پڕۆفیسۆر گلێن دیزەن بۆ گوڵان: داگیركردنی كورسك لەلایەن ئۆكرانیاوە لە ڕووی ستراتیژیی سەربازییەوە لۆژیكێكی ئەوتۆی تێدا نییە

پڕۆفیسۆر گلێن دیزەن بۆ گوڵان:  داگیركردنی كورسك لەلایەن ئۆكرانیاوە لە ڕووی ستراتیژیی سەربازییەوە لۆژیكێكی ئەوتۆی تێدا نییە

 

پڕۆفیسۆر گلێن ئەریك ئەندرێ دیزەن، زانایەكی سیاسیی نەرویجییە و بڕوانامەی دكتۆرای لە بواری دامەزراوە و تەنگژە ئەمنییەكاندا لە زانكۆی ئازاد لە ئەمستردام بەدەست هێناوە، پێشتر نیشتەجێی ڕووسیا بووە و لە سكووڵی باڵای ئابووری لە مۆسكۆ كاری كردووە. شارەزا و تایبەتمەندی سیاسەتی دەرەوەی ڕووسیا و ئاوێتەبوونی ئەوروپایە، لە ئێستادا پڕۆفیسۆرە لە بەشی مێژوو و زانستە كۆمەڵایەتییەكان لە زانكۆی باشووری ڕۆژهەڵاتی نەرویج. گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجام دا لەبارەی پەرەسەندن و پێشهاتەكانی ئەم دواییەی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیاوە، كە زیاتر لەوەی پێشبینی دەكرا، درێژەی كێشاوە، كە پەرەسەندن و پێشهاتی دیكەی پێشبینی نەكراوی دیكەشی بە خۆیەوە بینیوە، بەتایبەتی هێرشی ئۆكرانیا بۆ سەر ناوچەی كورسك لە نێو خاكی ڕووسیا و دەست بەسەرداگرتنی بەشێكی بەرچاوی ئەو ناوچەیە، كە ڕووسیای تووشی غافڵگیری كرد و ئیحراجییەكی بۆ ئەو وڵاتەش دروست كرد، ئەم پرسانە بوونە تەوەری شرۆڤەكاری لە بارەی ئامانج و پاڵنەرەكانی ئەم هێرشە و دەرئەنجام و دەرهاویشتەكانیەوە لەسەر گۆڕەپانی شەڕەكە و ئاراستە و ڕەوتی شەڕەكەوە.

 

* ئاشكرایە كە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا بەرەوپێشچوون و پەرەسەندنی گەورەی بە خۆیەوە بینیوە، ئەوە بوو دوای ئەوەی هێرشی پێچەوانەی ئۆكرانیا بۆ بەدەستهێنانەوەی خاكەكەی شكستی هێنا، بەڵام ئێستا ئەوە بەدی دەكەین كە سوپای ئۆكرانیا دەستی گرتووە بەسەر پانتاییەكی گەورەی خاكی ڕووسیادا، كە ئەمەش پێشهاتێكی پێشبینی نەكراو بوو و هەمووان بە سەرسوڕمانەوە سەیریان كرد. لێرەدا پرسیارەكە ئەوەیە ئایا بۆچی ئۆكرانیا لەم كاتەدا بڕیاری دا ئەم كارە بكات و بۆچی بە دیاریكراوی هێرشی كردە سەر ناوچەی كورسك لە نێو خاكی ڕووسیا؟

- سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێین كە ئەم ناوچەیە (ناوچەی كورسك) هیچ جموجووڵ و چالاكییەكی سەربازیی تێدا نەبوو، هەروەها یەكێك لە هۆكارەكانی ئەوەی ڕووسیا بە سەرسوڕمانەوە لەم هێرشەی ڕوانی، ئەوە بوو كە پەلاماردانی ئەم ناوچەیە بایەخێكی كەمی هەبوو، یان دەتوانین بڵێین پێیان وابوو هیچ بایەخێكی نابێت. ئەگەر لە ئامانجی ئۆكرانیاش بڕوانین، ئەوا من پێم وایە دەستگرتنە بەسەر وێستگەی ناوكیی ناوچەی كورسكدا، بەڵام ئاشكرایە كە ئەم ئامانجە بەدی نەهاتووە و شكستی هێناوە.

* ئەو كەسانەی لە نزیكەوە بەدواداچوون بۆ پێشهات و پەرەسەندنەكانی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا دەكەن، لێكدانەوە و شرۆڤەكاری جۆراوجۆر دەكەن بۆ پاڵنەر و ئامانجەكانی ئۆكرانیا لەم هێرشە كتوپڕ و چاوەڕواننەكراوەدا، باس لەوە دەكرێت ئۆكرانیا دەیەوێت بە دەستبەسەرداگرتنی بەشێك لە خاكی ڕووسیا لە پێگەیەكی باشتردا بێت بۆ ئەوەی بتوانێت ئەمە وەك كارتی گوشار بەكار بهێنێت و ئەگەر پرۆسەی دانوستاندن لەگەڵ ڕووسیادا دەست پێ بكات، ئەوا بتوانێت سوودی لێ وەربگرێت، لێكدانەوەی ئێوە لەم ڕووەوە چییە؟

-  ئەوە ڕاستە كە ئۆكرانیا پاساوی ئەوە دەهێنێتەوە و بانگەشەی ئەوە دەكات كە دەیەوێت ناوچەیەكی دابڕاو دروست بكات، هەرچۆنێك بێت لەو ناوچەیەدا شەڕێكی ئەوتۆ ڕووی نەدا، دواتر باس لەوە دەكرێت كە ئۆكرانیا دەتوانێت ئەم دۆخە نوێیە بەكار بهێنێت بۆ ئەوەی پێگەی گفتوگۆی خۆی پێ بەهێز بكات لە بەرانبەر ڕووسیادا، بەڵام پێم وانییە ڕووسیا ئامادە بێت بۆ گفتوگۆكردن تا ئەو كاتەی كە سوپا و سەربازی ئۆكرانیا لەسەر خاكی ڕووسیا بێت، هەروەها ئاماژە بەوە كراوە كە ئەمە بووەتە هۆی بەرزكردنەوەی ورەی ئۆكرانیا، بەڵام باوەڕم وایە ئەمە بۆ ماوەیەكی كورت و كاتی دەبێت و درێژخایەن نابێت.

* باس لەوە دەكرێت كە توانای ئۆكرانیا بۆ بەزاندنی سەروەریی ڕووسیا و دەست بەسەرداگرتنی بەشێك لە خاكی ئەو وڵاتە مایەی ئیحراجییەكی گەورەیە بۆ سەرۆكی ڕووسیا (ڤلادمیر پوتین)، چونكە پوتین بانگەشەی ئەوەی دەكرد كە ڕووسیا ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیی تایبەتی لە نێو ئۆكرانیادا ئەنجام داوە لە پێناو پاراستن و بەهێزكردنی سەروەریی ڕووسیا و یەكپارچەیی خاكی وڵاتەكەیدا، كەچی ئەم هێرشەی سوپای ئۆكرانیا بۆ سەر ناوچەی كورسك پێمان دەڵێت، ڕەوتی شەڕەكە دەرئەنجامی نەخوازراو و پێچەوانەی بۆ ڕووسیا هێناوەتە ئاراوە، ئێوە چۆن لێكدانەوە بۆ ئەم بارودۆخە دەكەن؟

- ئەوە ڕاستە كە دەگوترێت پاڵنەر و هۆكاری پشت ئەم هێرشەی ئۆكرانیا بۆ سەر ناوچەی كورسك بریتییە لە ئیحراجكردنی سەرۆك ڤلادمیر پوتین و دروستكردنی بارودۆخێكی نالەبار و نەخوازراو بۆی، هەروەها بۆ داماڵینی شەرعییەتی دەسەڵاتەكەیەتی لە تێڕوانینی هاووڵاتییانی ڕووسیادا، واتە بۆ ئەوەی چیتر هاووڵاتییانی ڕووسیا وەك سەركردەیەكی شەرعی لێی نەڕوانن، بەڵام من پێم وایە ئەمە دەرئەنجامێكی پێچەوانەی لێ كەوتەوە، واتە دەرئەنجامەكە ئەوە بوو، ناتۆ و ئۆكرانیا كارێكیان كرد كە بوونە هۆی ئەوەی ڕووسەكان و هاووڵاتییانی ڕووسیا پتر یەكڕیز بن، كە لە ئێستادا ڕووسیا سەرقاڵە بە ئەنجامدانی شەڕی ڕزگاركردنی نیشتمانییەوە. كەواتە ئەگەر ئەم پرسە پوخت بكەینەوە، ئەوا پێم وایە پاڵنەر و هۆكاری ئۆكرانیا بۆ پەنابردنەبەر ئەنجامدانی ئەم جووڵە و كارە پڕ لە مەترسی و سەركێشییە ئەوەیە كە ئۆكرانیا لە دۆخێكدایە كە هەست دەكات شەڕەكە دەدۆڕێنێت و لە هەمان كاتدا نائومێدی باڵی كێشاوە بە سەریدا.

