هونەرمەند حەسەن شەریف گۆرانی (كوردمەدار) پێشكەش بە سەرۆك بارزانی دەكات

هونەرمەند حەسەن شەریف گۆرانی (كوردمەدار) پێشكەش بە سەرۆك بارزانی دەكات

هونەرمەند و ئاوازدانەری دیاری كورد (حەسەن شەریف) لە كەناڵی تایبەتی خۆی لە تۆڕی ڤیدیۆیی یوتیوب گۆرانییەكی نوێی بەناوی (كوردمەدار) بڵاوكردەوەو بەرهەمەكەی پێشكەش بە سەرۆك (مەسعود بارزانی) دەكات, هونەرمەند (ئەمین بۆتانی) تێكست و مێلۆدییەكەی ئامادەكردووەو موسیزیان(عەلی شاكر) كاری دابەشكردن و موزیكی بەرهەمەكەی ئامادەكردووە,هەروەها (سەمیر حوسێن) كاری میكس و ماستەرینگی ئەنجامداوە.

ئەم گۆرانییە كە لە ستۆدیۆی (ڕۆ میوزیک ڕۆشن) لە ستۆكهۆڵم بەرهەمهاتووە (گورسەل دایان) كاری تۆماركردنی كردووە,هەروەها(عیسا بۆتانی) كاری گرافیكی بۆ ڤیدیۆی بەرهەمەكە ئەنجامداوە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هونەرمەند (حەسەن شەریف) سەبارەت بە بڵاوكردنەوەی گۆرانی (كوردمەدار) خۆشحاڵی خۆی دەربڕی كە هونەرمەند (ئەمین بۆتانی) ئەم تێكستەی بۆ ئامادەكردووە,لەم بارەیەوە گوتی: گۆرانی (کوردمەدار) لە هۆنراوە و ئاوازی هاوڕێی ئازیزم (ئەمین بۆتانی)یە، دەتوانم بڵێم؛ ئەوە چل ساڵ زیاترە و لەوەتەی خەریکی كاری هونەرییم و گۆرانی بۆ نەتەوە و نشتیمان دەڵێم وەکو ئێستا دڵخۆش نەبووم، چونکە بە ڕاستی تێکستی (کوردمەدار) بەلامەوە چ وەک کورد و چ وەک گۆرانیبێژ دڵ و دەروونمی گەشاندەوە، لەو بڕوایەدام هەر کوردێکی پاک و وابەستەی دۆز و خاکی کوردستان و هەر ئارەزوومەندێکی دنیای ئاواز و گۆرانیش کە گوێبیستی دەبێ حەتمەن پێی شاد دەبێ، لەبەر ئەوەی بەهەموو پێوەرێک (کوردمەدار) لە ئاستێکی بەرزدایە و قسەی دڵی هەر کوردێکی دڵسۆزە کە سەرفرازیی وڵات ئاواتی لە پێشینەی بێ.

گوڵان-ئاسۆ كاكەیی

Top