ســــەروەر كەمال هاواری بریكاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بۆ كاروباری بازرگانی بۆ گوڵان: لە سهدا بیست و یهكی ئەو 36 هەزار كۆمپانیایانەی تۆماركراون لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دامەزراون
كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە لە مانگی تەموزی 2019 دەست بەكار بوو، لە سەر بنەمای ئابووریی بازاڕ و دابینكردنی پێداویستییەكانی بازاڕ دامەزرا، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازییش كە بەرپرسە لە داڕشتن و جێبەجێكردنی ئەم دیدگایە و ستراتیژیەت و پلانی پەرەپێدانی هەردوو كەرتی بازرگانی و پیشەسازی لەئەستۆیە، لەم پێناوەدا كاری جددی كردووە بۆ كارئاسانی و پاڵپشتیكردنی بازرگانان و خزمەتكردنی هاووڵاتیان و بزنێسكار و سەرمایەدار و وەبەرهێنان، تاوەكو لە دروستكردنی كارگە و مۆڵەتدان بە كۆمپانیاكان و مۆڵەتدان بە هاوردەو هەناردە و تۆماركردنی هێمای بازرگانی و ناوی بازرگانی بۆ كۆمپانیاكان و تۆماری ناوی شوێنە بازرگانییەكان سوودمەند بن، ئەمەش كاریگەریی لەسەر زیادبوونی ئاڵووێری بازرگانی و گەشەسەندنی قەبارەی بازرگانی لە نێوان هەرێم و وڵاتانی دیكە هەبووە. ژمارەی كۆمپانیاكانی تۆماركراو بۆ زیاتر لە 36 هەزار بەرزبووەتەوە و كەرتی بازرگانی و تایبەت چالاك بووە، لەبواری ئاسایشی خۆراكی و ئەمباركردنی گەنم لە ڕووی چەندایەتی و جۆرایەتی بە ڕێژەی 155% زیاد بووە. لە ڕێگەی ئەم كەرتەوە توانراوە زیاتر هانی جووتیارەكان بدرێت، بەتایبەتی لەبواری كڕینەوەی گەنمی جووتیارەكان و زیادبوونی ژمارەی پڕۆژەكان. بەرزكردنەوەی ئاستی چالاكییە بازرگانییەكان و كاریگەریی لەسەر بەرزكردنەوەی ئاستی سەرجەمی داهاتی نیشتمانی و دابینكردنی هەلی كار و زیادبوونی ژمارەی پڕۆژەكان و بونیادنانی ژێرخانی ئابووری تەوەری سەرەكیی دیداری گۆڤاری گوڵان بوون لەگەڵ سەروەر كەمال هاواری بریكاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بۆ كاروباری بازرگانی.
* سەرەتای پرسیارمان لە پڕۆژەكانەوە دەست پێدەكەین، كە وێڕای ئالنگارییەكان و قەیرانی دارایی و كۆرۆنا لەم كابینەیەدا ژمارەی ئەو پڕۆژانەی كە لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لە كەرتی بازرگانی ئەنجام دراون، ڕووی لە زیادبوون كردووە. ئایا تاچەند توانراوە لە ڕێگەی ئەم پڕۆژانەوە سەركەوتوو بن لە جێبەجێكردنی كارنامە وەزارەییەكەی سەرۆك وەزیران؟
- لە دەستپێكی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بە پاڵپشتی و ڕاسپاردەكانی بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەنگاوەكانی بووژانەوەی ئابووریی كوردستان و ڕاستكردنەوەی پەیكەری ئابووریی هەرێم دەستی پێكرد و ژێرخان و ئابوورییەكە بەرەو ئابوورییەكی فرەچەشن ئاراستە كرا، ئەمە وێڕای شوێنەوارە مەترسیدارەكانی پەتای كۆرۆنا و قەیرانی دارایی و بڕینی بودجە و هەموو ئەو دەستتێوەردان و كێشە و گرفتانەی كە دروست كران و دروست بوون. ئەوە بوو هەر ئەو كاتە توانرا لە ڕێگەی بۆردێكی خۆراكەوە ڕێگا لە هەڵاوسانی نرخەكان و كەوتنەوەی قەیرانی خۆراك بگیرێت. هەر لەسەردەمی پەتای كۆرۆنا و جێبەجێكردنی كەرەنتینەشدا توانرا 20 هەزار تەن خۆراكی سەرەكی دابین بكرێت و دابەشی سەر 200 هەزار خێزانی كەمدەرامەت بكرێت، هەروەها ڕەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیران وەرگیرا