كریستین ستیوارت بەرگری لە خۆی دەكات
كچە ئەكتەری گەنجی ئەمریكی كریستین ستیوارت ڕایگەیاند كە زۆر وریای خۆیەتی بۆ ئەوەی نەكەوێتە هەڵەوە و ناوبانگ كاری تێ نەكات و نەبێتە هۆی لەخۆبایی بوونی. وەك لە قسەكانیدا هاتووە ئەو ناوبانگەی ئێستا هەیەتی وای لێ كردووە زیاتر ئاگای لەخۆی بێت و لەخۆبایی نەبێت وەك بریتنی سپێرز، ئەوەشی ئاشكرا كرد كە زۆر سەرسامە بە جودی فۆستەر و وەك نموونەیەكە بۆ ئەو و زۆر شتی لێوە فێر بووە. پێی وایە كە ئەو باشترین كەس بووە كە كاری سینەمایی كردبێت و سەرنجی بینەری بۆ خۆی ڕاكێشابێت. كریستین ئەوەشی وت كە هەڵسوكەوتی زۆر لە هەڵسوكەوتی پیاوانەوە نزیكە، ئەویش لەبەر ئەوەی لەگەڵ دووبرای گەورە بووە و زۆر یاریی بیسبۆڵی كردووە لەگەڵ هاوڕێ كوڕەكانی.
لە لایەكی دیكەوە «ستیوارت» كۆمێنتێكی لەسەر ئەو دانیشتنە وێنەییە مشتومڕاوییە كرد كە لەم دواییانەدا بە شێوەیەكی بەرفراوان لە سۆشیال میدیاوە بڵاو كرایەوە، هەندێك كەس پێیان وابوو دانیشتنەكە زیادەڕەوی تێدا كراوە و هەموو هێڵە سوورەكانی بەزاندووە، «ستیوارت» لە كۆنفرانسی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی بەرلین دوای ئەوەی لەلایەن ڕۆژنامەنووسێكەوە پرسیاری لێ كرا، بە توندی بەرگری لە دانیشتنەكەی كردووە.
ستیوارت باسی لە فیلمە نوێیەكەی كرد بەناوی «عەشق درۆ خوێنبەربوون» و دانیشتنە مشتومڕاوییەكەی، لەو بارەشەو گوتی: “«من بەشداریم لەم فیلمەدا كرد بۆ دەرهێنەر گلاس، فیلمی بەناوی سەینت مۆد، یەكێكە لە فیلمە خۆشەویستەكانم كە زۆر سەرسام بووم لەگەڵ سیناریۆی فیلمەكەدا كاتێك پێشكەشم كرا، چێژم لە ڕۆڵگێڕان لە فیلمەكەدا وەرگرت و زۆر شتم دۆزیەوە، هەروەها من یەكێك بووم لە كارەكتەرە سەرنجڕاكێشەكانی فیلمەكە، ئەمەش بۆ من مایەی شانازییە و هەوڵ دەدەم بەردەوام بم».