بەرنامەی حزبەكان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن لە دەوڵەتانی دیموكراسیدا
شتێكی ئاساییە كە ناوەرۆكی بانگەشەی هەڵبژاردن، بە پێی هەلومەرجی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری لە دەوڵەتێكەوە بۆ دەوڵەتێكی دیكە جیاواز و فرەجۆرتر بێت، بەڵام كۆدەنگییەكی گشتی هەیە كە بۆ چاككردنی ئەدای جومگەكانی سەرجەم دامەزراوەكانی حوكمڕانی دەبێت هەڵمەتی هەڵبژاردن ڕوئیا و دید و بۆچوون و بەرنامەی سەرتاسەریی هەبێت، بەڵام ئامانجی بەرنامەی حزبەكان بەگشتی لە دەوڵەتە دیموكراسییەكاندا ڕاكێشانی دەنگی دەنگدەرانە كە پشت بە كۆمەڵێك پرس و كێشەی نیشتمانی دەبەستێت:
ا- دۆزینەوەی هەلی كار و كەمكردنەوەی بێكاری، پاڵپشتیكردنی كۆمپانیا بچووك و مامناوەندەكان و بووژاندنەوەی گەشەی ئابووری.
ب- كەمكردنەوەی باج، بەتایبەتیش لەسەر خاوەنداهاتی سنووردار و كەمدەرامەت، بۆیە بە دەگمەن هەندێ حزب داوای زیادكردنی باج دەكەن بۆ پارەداركردنی خزمەتگوزارییە گشتییەكانی هاووڵاتیان.
پ- چۆنێتیی دابەشكردنی خەرجیی گشتی و وەبەرهێنان لە ژێرخان و خزمەتگوزارییەكانی پەروەردە و مەشق و ڕاهێنان و شیاندنی گەنجاندا.
ت- پێشنیارگەلێك بۆ چاككردنی چاودێریی تەندروستی و فراوانكردنی چوارچێوەی ئەو چاودێرییە، پڕكردنەوەی بە كادیری پزیشكی و چاككردنی ئاستی توانای ئەو خزمەتگوزارییانە، لەگەڵ خستنە ڕووی چۆنێتیی فەراهەمكردنی دارایی، بەتایبەتیش ئەوەی پەیوەستە بە دەستەبەركردنی داودەرمان بە خۆڕایی بۆ هەژار و نەداران و خاوەن پێداویستیی تایبەت و بەساڵاچووان.
ج- بەردەوام بەرزكردنەوەی ئاستی پەروەردە لە هەموو قۆناغەكانیدا، بەتایبەتیش لە زانكۆكاندا لەپێناو پەرەپێدانی سەنتەرەكانی ڕاهێنانی پیشەییدا.
و- گرنگیدان بە ژینگە و نەهێشتنی پیسبوونی ژینگە و بڵاوكردنەوەی هۆشیاری لە ڕووی گرنگیی ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانكاریی كەشوهەوا و خستنەڕووی پلانگەلێكی دوور و درێژ بۆ دامەزراندنی ئابوورییەكی سەوز.
چ- پێشكەشكردنی چەند پێشنیارێكی پراكتیكی بۆ كاراكردنی ئاسایشی نەتەوەیی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و تازەكردنەوەی توانا و لێهاتوویی ئەمنی، لەوانە پاڵپشتیكردنی پۆلیس و ئاسایش.
ح- پرسی بەرگریكردن لە مافی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەكان و یەكسانی و جێبەجێكردنی یاسا و ڕەچاوكردنی مافی خاوەن پێداویستیی تایبەت، ئەمانە بەشێكی گرنگی بەرنامەكانی بانگەشەی حزبەكانن.
د- بەهێزكردنی پاراستنی كۆمەڵایەتی و پاڵپشتیكردنی توێژە لاوازەكان و دابینكردنی شوێنی نیشتەجێبوون و خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان بە خۆڕایی، هەروەها چارەسەركردنی ڕەوشی ئەوانەی كەوتوونەتە سەر شەقام و جادەكان.
ر- بانگەشە بۆ پاڵپشتیكردنی توێژینەوە و لێكۆڵینەوە زانستییەكان و بووژاندنەوەی پەرەسەندنەكانی تەكنەڵۆجیا و بەتینكردنی ئاسایشی سایبێرانی، لەگەڵ فراوانكردن و فەراهەمكردنی ئەنتەرنێت.