بۆ هەڵگرتنی ڕسوماتی گومرگی لەسەر ماددە خۆراكییە پێویستەكانی هاووڵاتییان بۆ ڕێگرتن لە هەڵكشانی نرخەكان. لەم كابینەیەدا وێڕای ئالنگارییەكان بە هەوڵ و تێكۆشان و خۆڕاگریی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، توانراوە بەسەر هەموو ئەو گرفت و كێشانەدا زاڵ بین و بە ئیرادەیەكی پۆڵایینەوە بەڕێزیان بەرانبەر هەموو ئەو قەیرانانە ڕاوەستان و بگرە كەرتی ئابووری بەگشتی و بازرگانی بەتایبەتی بەرەوپێشەوە چوو. سەبارەت بە پڕۆژەكانیش كە وێڕای كێشەی دارایی تەنیا ئەو پڕۆژە بازرگانییانەی دەستەی وەبەرهێنان ڕەزامەندییان پێ داوە، زیاتر لە 266 پڕۆژەن، ئەم ژمارە زۆرەی پڕۆژە هاوكات بوو لەگەڵ دامەزراندنی سێ سایلۆ لە هەر سێ پارێزگای (هەولێر و سلێمانی و دهۆك)، لە پارێزگای هەڵەبجەش ڕەزامەندی لەسەر جێبەجێكردنی سایلۆیەكی دیكە دراوە، بەمەش هەر چوار سایلۆ لە (قوشتەپە و كەلار و ڕۆڤیا و هەڵەبجە) هەر یەكەو بە توانای 40 هەزار تەن و هەر یەكەشیان 8 كۆگای هەیە و سایلۆكەی هەڵەبجە 10 كۆگا لەخۆ دەگرێت، بۆ ئەمباركردنی خۆراكی مانگانەش چەندین پڕۆژە جێبەجێ كراون، لەوانە دروستكردنی كۆگای مۆدێرن بۆ ئەمباركردنی برنجی پسوولەی خۆراك، لە ڕووی چاودێری و بەدواداچوونی بازاڕەكان و كەرتی بازرگانیش لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانی هەڵمەتەكانی لە بواری چاودێری و بەدواداچوونی بازاڕ و لێپرسینەوە و سزادانی سەرپێچیكاران بەردەوامە و لەم بارەیەوە كاری گەورە ئەنجام دراون. لە ساڵی 2019وە تاوەكو مانگی حوزەیرانی 2024 توانرا 9،808 سەرپێچی دەستنیشان كراون و ڕووبەرووی سزای دارایی و داخستن بووەتەوە. لە بواری تۆماركردنی كۆمپانیاكانیشدا وەرچەرخانێكی گەورە ڕووی داوە بەوەی لەنێوان ساڵی 1992ـەوە تاكو 2024 لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 36 هەزار كۆمپانیا تۆمار كراون كە 21%ی ئەم ژمارەیە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بووە، لەم ژمارەیەش 4000 كۆمپانیای بیانی تۆمار كراون، لەلایەكی دیكەوە ژمارەی پێشانگا بازرگانییەكان و هاتنی شاندە بازرگانییەكان بە شێوەیەكی بەرچاو ڕووی لە زیادبوون كردووە. بە شێوەیەكی گشتی كەرتی بازرگانی لە خزمەتی فرەچەشنكردنی ئابووری و جۆراوجۆركردنی كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی بووە، لەمەشدا كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان وێڕای هەموو ئەو لەمپەر و كێشانەی بۆی دروست كرا و ئازاری خەڵكی كوردستانیان دا، ئیرادەی سەرۆك وەزیران توانی وەرچەرخانێكی گەورە لە كەرتی بازرگانی دروست بكات، بەتایبەتی لە بواری پاڵپشتیكردنی بەرهەمی جووتیاران و بەروبوومەكانیان، لە ئێستادا لەسەر ڕاسپاردەی بەڕێزیان كار لەسەر دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەروبوومە خۆماڵییەكان دەكەین و هاوكات ڕەچاوی ئەوەش دەكەین، ئەم پاڵپشتییەی قەدەغەكردنی هاتنی هەندێك بەروبووم لە وەرزێكی ساڵدا كاریگەریی خراپی لەسەر كەمبوونەوەی ئەو بەرهەمە و گرانبوونی نرخەكەی لە بازاڕدا نەبێت. ستراتیژیەتی ئێمە لە كەرتی بازرگانی پەیڕەوكردنی ئابووریی بازاڕ و دۆزینەوەی هەلی كارە بۆ گەنجەكان و ساغكردنەوەی بەروبوومە خۆماڵییەكانە، لەم پێناوەشدا بۆ یەكەمین جار هەنگاو بەرەو دامەزراندنی ناوچە پیشەسازییەكان نرا، كە كەرتی پیشەسازیی خۆراكی لە پێشەنگی كارەكاندا بووە.