* كەواتە ئەگەر پێتان وابێت كە ئامانجی ئۆكرانیا لەم هێرشەدا هەر چییەك بێت، ئەوا هیچیان بەدی نایەن و هەموویان شكست دەهێنن، كەواتە بە شێوەیەكی گشتی ئایا پێتان وایە دەرئەنجامی ئەم هێرشەی ئۆكرانیا بۆ سەر ناوچەی كورسك لەسەر تێكڕای شەڕەكە چی دەبێت؟ ئایا بە چەشنێكی بەرچاو ڕەوت و ڕووگەی شەڕەكە دەگۆڕێت؟

- لە ڕاستیدا ئەو شەڕەی لە نێوان ڕووسیا و ئۆكرانیادا دەگوزەرێت، شەڕی ئیستنزافە، دەكرێت بڵێین ئۆكرانیا شەكەت بووە لە ڕووی كەمبوونەوەی ژمارەی سەربازەكانی و ئەو كەرەستە و چەكانەش كە ناتۆ بۆی دەستەبەر كردوون. ئەوەتا ئۆكرانیا باشترین سەرباز و باشترین چەكی خۆی بەكار هێناوە بۆ هێرشكردنەسەر ناوچەی كورسك، كە لەوێدا تووشی تێكشكان دەبنەوە، چونكە دەكرا پێشتر لە پشت هێڵەكانی بەرگرییەوە خۆی حەشار بدایە، بەڵام لە ئێستادا سەربازەكانی ئۆكرانیا لە پانتاییەكی بەرفراواندان و دەكرێت بە ئاسانی بكرێنە ئامانجی هێزی ئاسمانی و فڕۆكە بیفڕۆكەوانەكانی ڕووسیا، چونكە هێڵی دەستەبەركردنی پێداویستییەكان بۆ سوپای ئۆكرانیا لاوازە.

* كەواتە لەم ڕوانگەیەوە ئایا پێتان وا نییە كە ئۆكرانیا بتوانێت سوود لەم دەستكەوتانە (كە خۆی بەرجەستە دەبێت لە دەستبەسەرداگرتنی بەشێكی خاكی ڕووسیا) وەربگرێت؟ ئایا لەو باوەڕەدان كە لە كۆتاییدا ئۆكرانیا تووشی زەرەر و زیانێكی گەورەتر ببێتەوە؟ بە كورتی ئایا پێتان وایە ئەمە سەركێشییەكی پڕ لە مەترسی بوو و حیساب بۆ دەرئەنجام و كۆتاییەكەی نەكراوە؟

- بەڵێ، من هاوڕام لەگەڵ ئەم لێكدانەوە بۆ بارودۆخەكە، یان پەرەسەندنەكە، چونكە لە ڕوانگەی هەموو ئەوانەی ئاماژەمان پێكردن، ئەوا من باوەڕم وایە كە لە دەرئەنجامدا پێشبینی دەكرێت كە ئۆكرانییەكان بەم كارەیان باجێكی گەورە و خەسارەتێكی گەورە بدەن، هەروەها دەبێت ئاماژە بەوە بكەین، هێڵەكانی پێشەوەی سوپای ئۆكرانیا لە بەرەكانی شەڕی لە دۆنباس وەك پێویست سەربازیان تێدا نییە و چەكی پێویستیشیان نییە، كەواتە ڕووسیا لە تەواوی بەرەكان و هێڵەكانی پێشەوەی شەڕ بەرەوپێش دەچێت و ئێستا بەرەو ئەوە دەچێت كە بگاتە سەنتەری لۆجیستی ستراتیژیی پۆكرۆڤسك.

