خیانەت نەكردن لە پیشە

خیانەت نەكردن لە پیشە

(سولومون ئۆرتیز) سیاسەتمەداری ئەمریكی دەڵێ " فێركردن كلیلی سەركەوتنی ژیانە و مامۆستایان كاریگەری هەتا هەتایە و هەمیشەییان هەیە لە ژیانی قوتابیەكانیان".
ئاشكرایە فێركردن پرۆسەیەكی درێژخایەن و دوورمەودایە لە ژیانی هەر تاكێكدا و سوود و قازانجی گەلێك یەكجار زۆری هەیە و شوێنەواری ئەرێنی جێ دەهێڵێ لە سەر ژیان و كەسایەتی تاك و كۆمەڵگە بە گشتی. لەو نێوەندەدا ڕوونە كەوا مامۆستا ئەو كاراكتەرەیە كاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لە سەر كۆی پرۆسەی فێركردن بە گشتی، وە چاكەی ئەبەدی و هەتاهەتایی هەیە لە سەر قوتابی و تاكی كۆمەڵگە بە بەردی بناغەی بەهێز دادەنرێت لە سەر كۆی پرۆسەكە لە كۆمەڵگە و نیشتماندا. كە بەهیچ شێوەیەك ناتوانری دەستبەرداری مامۆستا بین و چاكەكانی لە یاد بكەین و بە شایستەیی دەتوانرێ لە ڕێگەی مامۆستاوە تاك و كۆمەڵگە و نیشتمان وشیار و بە ئاگا بكرێنەوە و بنیاتی بەهێز بنرێت و گەشە و پەرەپێدانی بەردەوام و تەواوی تێدا بكرێت و شوێنەوار و شوێن پەنجە لە سەر كۆی پرۆسەكە جێ بهێلێ لە كۆمەڵگە دا. پاڵپشت بۆ ئەو پێشەكییە مامۆستایەك دەگێڕێتەوە دەڵێت " جارێكیان ئۆتۆمبێلی خۆی لێ دەخورێ و دەستەیەك لە پۆلیسی هاتوچۆ ڕایان گرت و ئەفسەرەكە داوای مۆڵەتی شوفێری لێ كردو دیقەتی شوفێرەكەی دەدا ، كاتێك سەیری مۆڵەتەكەی كرد و بە نەرمی لێ پرسی قایشی خۆبەستنەوەت بە كار نەهێناوە، مامۆستا گوتی بەڵێ ببورە دانی پێدا دەنێم كەوا هەلەم كردوە شایەنی سەرپێچیەكەم و کاتێ ئەفسەرەكە پسولەی سەرپێچیەكەی دەنوسی پێی گوتم تۆ مامۆستا و پەروەردەكاری گوتم بەڵێ، گوتی ئەگەر قوتابیەك لە تاقیكردنەوە گزی كرد ئایا لێ خۆش دەبی، گوتم نەخێر، گوتی چی لێ دەكەیت گوتم یاسای بە سەردا جێ بەجێ دەكەم و پسولەی سەرپێچیەكەی نیشاندام و پێكەنی و گوتی دەتوانی دابەزی لە ئۆتۆمبێلەكەت، بە حەپەساوی و دوو دڵی لە ئۆتۆمبێلەكە دابەزیم و لە ناكاو بە توندی لە باوەشی گرتم و سەری منی ماچ كردو منیش سەرم سورما لەوەی كە ڕوودەدات، گوتی مامۆستا من فلانە قوتابی تۆ بووم لە بیرتە جارێكیان من گزیم كرد لە كوڕەكەی تۆ لە تاقیكردنەوەكە ئەویش قوتابی بوو، تۆ كاغەزی تاقیكردنەوەی من و كوڕەكەی خۆتت وەرگرت و (سفرت) دا بە هەردووكمان و یاسات لە سەر من و كوڕەكەت جێ بە جێ كرد لەوكاتەوە فێر بووم كەوا یاسا دانراوە بۆ جێ بەجێ كردن لە سەر هەمووان وەكو یەك بەبێ هەلاوێركردنی ئەم و ئەو هەتا ئەگەر كوڕی خۆشت بێت، ئەوڕۆژە كوڕەكەت گریا لە بەر رێزی تۆ و نیگەران بوونی كەوا یاسات لە سەر جێ بەجێ كردووە. لەم ڕۆژەوە تۆ نموونەی هەرە بەرزی لای من و ئەوڕِۆ مامۆستا من یاسا لە سەر تۆ جێ بەجێ دەكەم كە لە تۆوە فێری بووم و كەسی لێ جیا ناكەمەوە هەڵی ناوێرم هەتا كوڕی خۆشم بێت. مامۆستاكە دەڵێ نەمتوانی خۆم بگرم و فرمێسكی خۆشی لە چاوم هاتە خوار كە ئەو ئەفسەرە یەكێكە لە قوتابیەكانی خۆم فێربووە یاسا چیە و چۆن جێ بەجێ دەكرێت و خۆی گرتووە نا هێلێ فرمێسك لە چاوەكانی بێتە خوار بۆ پاڕاستنی شكۆی جلی سەربازی و فەرمی کە پۆشیویەتی، لەو كاتەدا دەستی خستە گیرفانی و بڕێك پارەی دەركرد و سوێندی خوارد گوتی مامۆستا دەبێ ئەو دیارییەم لێ وەربگری و منیش ڕازی نەبووم پێداگیری زۆری كرد و گوتی یاسام جێ بەجێ كرد كە تۆ فێرت كردم، بەڵام نرخی سەرپێچیەكە لە سەرمنە تۆ مامۆستا و باوك و پێشەنگ و پێَشەوای منی درێژە پێدەری تاجی سەری منی، زۆر پێداگیریم كرد كە وەری نەگرم، بەڵام بەخۆی و هاوڕێیەكەی تكایان كرد و بە توندی سووربوون لە سەری و شوێنەكەم جێهێشت و، بەڵام وەكو چەقۆیەكی سەیر لە پەراسووەكانم و دڵخۆشیەكی زۆر و فرمێسكی شانازی كردن كەوا ئەو جۆرە كەسانە لە نێو دەستەكانمان پەروەردە بوون كەوا خیانەت ناكەن لە پیشەكانیان و لە نیشتمانیان ئەوان سەروەت و سامانێكی گران بەهان كەوا سەروەت و سامانی مامۆستا و پەروەردەكاران كەوا كۆمەڵگە و نیشتمان چاك و بەرهەم دار دەبێت.

ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

Top