پێویستە پاڵەوانێتی بكرێتەوە

پێویستە پاڵەوانێتی بكرێتەوە

ئایندە محەممەد یاریزانی كاراتێ‌ یانەی هەڵەبجە

پێویستە پاڵەوانێتی بكرێتەوە
یارییە تاكییەكان گرنگییەكی زۆری پێ دەدرێت لە شارو شارۆچكەكانی كوردستان، یانەی هەڵەبجەش یەكێك لەم یانانەی كە گرنگی زۆر بە بواری وەرزشی دەدەن لە سەر ئاستی كچان، تیپی كاراتێ‌ كچانی یانەكەكەش یەكێك لە تیپە هەرە بەهێزەكانی سەر ئاستی كوردستان و عێراقە، ساڵانە لەگەڵ كردنەوەی خولە جۆراوجۆرەكان بەردەوام لە كێبڕكێ دابوونە بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستە و شەڕكردن لەسەر بەدەستهێنانی نازناوەكانی كوردستان و عێراق دەرەوەی عێراقیش، یەكێك لە كچە یاریزانەبەتواناكانی یانەكەش كە خاوەنی چەندین ئەنجامی باشە لەگەڵ یانەی هەڵەبجە، ماوەی پێنج ساڵە بەرگری لەم تیپە دەكات ئەویش كچە یاریزان ئایندە محەممەد-ە ناوبراو لەدایك بووی ساڵی 2004 و ئێستاش بەردەوامە لە تیپی كاراتێ‌ یانەی هەڵەبجە، جگە لە یاری كردن كاری ناوبژیوانی ئەم یارییەش دەكات لە پاڵەوانێتیەكان ، گۆڤاری گوڵان لە نزیكەوە چەند پرسیارێكی ئاراستەكرد، ئەویش وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
*چۆن بوو هاتیتە نێو جیهانی وەرزشی؟
- هەر لە منداڵییەوە حەز و خولیام بۆ وەرزش هەبووە و ئەمەش بووە هۆكاری ئەوەی بێمە نێو دونیای وەرزشیەوە.
*لە نێو ئەم هەموو وەرزشە چۆن بوو یاری كاراتێت هەڵبژارد؟
- زۆربەی وەرزشەكانم ئەنجامداوە، بەڵام كاراتێ یەكێكە لەم وەرزشانەی كە زۆرترین جوڵەی تێدایە و، وەرزشێكە كە كەسانێكی كەم ڕووی تێدەكەن و جیاوازترە، بۆیە حەزێكی زۆرم بۆی هەبووە.
*هەست ناكەی یارییەكی قورست هەڵبژاردوە؟
-بە بۆچوونی من شتێك كە حەز و خولیا بێت ئەگەر قورسیش بێت لات ئاسان دەبێت و سەركەوتن تێیدا ئاسان دەبێت.
*ئاستی یارییەكانی كاراتێ چۆن دەبینی لە كوردستان؟
-بەداخەوە خەم ساردییەكی زۆر هەیە و پشتگوێ خراوە.
*چی بكرێت باشە بۆ بەرەووپێشبردنی ئاستی ئەم یارییە؟
-پێویستە پاڵەوانێتی بكرێتەوە، وە هاوكاری یانەكان بگرێت ئەگەر بە بڕێكی كەمی ماددیش بێت.
*ڕاستە دەلێن یانەكانی كوردستان تیپی كاراتێ‌ كچانیان لە یانەكانیان پشتگوێ خستووە؟
-بەڵێ وای دەبینم، بەهۆی ئەوەی كەمترین هەڵیان بۆ دەرەخسێنن و پاڵەوانێی كەم دەكرێتەوە.
*بەرنامەت چیە بۆ داهاتووی خۆت وەكو كچە پاڵەوانێك؟
-ببمە یاریزانێكی باش و مەشقی باشتر بكەم، هەروەها بوون بە داوەرێكی بەهێز و سەركەوتوو. .
*سەركەوتن چ هەستێكت پێ دەبەخشێ‌؟
-بێگومان هەستێكی جیاواز و تایبەتە وات لێ دەكات زیاتر هەوڵ بدەیت و خۆت ماندوو بكەیت.
*كێ بە ڕكابەری خۆت دەزانی؟
-هەر یاریزانێك كە خۆی ماندوو بكات و هەوڵی زۆر بدات، بێگومان ڕكابەرێكی باشت دەبێت.
*هیواو ئاواتت وەكو كچە وەرزشكارێك؟
- بتوانم زیاتر پەرە بەتواناكانم بدەم و زیاتر بەشداری پاڵەوانێتی بكەم.
*بۆچی كچان بە كەمی ڕوو لەم وەرزشە دەكەن؟
-لە بەر ئەوەی كاراتێ وا ناسێنراوە كە وەرزشێكی قورسە بۆ ئافرەتان و زیانی هەیە، بێگومان بۆ ئەمەش بە هەڵەدان چوون جگە لەوەی كە سوودی زۆرە و بگرە هەندێك سوودی تێدا بەدی دەكرێت كە لە وەرزشەكانی تردا بوونی نییە.
*هیچ یانەیەك گرێبەستی پێشكەش نەكردووی؟
-نەخێر، ئەگەر گرێبەستیشم پێشكەش بكەن قبوڵی ناكەم و خزمەت بە شارو یانەكەم دەكەم.
*خانەوادەكەت تا چەند هاوكارتن بۆ وەرزش كردن؟
-سەڕەرای ئەوەی كاراتێ وا پێشاندراوە كە زیاتر بۆ كوڕان بێت و كەم خێزان هەیە كچەكانیان بنێرنە ئەم جۆرە وەرزشە، بەڵام خێزانەكەم هەموو كات پاڵپشتم بوون و هانیان داوم بۆ بەردەوام بوون.
*ئەگەرلە كۆتایدا شتێكت ماوە ؟
- دەست خۆشی بۆ گۆڤاری گوڵان، سوپاس بۆ ڕاهێنەرەكەم كاپتن ئەیوب كەمال بۆ هەوڵ و ماندوو بوونی لەگەڵمان.

 

Top