یاسا، وتەی شاهید

یاسا، وتەی شاهید

زۆر جار ئەو كەسەی كە بەتەمای شاهێدیدانە لە كێشە یان داوایەكی دیاریكراودا، پێش ئەوەی بچێتە بەردەم دادوەر، تووشی جۆرێك لەدڵەڕاوكێ و شڵەژان دەبێت، ئەو كەسەی كە هاتووە شاهیدی بدات یان لەگەڵ پارێزەری ئەو كەسە قسەكان ڕێك دەخات و ڕیزبەندییان بۆ دەكات، بەهۆی ئەم فشار و هۆكارانە دوور نییە ئەو كەسەی كە بە تەمای شاهیدیدانە بیر لەمە بكاتەوە كە وتەكانی لەسەر كاغەزێك بنوسێتەوە و بۆ دادوەری بخوێنێتەوە، بەڵام بەگوێرەی یاسا لە داوا مەدەنی و سزاییەكاندا ئەمە ڕێگەپێدراو نییە و ناكرێت بۆ شاهیدیدان پشت بە یادنامە و بیرنامە و شتانێكی نوسراو ببەسترێت بە مەبەستی بەبیرهاتنەوە، تەنیا بە ڕێگەپێدانی دادگا نەبێت، ئەویش ئەگەر سرووشتی داواكە یان سرووشتی شاهیدیدانەكە وای پێویست بوو. هەروەك لە یاسای سەلماندن لە مادە (٩٥) بڕگەی یەكــدا هاتووە (شاهیدیدان بە زارەكی ئەنجام دەدرێت و نابێت پشت بە یادنامە (مذكرات) و نوسراو ببەسترێت، تەنیا بە مۆڵەتی دادگا نەبێت، ئەگەر سرووشتی داواكە پێویستی بەمە كرد. هەروەها لە مادە (٦١) بڕگەی (أ)ی یاسای بنەماكانی دادگاییكردنە سزاییەكاندا هاتووە: «شاهیدیدان بە زارەكی ئەنجام دەدرێت و دەكرێت ڕێگە بە شاهید بدرێت كە پشت بە یادنامە نوسراوەكان ببەستێت ئەگەر سرووشتی شاهیدیدانەكە وای پێویست بوو».

 

Top