لەبارەی بانگەشەی هەڵبژاردن لای حزبە كوردستانییەكان، ئاواتەخوازین كە نەپەرژێنە سەر دەمەقاڵێی میدیایی و ناوزڕاندن و ئۆباڵخستنە سەر لایەنی بەرانبەر، یان بانگەشەی ئەوەی كە دەستكەوت وەدی دێنێت بە هۆی ئەوەی كە پەیوەندیی لەگەڵ بەغدادا هەیە، یان پەنا بەرێتە بەر كڕینی دەنگەكان و ساختەكردن، پێم باشە بانگەشەی هەڵبژاردنی حزبە كوردستانییەكان چەندین پرسی جەوهەری لەخۆ بگرێت و پێوەی پابەندبن وەك:
1- بەهێزكردنی ئەدای دامەزراوە دیموكراسییەكان و دەستەبەركردنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی ئازاد و پاك و شەفاف، هەروەها دانانی پلان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاكسازیی یاسایی و بەتینكردنی ڕۆڵی پەرلەمان و پارێزگاریكردن لە سەربەخۆیی دادگا.
2- دیاریكردنی چۆنێتیی وەدیهێنانی گەشەپێدانی ئابووری و مرۆیی لە ڕێی پێشكەشكردنی بەرنامەگەلێك بۆ هەمەجۆركردنی سەرچاوەكانی داهاتی نەتەوەیی و چۆنێتیی پەرەپێدانی بەرنامەكان و پرۆژەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار.
3- پێویستە بانگەشەی هەڵبژاردن باس لە چۆنێتیی چاككردن و بەتینكردن و پەرەپێدانی ژێرخان و پارەداركردن بكات، بۆ خزمەتگوزارییەكانی ڕێگە و پرد و بەنداو و كارەبا و ئاو.
4- خستەڕووی چۆنێتی و كواڵێتیی وەبەرهێنانی پێویست بۆ هەرێم و فەراهەمكردنی ژینگەی وەبەرهێنان بۆ ڕاكێشانی وەبەرهێنەرانی نێوخۆیی و بیانی.
5- بانگەشەكردن بۆ پاراستنی پیشەسازیی نیشتمانی و بەرهەمەكانی كشتوكاڵ و ئاژەڵ و ماسی و پاڵپشتیكردنی جووتیاران و خاوەن كارگەكانی بەرهەمهێن، لەگەڵ چۆنێتیی پارەداركردنی پرۆژەكانیان.
6- پابەندبوونی تەواو بە ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ و ئازادییەكانی، هەروەها دانانی بەرنامەگەلی ئامانجدار بۆ یەكسانیی نێوان هەردوو ڕەگەز، بۆ بەشداریكردن لە ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووریدا.
7- حزبەكان لە میانی بەرنامەكانی هەڵبژاردنیاندا چۆنێتیی پاراستنی ژینگە بخەنەڕوو، هەروەها بەڕێوەبردنی سەرچاوەكانی دارایی، لەگەڵ پەرەپێدانی بەرنامەكانی وزەی نوێبووەوە و دانانی پلان و بەرنامەی زانستی بۆ نەهێشتنی بەبیابانبوون و دامەزراندنی كشتوكاڵی بەردەوام.
8- بانگەشەكردن بۆ یەكخستن و نوێكردنەوەی هێزە ئەمنییەكان لە هەرێم لە ژێر سەركردایەتییەكی یەكگرتوودا، بۆ دەستەبەركردنی سەقامگیریی ئەمنیی ناوخۆ و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.
9- خستنەڕووی بەرنامە بۆ چۆنێتیی بەهێزكردنی ناسنامەی كوردی و ئینتیما بۆ گەل و نیشتمان، بانگەشەكردن بۆ پاراستنی كەلەپوور و هونەرە فۆلكلۆرییەكان و بەتینكردنی فرە ڕۆشنبیرییەكان لە هەرێمدا.
10- خستنەڕووی بەرنامە بۆ وەدیهێنانی گەشەكردنی كۆمەڵایەتی، وەك پاڵپشتیی خێزانانی كەمدەرامەت و هەژار و فەراهەمكردنی خزمەتگوزاری بۆ ئەو خێزانانە.
11- بانگەشە بۆ پێویستیی وەدیهێنانی دابەشكردنێكی دادپەروەرانەی داهاتەكان لە نێوان شار و ناوچە و گوندەكان لە ڕێی ناسەنتراڵی و حوكمڕانیی خۆجێییەوە.
12- بانگەشە بۆ یەكێتیی هەڵوێستی كورد لە بەرەوڕووبوونەوەی كێشەكان لەگەڵ بەغدا و دیاریكردنی شێوازەكانی بەتینكردن و چاككردنی پەیوەندی لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵیدا، بە شێوەیەك مافەكانی هەرێم دەستەبەربكات بەپێی دەستووری عێراق، لەگەڵ بانگەشەكردن بۆ دامەزراندنی پەیوەندیی هاوسەنگ لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ و بەهێزكردنی پەیوەندی لەگەڵ ڕێكخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەكاندا.