نێكۆڵاس ڤێرۆن توێژەری باڵا لە ئەنستیتیوتی پێتەرسۆن بۆ ئابووریی نێودەوڵەتی لە واشنتۆن دی سی بۆ گوڵان:   سەركەوتووترین سزا بلۆككردنی پارەكانی ڕووسیا بووە

نێكۆڵاس ڤێرۆن  توێژەری باڵا لە ئەنستیتیوتی پێتەرسۆن بۆ ئابووریی نێودەوڵەتی لە واشنتۆن دی سی بۆ گوڵان:     سەركەوتووترین سزا بلۆككردنی پارەكانی ڕووسیا بووە

 

نێكۆڵاس ڤێرۆن، توێژەری باڵایە لە ئەنستیتیوتی پێتەرسۆن بۆ ئابووریی نێودەوڵەتی لە واشنتۆن دی سی. لە توێژینەوەكانیدا بایەخ بە چەند پرسێكی گرنگ دەدات، وەك سیستمە داراییەكان، چاكسازی دارایی لە جیهاندا، لە نێویاندا دەستپێشخەرییە داراییە جیهانییەكان و ئەو پەرەسەندنانەی لە ئێستادا لە نێو یەكێتیی ئەوروپادا ڕوودەدەن، بەم دواییەش چەندین وتاری نووسیوە لەسەر پرسەكانی تایبەت بە سزا ئابوورییەكانی وڵاتانی ڕۆژئاوا لەسەر ڕووسیا، و بابەتی سڕكردنی یەدەگی بانكی ناوەندیی ڕووسیا لە ئەوروپا. گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجام دا، كە تەوەرەكانی پەیوەندیدار بوون بە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا و لایەن و ڕەهەندی سزا ئابووری و داراییە سەپێندراوەكان بەسەر ڕووسیادا، بەتایبەتی بلۆككردنی پارەی یەدەگی ڕووسیا لە بانكەكانی وڵاتانی ئەوروپا و هەڵسەنگاندنی ئەوەی تا چ ڕاددەیەك دەرئەنجامی خوازراویان لێكەوتەوە.

 

* سەبارەت بە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیاوە كە لە ئێستادا شەڕەكە ڕەهەند و دوورایی دیكەی وەرگرتووە لە بواری بەكارهێنانی فڕۆكەی بیفڕۆكەوان و هێرشكردنە سەر ژێرخانی وزە، ئەوا كەمتر باس لە كاریگەریی ئەو سزا ئابووری و داراییانە دەكرێت كە وڵاتانی ڕۆژئاوا و بە دیاریكراوی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سەپاندوویانە بەسەر ڕووسیادا، ئێوە چۆن لە كاریگەریی ئەم سزایانە دەڕوانن؟

- سەرەتا و هەر بۆ وەبیرهێنانەوەیەك لەبارەی ئەم شەڕەوە، ئەوا دەڵێم پوتین و هەروەها چاودێرەكانی ڕۆژئاواش لە سەرەتادا پێیان وابوو كە ئەم داگیركارییەی ڕووسیا بۆ ئۆكرانیا سەركەوتوو دەبێت. پێیان وابوو كە سوپای ڕووسیا دەتوانێت زۆر بە خێرایی كیێڤ و زۆرێك لە ناوچەكانی دیكەی ئۆكرانیا داگیر بكات، بەڵام ئاشكرایە كە ئەوە ڕووی نەدا. ئەوەی پەیوەست بێت بە پرسیارەكەتانەوە، ئەوا من دەڵێم كاریگەریی ئەم سزا و ڕێكارانە تێكەڵن، مەبەستم ئەوەیە هەندێ لەم سزایانە بە ڕاددەیەكی گەورە سەركەوتوو بوون لە بەدیهێنانی ئامانجەكانیاندا، بەڵام هەندێكیشان تەواو سەركەوتوو نەبوون. دەمەوێت ئەوەش بخەمەڕوو كە وشە، یان دەستەواژەی سزاكان بەرفراوانە و هەندێ جار ڕەنگە مشتومڕ دروست بێت، لەسەر ئەوەی چ ڕێكارێك بە سزا دادەنرێت و چی بە سزا هەژمار ناكرێت. بۆ نموونە ئێوە لە بڕیاری وڵاتانی ئەوروپا بۆ دەستهەڵگرتن لە كڕینی غازی ڕووسیا بڕوانن، كە لێرەدا پرسیارەكە ئەوەیە، ئایا ئەم بڕیارە خۆی لە خۆیدا سزایە و بەسەر ڕووسیادا سەپێندراوە، یان دەتوانین بڵێین تەنیا بڕیارێكە و پەیوەستە بە دۆخی ناوخۆی ئەم وڵاتانەوە؟ كەواتە دەتوانین لەبارەی سرووشتی بڕیارێكی لەم چەشنەوە مشتومڕ و گفتوگۆ بكەین، هەرچۆنێك بێت ئەم بڕیارە كاریگەری هەبوو لەسەر كەرتی غازی ڕووسیا و لەسەر گازپرۆم بە دیاریكراوی.

