یاسا، بژێویی ژن لەسەر پیاو
لە چوارچێوەی یاسا و شەریعەتی ئیسلامدا هەموو كەس بژێویی لەسەر خۆیەتی، جگە لە ژن كە بژێویی لەسەر مێردەكەیەتی، بەگوێرەی مادە (بیست و چوارەم) بڕگە (٢) لە یاسای باری كەسیەتی (بژێوی بریتییە لە خواردن و جلوبەرگ و خانوو و پێویستییەكان و كرێی پزیشكی بە شێوەیەكی باش و، كرێی ئەو خزمەتكارەی كەوا بۆ ئافرەتانی هاوشێوەی ئەو ئافرەتە دیاری كراوە). ئەگەر سەیری مادە (بیست و سێیەم)ی ئەم یاسایەش بكەین، دەبینین بژێویی ژنی لەسەر مێرد پێویست كردووە هەر لە ڕۆژی ئەنجامدانی گرێبەستی هاوژینییەوە، تەنانەت ئەگەر ژن هەبوو و خاوەن داهاتیش بێت، وەك لە مادەكەدا هاتووە (بژێویی ژن لەسەر پیاو پێویستە و لە حاڵەتی دەوڵەمەندیی ژندا بەرپرسیاریەتی هاوبەشە ئەگەر ژن ڕازی بێت)، بێگومان ئەمەش سەرچاوەكەی شەریعەتی ئیسلامە و لە یاساكەدا جێگیر كراوە و بووە بە دەق، بەگوێرەی هەموو ئەمانەش بێت پاش ئەنجامدانی گرێبەستی هاوژینیی دروست، ژن هەر شایستەی بژێوی دەبێت ئەگەر بۆ ماوەیەكی زۆریش نەگوازرێتەوە وەك ئەوەی دەگوترێت دەستگیراندار بێت، یان بگوازرێتەوە و لە ماڵی باوكی یان كەسوكاریدا ژیان بەسەر بەرێت و نەچووبێتە ماڵی هاوسەرێتی، یان بگوازرێتەوە و لە ماڵی هاوسەرێتیدا بێت.