوانم دوو جار سەفەر بكەم و خۆم بژێینم یەك خانووم هەیە، سوپاس بۆ خوا حەز دەكەم كە مۆڵەتی شۆفێریم بەدەست هێنا ئۆتۆمبێلێكی بچوكیش بكڕم.

*لە ڕووی مەیكئاپەوە تاچەند توانیومانە داهێنان بكەین و سەركەوتوبین و جیاوازیمان نەبێت لەگەل ولاتانی دیكە؟

-لە ڕووی مەیكئاپ لە ئاستێكی باش داین و بەرە و پێشتریش دەڕۆین، لە ئێستادا پێشبڕكێی مەیكئاپی جیهانی دەكەین.

*شوێنی تایبەت بە خۆت هەیە بۆ كاری مەیكئەپ؟

-بەڵێ بە دڵنیاییەوە، ئێستا لە ئارایشتگایەكدا كاری مەیكئەپ ئەنجام دەدەم.

*هەندێك لە هونەرمەندان دەڵێن كاتی ئەوە هاتووە لە فیلم ودرامای كوردیدا ئازادیی زیاتر هەبێت، تۆ تاچەند لەگەل ئەو بۆچوونە دایت؟

-من لەگەل ئەو بۆچوونە نیم، چونكە ئەوە لە كلتوری كوردی دوورە، بەڵام دەتوانین سۆزی خۆشەویستی بۆیەك دەرخستن بە شێوازێكی تر نیشان بدەین، ماچی دەست و نێوچەوان ئاساییە، بەڵام پێویستە لە فیلم ودراما كوردییەكان كلتورو دابونەریتی كوردی نەبەزێنرێت.

*تاچەند لەگەل هونەرمەندەكانی كوردستان ئاسوودەیت؟

-كوردستان هونەرمەندی جوان و باشی تیاییە زۆر ڕۆشنبیر و زیرەكن بۆیە زۆر ئاسوودەم لەگەڵیان.

*حەز دەكەیت بەشداری لە فیلمێكدا بكەیت جدی بێت، یان كۆمیدی؟

-بێگومان حەز لەكاری جددی دەكەم.

*بەكام ئەكتەری كورد سەرسامیت ؟

-سەرسامم بە هونەرمەندی بە توانا نزار سەلامی.

*ئەكتەری و نواندن بۆ تۆ حەز بووە یان لە بواری ئەكادیمیش خوێندووتەوە؟

-سەرەتا وەك حەز ڕووم لە بواری هونەری كرد، بەڵام دواتر بە ئەكادیمیش خوێندم.

*وەك ئافرەتێكی ڕۆژهەڵاتی ئەو ئاستەنگانە چین كە ڕووبەڕووت بوونەتەوە لە بواری هونەریدا؟

-سوپاس بۆ خودای گەورە بە پشتگیری و پشتیوانی خانەوادەكەم لە كارەكانمدا ڕووبەڕووی هیچ ئاستەنگێك نەبوومەتەوە كە بۆ من زەحمەت بن.

*ماوەیەكە لە باشووری كوردستان دەژیت، چ جیاوازییەكت هەست پێكرد لە نێوان ئێرە و ڕۆژهەڵات لە بواری هونەریدا، بەتایبەتی بۆ ئافرەتان؟

-لێرە وەك پێویست ڕێز لە هونەرمەندان و كاری هونەری ناگیرێت، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پشتگیری لە هونەرمەند و ئەكتەران ناكرێت، چونكە بە داخەوە تا ڕاددەیەك داخراون، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان زیاتر ڕێز لە هونەرمەندان دەگیرێت و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پشتگیرییان لێ دەكەن.

*ئافرەتانی ڕۆژهەڵاتی جۆرە بوێرییەكیان تێدا بەدی دەكرێت لە ئەنجامدانی كاری هونەری، پێتوایە ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟

-ئافرەتان بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە كار كردندا وریان، لە دێرزەمانەوە بە بەهێزی و چاونەترسی ناوبانگیان دەركردووە.

*تا ئێستا بەشداریت لە چەندی كاری نواندندا كردووە؟

-ئەو كارانەی بەشداریم تێیدا كردووە زۆر بووە دەتوانم بڵێم لە ژمار نایەن.

*هیچ ئۆفەرێكت پێشكەش كراوە بۆ بەشداریكردن لە كاری سینەماییدا؟

-بەڵێ ئۆفەری كاری هونەریی زۆرم پێشكەش كراوە.

*كاری ڕیكلام لە كوردستان چۆن دەبینی؟

-بەرەو پێشچوونی زۆری بە خۆیەوە بینیەوە، بەڵام بە گشتی بزنسمانەكان بە شێوەیەكی كەم كارەكانیان لەسەر شاشەكان نمایش دەكەن، ئەمەش وای كردووە كە وەك پێویست نەبێت، هیوادارم لە داهاتوودا بواری ڕیكلام لە كەناڵەكان و لە سۆشیال میدیادا پێشڤەچوونی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.

Top