بژار مەلا خدر قایمقامی قەزای قوشتەپە بۆ گوڵان:   لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا زیاتر لە 150 ملیار دینار بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی قەزای قوشتەپە خەرج كراوە

بژار مەلا خدر  قایمقامی قەزای قوشتەپە بۆ گوڵان:     لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا زیاتر لە 150 ملیار دینار بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی قەزای قوشتەپە خەرج كراوە

 

 

لە ساڵی 1959 قوشتەپە بە فەرمی كراوەتە ناحییە، ئەو كات دارەتوو و بنەسڵاوە و بیستانە و شەماك و سنوورێكی بەرفراوان سەر بەو ناحیەیە بوون، بەڵام لە 21/5/2023 لە كابینەی نۆیەمدا سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، فەرمانی بە قەزابوونی بۆ قوشتەپە دەركرد، كە ئێستا 65 گوند لە سنوورەكەیدان. قەزای قوشتەپە هەر لە كۆنەوە خاك و زەوییەكی بەرفراوانی كشتوكاڵیی بەپیت و بەرەكەتی بووە، كە خۆی لە 310 هەزار دۆنم زەویی كشتوكاڵیدا دەبینێتەوە و خەڵك و دانیشتووانەكەشی بە كاری كشتوكاڵی و ئاژەڵدارییەوە خەریكن. ژمارەی دانیشتووانەكەی بە كەمپی ئاوارەكانی سنوورەكەشەوە لە نێوان (65 بۆ 68) هەزار كەس دەخەمڵێندرێت. گۆڤاری گوڵان لەسەر ئەم پرسانە و چەند تەوەری دیكەی پەیوەندیدار، دیدارێكی لەگەڵ بژار مەلا خدر قایمقامی قەزای قوشتەپە ئەنجام دا .

 

 

* لە كابینەی نۆیەمدا تا چەند گرنگی بە قەزای قوشتەپە و سنوورەكەی دراوە؟ ئەو پڕۆژانەی جێبەجێ كراون بۆ خزمەتی هاووڵاتیان و خەڵكی ئەو سنوورە چی بوون؟

- گرنگترین كار كە لە كابینەی نۆیەمدا بۆ قوشتەپە كراوە، ئەوەیە كە لە لایەن ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە بڕیار و فەرمانی بەقەزاكردنی قوشتەپە بووە، چونكە كە بووەتە قەزا، دەسەڵاتی كارگێڕی و دارایی زیاتر و گەورەتر دەبێت و لەو كارەشدا جەنابی سەرۆكی حكومەتی كوردستان ڕەچاوی مێژوو و دڵسۆزیی خەڵكی ناوچەكەی بۆ شۆڕش و كوردستان كردووە، هەروەها قوشتەپە كۆنترین ناحیە بوو لە سنووری پارێزگای هەولێردا، لە ڕووی جوگرافییشەوە هاوسنوورە لەگەڵ ماددەی 140 و دەروازەیەكی گرنگ و سەرەكییە لەگەڵ پانزە پارێزگای ناوەڕاست و خوارووی عێراق، هەر بۆیە بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە گرنگ و پێویستەكانی سنوورەكە دەسەڵاتی بە ئیدارەی ناوچەكە داوە و، دەستی ئێمەی واڵا كردووە بۆ ئەو پڕۆژانەی كە خزمەتی زیاتر بە هاووڵاتیان دەگەیەنێت.

* ئایا لە سنووری ئەو قەزایەدا كێشەی ئاوی خواردنەوە هەیە، ئەگەر هەیە، پلانتان بۆ چارەسەری چییە؟

- لەو كاتەوەی قوشتەپە بووەتە قەزا، جەنابی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پاڵپشتی و ئاسانكارییەكی زۆر و تەواوی كردووە بۆ ئەنجامدانی هەر كار و پڕۆژەیەك كە داوای دەكەین و، بە زووترین كات ڕەزامەندی بۆ دەدرێت و پارە و بودجەی بۆ تەرخان كردووە. هەر لەم سۆنگەیەوە لە سێكتەری ئاوی خواردنەوەدا ڕێزدار سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری داوە بۆ چارەسەرێكی بنەڕەتی و دوورمەودا، پڕۆژەیەكی ئاوی خواردنەوەی ستراتیژیی بۆ قەزای قوشتەپە و سنوورەكەی جێبەجێ بكرێت، ئەویش بە ڕاكێشانی ئاوە لە زێی بچووكەوە بۆ قەزاكە، كە تێیدا سەنتەری قەزا و گوندنشینانی سنوورەكە بە تەواوی سوودی لێ وەردەگرن، ئەو پڕۆژەیەش بڕی زیاتر لە 135 ملیار دیناری بۆ تەرخان كراوە، زۆر شوێن و گەڕەك لە شاری هەولێر ڕەنگە كێشەی ئاوی خواردنەوەیان لە وەرزی ئەو هاوینەدا هەبێت، بەڵام ئێمە وەكو سەنتەری قەزای قوشتەپە و سنوورەكە بە هیچ جۆرێك تووشی ئەو بێ ئاوییە نەبووین، چونكە لە هەر گەڕەك و شوێنێك بیرەكان ئاویان كەمی كردبێت، یان وشك بووبن، ئەوە بیرەكانمان قووڵتر كردووە، یان بیری بەدیل و تازەمان هەڵكەندووە. لە لایەكی دیكەوە ئەمساڵ تەنیا لە گوندی قەرەچناغە كێشەی كەمئاوی هەبوو، ئەویش بە زووترین كات چارەسەر كرا. هەروەها ئەمساڵ بە بڕی (500) ملیۆن دینار ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان پاڵپشتیی ئێمەی كردووە بۆ گۆڕەڕەكانی ئاو و نۆژەنكردنەوەی بیرەكانی ئاوی خواردنەوە و چاككردن و گۆڕینی تۆڕی ئاوی خواردنەوە .