* ئێوە چاودێرێكی وردی ئەم بوارەن و چەندین وتارتان لەبارەوە نووسیوە. ئایا لە تێڕوانینی ئێوەدا ئەو سزایانە چی بوون كە زۆرترین كاریگەری لەسەر ڕووسیا دروست كردووە؟

- ئەگەر بە شێوەیەكی گشتی باس لەم پرسە بكەین، ئەوا من پێم وایە دەكرێت ئاماژە بە ڕێكارێكی دیاریكراو بكەین، كە ئەویش بلۆككردنی یەدەگی بانكی ناوەندیی ڕووسیایە لەلایەن وڵاتانی ئەوروپاوە، كە بە نزیكەی 300 ملیار دۆلار مەزەندە دەكرێت، ئەوەش بە باوەڕی من سەركەوتووترین سزا و ڕێكار بووە كە لە بەرانبەر ڕووسیادا گیرابێتەبەر، لەبەر ئەوە خودی سەرۆك ڤلادمیر پوتین و ژەنەڕاڵەكانی سوپای ئەو وڵاتە پێیان وابوو كە دەتوانن ئەم پارە وەك سەرچاوەیەك بۆ بەردەوامیدان و درێژەپێدان بە شەڕەكە بەكار بهێنن، كە لە ئێستادا ناتوانرێت بۆ شەڕەكە بەكار بهێنرێت، چونكە بلۆك كراون و ڕێگری لە دەستپێڕاگەیشتنیان كراوە.

* لایەنێكی دیكەی ئەم سزایانە ڕەهەندی بازرگانییان وەرگرتووە، واتە زۆرێك لە ڕێكار و سزاكان ڕێگریكردن، یان بێبەشكردنی ڕووسیا لە بەدەستهێنانی هەندێ كەرەستە و كاڵا لەخۆ دەگرێت، ئایا چۆن لە كاریگەریی ئەم سزایانە دەڕوانن؟

- لە ڕاستیدا پێم وایە سزا پەیوەندیدارەكان بە بواری بازرگانییەوە- بەتایبەتی ڕێگریكردن لەوەی ڕووسیا بتوانێت هەندێ كەرەستەی دەست بكەوێت بۆ بواری پیشەسازی سەربازی- كاریگەرییان هەبووە، ڕاستە ناكرێت بڵێین كە نەبوونەتە هۆی ئەوەی ڕووسیا ناچار بێت شەڕەكە ڕابگرێت، بەڵام هەندێ ئاستەنگ و زەحمەتی بۆ ڕووسیا دروست كردووە.

* ئێوە خاڵێكی گرنگتان ورووژاند و ئاماژەتان بە بڕیاری وڵاتانی ئەوروپا كرد بۆ ئەوەی چیتر پشت نەبەستن بە هاوردەكردنی نەوت و غازی ڕووسیا. ئایا دەكرێت بڵێین ئەمەش هەنگاوێكی سەركەوتوو بووە؟ ئایا ئەمە پێچەوانەی پێشبینییەكانی ڕووسیا نەبوو كە پێی وابوو وڵاتانی ئەوروپا هەنگاوێكی لەم چەشنە هەڵناگرن؟

- بەڵێ، من باوەڕم وایە لە پەیوەندی بە سزاكانی پەیوەست بە وزەوە، ئەوا بڕیاری وڵاتانی ئەوروپا بۆ ئەوەی چیتر پشتبەستوو نەبن بە وزەی ڕووسیا بە دەستكەوتێكی گەورە لە قەڵەم دەدرێت. ئیتر بە چاوپۆشین لەوەی ئایا ئەمە بە سزا دادەنرێت یان نا، چونكە ئەمە زیاتر پرسێكی زمانەوانییە و پەیوەندی بەوەوە هەیە، بە چ گوزارشتێك وەسفیان دەكەین. كاتێك دەڵێم كە دەستكەوتی گەورەی هەبووە، ئەوەیە كە سەركەوتنەكە لەوەدا بەرجەستە دەبێت كە بووەتە هۆی ئەوەی وڵاتانی ئەوروپا لە بار و پێگەیەكی لاوازدا نەبن لە ئاست ڕووسیادا لە پەیوەندی بە هاوردەكردن و بەدەستهێنانی وزەوە. بەتایبەتی ئەگەری ئێمە دۆخەكە لە نێوان ئێستا و ساڵی 2021دا بەراورد بكەین.

* بەڵام دەوترێت ئەم هەنگاوانە نەبوونەتە هۆی ئەوەی داهاتی نەوت و غازی ڕووسیا بە ڕاددەیەكی گەورە و بەرچاو كەم ببنەوە، كە چاوەڕوان دەكرا ئەمە ڕووی بدایە و بەو پێیە كاریگەری هەبووایە لەسەر كەمكردنەوەی پاڵنەری ڕووسیا بۆ درێژەدان بە شەڕەكە، ئەوە تا چەند ڕاستە؟

- دەكرێت بڵێین سزاكانی سەر كەرتی وزەی ڕووسیا نەیتوانیوە داهاتی ڕووسیا لە فرۆشتن و هەناردەكردنی نەوت و غاز كەم بكاتەوە، بە شێوەیەك كە ببێتە هۆی ئەگەری كۆت و بەندكردنی دەستی ڕووسیا. ئەگەر زیاتر ئەمە ڕوون بكەینەوە، ئەوا دەڵێم ڕاستە ئەم ڕێكارانە بوونەتە هۆی ئەوەی تا ڕاددەیەك داهاتی فرۆشتنی نەوت و غازی ڕووسیا كەم ببێتەوە، بەڵام ئەم كەمبوونەوەیە بە شێوەیەك نەبووە كە ببێتە هۆی ئەوەی كێشەی دارایی بۆ ڕووسیا دروست بكات، بە چەشنێك كە كاریگەری لەسەر شەڕەكە هەبێت.

* بەڵام كێشەی ڕێكار و سزاكانی سەر كەرتی وزە ئەوەیە كە دەبێت هاوسەنگی بپارێزێت، یان با بڵێین دەبێت ئەوەش ڕەچاو بكات كە نرخی نەوت و غاز بە چەشنێك بەرز نەكاتەوە كە كاریگەری نەرێنی و نەخوازراوی لێ بكەوێتەوە لەسەر وڵاتانی هاوردەكاری نەوت و غاز، لێكدانەوەی ئێوە لەم ڕووەوە چییە؟

- بەڵێ، ئەو خاڵەی كە دەبێت لەم ڕووەوە لەبەرچاو بگیرێت و نادیدە نەگیرێت، ئەوەیە كاتێك هەڵسەنگاندن بۆ كاریگەریی ئەم ڕێكارانە دەكەین، ئەوەیە كە وڵاتانی ڕۆژئاوا لە میانەی ڕێكارەكانیاندا لە دژی كەرتی وزەی ڕووسیا هەوڵی بەدیهێنانی دوو ئامانجی پێكناكۆك دەدەن، چونكە لەلایەكەوە دەیانەوێت تا ئەو ڕاددەیەی دەكرێت، داهاتی فرۆشتنی نەوت و غازی ڕووسیا كەم بكەنەوە، لە هەمان كاتدا نایانەوێت ئەم كارە بە چەشنێك ئەنجام بدەن كە ببێتە هۆی شڵەژاندنی بازاڕی نەوت و غاز لە جیهاندا. كەواتە ئەمە دوو ئامانجی دژ بە یەكن. خۆ ئەگەر ئێمە لە وێنە گەورەكە بڕوانین، ئەوا ئەوەی بەدی دەكەین، ئەوەیە كە خودی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئەولەوییەت دەدات بە پاراستنی بازاڕی نەوت و غاز و ڕێگریكردن لە شڵەژاندنی ئەم بازاڕە لە بەرانبەر خستنەگەڕی هەوڵەكان بۆ بێبەشكردنی ڕووسیا لە داهاتی فرۆشتنی نەوت و غاز تاوەكو نەتوانێت بەكاری بهێنێت بۆ درێژەدان بە شەڕەكە. هەموو ئەمانە پێمان دەڵێن و ئەوەمان بۆ لێك دەدەنەوە كە بۆچی ئەم ڕێكارانە كاریگەرییەكی ئەوتۆیان نەبووە، بەتایبەتی ئەگەر لە بڕیاری سەپاندنی نرخێكی دیاریكراو بەسەر كڕینی نەوتی ڕووسیادا بڕوانین، كە بۆمان دەركەوت جیاوازییەكی ئەوتۆی دروست نەكرد و دەرئەنجامی خوازراوی لێ نەكەوتەوە.

 

Top