* سەبارەت بە بەئەلەكترۆنیكردنی تۆماركردنی كۆمپانیاكان و هێمای بازرگانی كە ڕۆڵی گەورەی بۆ كەمكردنەوەی ڕۆتین و خێراكردنی مامەڵەكان هەیە، ئایا لەم بوارەدا چ هەنگاوێكتان ناوە؟
- لەم كابینەیەدا زۆر لە كاروبارەكان بەئەلەكترۆنی كراون، ئەمەش هاندەر بووە بۆ بەرەوپێشچوونی كاروباری تۆماركردنی كۆمپانیاكان و هێمای بازرگانی و بەمەش توانرا پرۆسەی تۆماركردنی كۆمپانیاكان بەئەلەكترۆنی بكرێت كە پێشتر بە سێ مانگ كۆمپانیایەك تۆمار دەكرا، لەئێستادا تەنیا بە سێ ڕۆژ و بە تێچوونێكی زۆر كەم واتە تەنیا بە 60 هەزار دینار ئەم كارە تەواو دەبێت، ئامادەكارییش كراوە بۆ بەئەلەكترۆنیكردنی مۆڵەتی هەناردە و هاوردە و هێمای بازرگانی و پێدانی مۆڵەتی پیشەسازی بۆ كارگەكان و كەرتی تایبەت. ئەوەتا ژمارەی كۆمپانیا تۆماركراوەكان گەیشتووەتە 4،582 كۆمپانیا و هێمای بازرگانییش بۆ 3،833 كە هاوكاتە لەگەڵ هەڵشكانی ژمارەی مۆڵەتی هاوردەی كەلوپەل بۆ سەرووی 30،000 مۆڵەت و هاوردەی ئۆتۆمبێلیش بۆ نزیكەی 5000 مۆڵەت. هێمای بازرگانی یەكێكە لە سیما پێشكەوتووەكانی وڵاتان، لەم كابینەیەدا گرنگییەكی باش بە هێمای بازرگانی درا و كاركردن بەو ئاراستەیە بووە كە هانی گەورە كۆمپانیاكانی جیهان بدرێت لە هەرێمی كوردستان براندەكانیان تۆمار بكەن.
* ڕەنگە هاووڵاتییەكی ئاسایی ئەو پرسیارەی لا دروست بێت، ئەم هەموو پڕۆژە و كارانە تا چەند سوودی بۆ دابینكردنی هەلی كار بۆ گەنجەكان هەیە؟ ئایا تا چەند لە ڕووی كەرتی بازرگانییەوە توانراوە هەلی كار بۆ گەنجەكان دابین بكەن و تا چەند لەم ڕووەوە سەركەوتوو بوون؟
- زۆرترین دەرفەت و هەلی كار لە كەرتی تایبەت و لەناو كۆمپانیاكان و لە كاروكاسبیی ناو بازاڕ بۆ گەنجەكان لەم كابینەیەدا دابین كراوە، تەنیا لە ڕێگەی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازییەوە توانراوە زیاتر لە 13 هەزار هەلی كار لە ژمارەیەك كارگە دابین بكرێت، ئەمە وێڕای ئەوەی هەڵكشانی ژمارەی زۆری كۆمپانیاكان و وەبەرهێنان و بەگەڕخستنی سەرمایە و زۆربوونی كۆمپانیا بازرگانییەكان و فراوانبوونی بازاڕەكان و بووژانەوەی كاروكاسبی هەمووی ڕۆڵێكی باشیان هەبووە بۆ دۆزینەوەی هەلی كار بەتایبەتی بۆ گەنجەكان و دەرچووانی زانكۆكان، تەنانەت دەركردنی ئەو ڕێنماییەی كە سەرۆك وەزیران دەری كردووە، بەوەی دەبێت دەستی كاری خۆماڵی لەناو پڕۆژەكاندا لە 75% كەمتر نەبێت، ئەمە خۆی لە خۆیدا دەستكەوتێكی گەورەیە.