* ئەو كار و پڕۆژانە چین لە تەمەنی كابینەی نۆیەمدا لە سێكتەری كارەبادا بۆ سنوورەكەتان جێبەجێ كراون؟

- ئێستا لە سنووری قەزای قوشتەپە هەموو ستوونەكانی كارەبا گڵۆپی ڕووناكییان بۆ دانراوە، لە هەر شوێنێكیش كێشەی تۆڕی دابەشكردن و گەیاندنی كارەبا هەبووبێت، ئەوە وەزارەتی كارەبا چارەسەری كردووە. لە ئێستادا چاوەڕوانی ئەنجومەنی وەزیرانین بە بڕی یەك ملیار و نیو دینار ڕەزامەندی بدات لەسەر دوو پڕۆژەی زۆر گرنگی كارەبا لە سنوورەكەدا، كە یەكێك لە پڕۆژەكان وێستگەیەكی كارەبای مۆبایلە لە گردەمەلا و دووەم پڕۆژەش وێستگەیەكی كارەبای مۆبایلە لە ئۆمەراوە، لە هەمان كاتدا هەر لەو بودجەیە كار لەسەر گۆڕین و چاككردنی چەند فیدەر و تۆڕی كارەبا لە سنوورەكەدا دەكرێت.

* وەكو دەزانین ئەو سنوورە لە ڕووی كشتوكاڵییەوە لە كۆنەوە گرنگیی تایبەتی خۆی هەبووە، بۆ زیاتر گەشەكردنی كشتوكاڵ و پاڵپشتی و هاندانی جووتیاران چیتان كردووە؟

- لە كابینەی نۆیەمدا بە بڕیاری ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی كوردستان سایلۆیەك لە قوشتەپە بە قەبارەی 40 هەزار تەن بە گوژمەی 23 ملیار دینار دروست كراوە، هاوكات بڕیار درا كە حەرەمی گوندەكان بەرفراوان بكرێت، پێشتر ڕێگە نەدەدرا لەسەر زەویی كشتوكاڵی هیچ شتێك وەكو خانوو، یان پێداویستیی جووتیاران دروست بكرێت، بەڵام لەو كابینەیەدا ڕێگە دەدرێت كە جووتیارەكان ژووری چوار بە چوار لەسەر زەوییەكانیان، بەتایبەتی بۆ بیری ئاوەكان دروست بكەن، هەروەها بە بڕیارێك لەو سنوورەدا جووتیاران و خەڵكەكەی نزیكەی هەزار بیری ئاویان بۆ كاری كشتوكاڵی و ئاودێری لێ داوە، هەروەها لە سنوورەكەدا چەند پۆنتێك بۆ گلدانەوەی ئاو خراوەتە بەرنامە و پلان، كە یەكێكیان لە دەشتی دێدەوانە و دووەمیان لە گوندی قۆچە برباسە، هاوكات لە ئێستادا ئامادەكاری دەكرێت بۆ دروستكردنی سێ پۆنتی دیكەش لە سنوورەكەدا، كە بە تەواوبوونی ئەو پۆنتانە جووتیارانی سنوورەكە سوودێكی زۆر وەردەگرن بۆ كاری كشتوكاڵی و لە كابینەی نۆیەم بە هەموو جۆرێك هاوكاریی جووتیاران كراوە لە ڕووی ئامێری كشتوكاڵی، پەینی كیمیایی و بنەتۆو. ئەمساڵ سایلۆیەكە توانی گەنمی جووتیاران وەربگرێت، ئەمەش ئاسانكارییەكی زۆر گەورە بوو بۆ جووتیارانی سنوورەكە، چونكە ئەمساڵ بەرهەمی گەنمی جووتیارانی سنوورەكە نزیكەی (200) هەزار تۆن بوو.