لە كەرتی بازرگانی ژمارەی مۆڵەتەكانی هاوردەكردن و ڕەسیدەكانیش زیادیان كردووە، هەموو ئەمانەش بۆ ئەو ئاسانكارییانە دەگەڕێتەوە كە لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی كراون، مۆڵەتی كۆمپانیا و كارگەكان ڕووی لە زیادبوون كردووە بە سەرمایەی زیاتر لە ملیارێك دۆلار و چەندین پڕۆژەی بازرگانی دروست كراون، كە بوونەتە هۆی ڕەخساندنی سەدان هەلی كار بۆ گەنجانی كوردستان. بۆ نموونە لە كاتی دامەزراندنی كارگەیەكی جبسدا بە سەدان هەلی كاری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە كێڵگەكانی پەتاتە و گواستنەوە و عەلوە و كارگە و كارگەی پاكەت و دامەزراندنی كۆمپانیای هەناردە و سەدان هەلی كاری دیكە بۆ گەنجەكانمان دابین دەبێت. هەموو ئەم خەرجی و كرێ و تێچوونانەش لە نێوخۆی هەرێمدا دەبێت و چیتر ئەوەندە پارە بۆ دەرەوەی وڵات ناچێت. هەر خۆی لەخۆیدا كەرتی بازرگانی لە خزمەتی بووژانەوەی كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازیدا بووە، بەمەش هاوكارێكی سەرەكیی گەیشتن بووین بەرەو فرەچەشنكردنی ئابووری و جۆراوجۆركردنی سەرچاوەكانی داهات.
* ساغكردنەوەی گەنم و بەروبوومی جووتیاران بە یەكێك لە دەستكەوتە گرنگەكانی ئەم كابینەیەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دادەنرێت، لەم ڕووەوە چی كراوە؟
- لەم كابینەیەدا بە تەواوەتی ترس و دڵەڕاوكێی جووتیاران كۆتایی هات و هەموو ئاسانكارییەك پێشكەشی جووتیاران كرا بۆ ساغكردنەوەی گەنم و بەروبوومەكانیان و چەندین سایلۆ و ئەمباری نوێش دروست كران. لە ساڵی 2019 تاكو 2023 بڕی 1،692،186 تەن گەنمی جووتیاران وەرگیراوە و بۆ ئەمساڵیش توانراوە ئەو 700 هەزار تەنەی كە دیاری كراوە و هەولێر بڕی 228 هەزار تەن و سلێمانی 282 هەزار تەن و دهۆك بڕی 189 هەزار تەن كە 200 تەنی لە ساڵی ڕابردوو زیاترە و بە پرۆسەیەكی ڕێكوپێك ئەم بڕە گەنمە لە برا جووتیارەكان وەرگیراوە، ئەوەی دەشمێنێتەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی كەرتی تایبەت هەوڵی بە بازاڕكردنی دەدات و كارئاسانی بۆ ژمارەیەك كۆمپانیا كراوە، تاوەكو ئەم بڕە گەنمە وەربگرن و ساڵی ڕابردووش هاوكار بوون و بە ئومێدی ئەوەین ئەمساڵیش هاوكار بن، تەنانەت ئەو بڕە گەنمەی جووتیاران كە لە عێراق وەرنەگیرا، لەسەر بڕیاری سەرۆك وەزیران لەلایەن كەرتی تایبەتەوە ساغ كرایەوە. لە بواری ساغكردنەوەی بەرهەمی ناوخۆی جووتیاران لە بوارەكانی میوەجات بۆ یەكەمین جار لەم كابینەیە بەرهەمی جووتیارانی كورد لە بازاڕەكانی وڵاتانی كەنداو و ئەوروپا ساغ كرایەوە و بۆ یەكەمین جار بەرهەمی سێو و هەنار و هەنگوین و پەتاتە ڕەوانەی بازاڕەكانی جیهان كرا و پاڵپشتییەكی گەورەی بەرهەمەكانی مریشك و هێلكە و ماسی و ئاژەڵ كراوە، هەوڵێكی زۆریش دراوە ئەو ئاستەنگ و بەربەستانەی حكومەتی عێراق لە بەردەم هەناردەی بەرهەمەكانی گۆشتی مریشك و هێلكە دایدەنا، لاببرێت. بە خۆشحاڵییەوە یەكێك لە دەستكەوتەكانی وەزارەتمان بەهێزكردنی پەیوەندییەكانمان بوو