* ئایا لە بواری ڕێگەوباندا، بەتایبەتی تۆڕی ڕێگەوبانی گوندەكانی سنووری قەزای قوشتەپە، پڕۆژەتان هەیە؟

- لەسەر ڕاسپاردە و فەرمانی ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕی دوو ملیار و 390 ملیۆن دینار تەرخان كراوە بۆ قیرتاوكردن و چاككردنی شەقامەكانی سەنتەری قەزای قوشتەپە لە دەروازەی سەنتەری قەزاوە تا دەگاتە ناو گەڕەك و كۆڵانەكان، دوو ملیار دیناریش ڕەزامەندیی لەسەر دراوە بۆ چاككردن و قیرتاوكردنی تۆڕی ڕێگەوبانی چەند گوندیك لە سنوورەكەدا.

* ئایا لە كابینەی نۆیەمدا تا چەند كار و پڕۆژە بۆ كەرتی تەندروستی كراوە؟

- بۆ باشتركردنی خزمەتگوزارییەكانی كەرتی تەندروستی بۆ هاووڵاتیانی سەنتەری قەزاكە و سنوورەكە، نەخۆشخانەیەكی 25 قەرەوێڵەیی كاری تێدا دەكرێت، لە پاش تەواوبوونی بینایەكەش هەموو پێداویستییەكانی پزیشكی و ستاف و كارمەند و پزیشكی پسپۆڕی جۆراوجۆری بۆ دابین دەكرێت، كە لەسەر ئەركی خێرخواز دكتۆر (عوسمان ئیسماعیل)ـە، كە ئەو نەخۆشخانەیە بەشی فریاكەوتن و هۆڵی لەدایكبوون و نەشتەرگەری لەخۆ دەگرێت، هاوكات بنكەی تەندروستیی قوشتەپە لەسەر ئەرك و بودجەی پارێزگای هەولێر نۆژەن و بەرفراوان دەكرێت و دەكرێتە 24 كاتژمێری، ئەو بنكەیە پێشتر پزیشكی نەبوو لە ئێستادا پزیشكیشی بۆ دابین كراوە.

* ئایا تا چەند كار بۆ چارەسەری كەرتی پەروەردە لە سنووری قەزای قوشتەپە كراوە؟

- لە ڕووی پەروەردەوە، بە سوپاسەوە پارێزگاری هەولێر و وەزارەتی پەروەردە لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ دوو قوتابخانە یەكێكی 12 پۆلی و دووەمیان 9 پۆلییە دروست دەكەن، باخچەیەكی ساوایانیش لە كۆمەڵگەی كاوە دروست دەكرێت، بەڵام هێشتا كێشەكانی پەروەردەیی لە ڕووی بینایەوە، بەتایبەتی لە گوندەكانی سنوورەكە كۆتایی نەهاتووە، بەرنامە و پلان هەیە بە هاوكاریی پارێزگای هەولێر و وەزارەتی پەروەردە ئەو كێشانەی ماون، چارەسەریان بكەین.

* وەك ئاشكرایە لەو سنوورەدا كارگە و پاڵاوتگەی زۆر هەیە، ئایا ئەو كارگەو پاڵاوتگانە بوونەتە هۆكارێك بۆ هەلی كار بۆ خەڵك و گەنجانی سنوورەكە و لەو بوارەدا ڕێنماییەكانی حكومەت و ژینگە تا چەند جێبەجێ كراون؟

- لە سنووری قەزای قوشتەپە چەندین جۆر كارگە و پێشانگە و پاڵاوتگەی نەوت هەیە، هەموو ئەو كارگە و شوێنانە پابەند كراون بە ڕێنماییەكانی پاراستنی ژینگەوە، لەو ماوەی ڕابردووشدا لە ئەنجومەنی وەزیران و پارێزگای هەولێرەوە بڕیار درا، هەموو ئەو پاڵاوتگانەی نەوت دابخرێن كە پابەندی ڕێنماییەكانی پارستنی ژینگە نین، لە پاش ئەو بڕیارە هەموو پاڵاوتگەكانی سنوورەكە داخراون تا ئەو كاتەی بە تەواوی پابەندی ڕێنمایی و یاساكانی ژینگە دەبن، لەلایەكی دیكەوە لەو (800) كەسە كە ناویان تۆمار كراوە بۆ كاركردن، ئێمە توانیومانە تا ئێستا (350) كەسیان لەو كارگە و شوێنانە دابمەزرێنین.

* ئایا چ پڕۆژەیەكتان بۆ كەمكردنەوە و نەهێشتنی كرێنشینی لە قەزای قوشتەپە و سنوورەكەی هەیە؟

-  ئێستا وەكو قایمقامیەت دەمانەوێت بە هاوكاریی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و بە پاڵپشتیی دەوڵەمەند و خێرخوازان و خاوەن كارگە و پیشەوەرانی سنوورەكە، گەڕەكێكی بەرفراوان بۆ هەژار و كەمدەرامەت و كرێچییانی سنوورەكە دروست بكەین، بۆ ئەو مەبەستەش پارچە زەوییەكی نیشتەجێبوونی بەرفراوان تەرخان كراوە، ئەو پڕۆژەیەش قۆناغ بە قۆناغە و ساڵ لە دوای ساڵ جێبەجێ دەكرێت، بۆ هەر ساڵێك دامانناوە 40 تا 50 خانوو لەو پڕۆژەیەدا دروست بكرێت.

Top