لەگەڵ هەردوو وەزارەتی بازرگانی و وەزارەتی پیشەسازیی حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ كە بۆ دابینكردنی بەشە خۆراكی هاووڵاتیان و دابەشكردنی بەسەر هاووڵاتییەكاندا هەنگاوی باش نراوە و بە شێوەیەكی ڕێكوپێك ئەم بەشە خۆراكە دابەش كراوە، لەلایەكی دیكەوە چەندین عەلوەی هاوچەرخمان لە هەولێر و ئاكرێ و سلێمانی و شار و شارۆچكەكانی دیكە دامەزراندووە، كە چەندین كۆگای ساردكەرەوە و كارگەی پیشەسازی لەخۆ دەگرێت. نووسینگەی هاوردە و هەناردەمان لە نزیك دەروازەی نێودەوڵەتیی برایم خەلیل كردووەتەوە، بۆ ئەوەی برایەكی بازرگانمان بۆ مامەڵەیەك نەگەڕێتەوە هەولێر و سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەكانی بازرگانی لێرە بكات، كە كات و تێچوون و ڕۆتینێكی زۆری دەویست. بە خۆشحاڵییەوە ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی داوە لەهەر چوار دەروازە نێودەوڵەتییەكەی (برایم خەلیل، حاجی ئۆمەران، باشماخ و پەروێزخان) نووسینگەی هاوردە و هەناردە بكرێنەوە، ئەمەش هاوكات بوو لەگەڵ هەوڵەكانمان بۆ داخستنی خاڵە سنوورییە نافەرمییەكان تاوەكو ڕێگە لە هاتنی بەرهەمی كوالێتیی نزم بگیرێت.
* لە بواری چاكسازیی لە وەزارەت و دەركردن و هەمواركردنەوەی یاساكان كە بە یەكێك لەهەنگاوە گرنگ و ستراتیژییەكان دادەنرێت بۆ بونیادنانی ژێرخانی ئابووری هەرێمی كوردستان ئایا لەم ڕووەوە چی كراوە؟
- لە ماوەی تەمەنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان زۆر یاسا هەموار كرانەوە، لەوانە: (یاسای كێبڕكێ و یاسای كۆمپانیاكان، یاسای پاراستنی بەرهەمە خۆماڵییەكان، یاسای بریكارنامەی تۆماركردن، یاسای ڕێكخستنی بریكارنامەی بازرگانی، یاسای ژووری بازرگانی و پیشەسازی، یاسای وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، پیادەكردنی یاسای بازرگانیی عێراق و...هتد)، لە بواری ڕێنماییەكانیشدا بە دەیان ڕێنمایی دەرچوون، لەوانە (بەخشینی بەشە خۆراك و ئاردی هاووڵاتیان، هاوردە و هەناردە لە هەرێمی كوردستان، چاودێریی بازرگانی و بەخشینی بریكاری بەشە خۆراك و ئارد، پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی، پێدانی مۆڵەتی كاركردنی نووسینگەكانی ژووری بازرگانیی بیانی و سەنتەرە بازرگانییەكان و دامەزراوە ئابوورییەكان و...هتد). لە سەرەتای ئەم كابینەیەدا كە پەتای كۆرۆنا هات و جووڵەی بازرگانی ڕاوەستا و كاریگەری خراپی لەسەر ئابووریی هەرێم و كار و كاسبی و بژێویی هاووڵاتیان دروست كرد، كوردستان ڕووبەرووی كۆمەڵێك قەیران و ئاستەنگی گەورە بووەوە، ئەوە بەڕێز سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو كە توانی بە سەر قەیران و تەحەددییەكاندا سەربكەوێت و بە پاڵپشتیی خودا و هاووڵاتییان لە هەموو سێكتەرەكاندا كاری گەورە و باش ئەنجام درا و سێكتەرەكان و سێكتەری بازرگانی كەوتە سەر ڕێگا ڕاست و دروستەكەی خۆی و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گۆڕانكاریی گەورەتر و نەوعیتر بەدەست دەهێنین.