* ئەگەر باس لە دەرئەنجامەكانی ئەم بەرەوپێشچوونە بكەین لە سەر ئاسایش و هاوكێشە جیۆپۆلەتیكییەكانی ناوچەكە و جیهانیش، ئایا پێتان وایە ئەم پەرەسەندنانە چییان گۆڕیوە و چۆن دەكرێت ڕەوتی ناكۆكییە جیۆپۆلەتیكییەكان بگۆڕێت؟

- سەرەتا دەبێت ئاماژە بەوە بكەین كە ڕوونە پلاندان و جێبەجێكردنی ئەم داگیركارییەی خاكی ڕووسیا بە پشتیوانیی ناتۆ ئەنجام دراوە، كەواتە ئەگەر لەم ڕووەوە لە پرسەكە بڕوانین، ئەوا ئەمە هەڵكشانێكی بەرچاوی شەڕەكەیە، دواتر ئێمە دەزانین كە لە تێڕوانینی مۆسكۆدا ناتۆ لە ڕیز و ئاست و خانەی ناپلیۆن و هیتلەردایە.

* هەر لە سەرەتای هەڵگیرسانی شەڕەكەوە باس لەوە دەكرێت كە هەندێ هێڵی سوور هەن، كە نابێت ببەزێنرێن و نابێت ڕووسیا ئیستیفزاز بكرێت، بەتایبەتی كۆت و بەندی ئەوە لەسەر ئۆكرانیا دانرا، كە نابێت ئەو چەكەی لە وڵاتانی ڕۆژئاواوە بەدەستیان دەگات، بۆ لێدانی ئامانجەكانی نێو خاكی ڕووسیا بەكار بهێنرێن، بەڵام ئێستا دەبینین كە ئۆكرانیا چەكی ڕۆژئاوا بۆ دەستبەسەرداگرتنی خاكی ڕووسیا بەكار دەهێنێت. پرسیارەكە ئەوەیە تا چەند ئەمە پاساوی ئەوە دەداتە دەست ڕووسیاوە كە بارودۆخەكە بەرەو هەڵكشانی زیاتر ببات؟

- لە ڕاستیدا من پێم وایە مۆسكۆ خوازیاری ئەوە نییە دۆخەكە بەرەو هەڵكشان بچێت لەگەڵ ناتۆدا، چونكە هەڵكشانێكی لەم چەشنە بۆی هەیە سەربكێشێت بۆ هەڵگیرسانی شەڕی ناوكی، كە هەر شكستهێنانێكیش لە تۆڵەكردنەوەدا (لە میانەی شەڕێكی لەم چەشنەدا) پێشینییەكی زۆر مەترسیدار دەهێنێتە ئاراوە و دەبێتە هۆی ئەوەی ناتۆ بە بوێرییەكی زیاترەوە هەڵسوكەوت بكات.

* لەم شەڕەی ڕووسیا و ئۆكرانیادا زۆر باس لەوە دەكرا كە یاسای نێودەوڵەتی پێشێل كراوە و چیتر سەردەمی ئەوە نەماوە كە وڵاتێك لە ڕێی پەنابردنەبەر بەكارهێنانی هێز و زەبر و زەنگەوە بەشی خاكی وڵاتێكی دیكە داگیر بكات و بیكاتە بەشێك لە خاكی خۆی، ئێستاش دەبینین كە ئۆكرانیا دەستی بردووە بۆ دەستبەسەرداگرتنی خاكی ڕووسیا، ئایا ئەم پرسە لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە چۆن لێك دەدەنەوە؟

- لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە ئۆكرانیا دەتوانێت پاساو بهێنێتەوە بۆ هێرشەكە و بانگەشەی ئەوە بكات كە مەرج نییە شەڕەكە تەنیا لەسەر خاكی ئۆكرانیا ڕوو بدات، دەكرێت ئەم داگیركارییەی ئۆكرانیا بۆ خاكی ڕووسیا بەوە پاساوی بۆ بهێنرێتەوە كە ئەمە بەهێزكردنی توانای بەرگریی ئۆكرانیایە، كە ئەمەش لە ڕوانگەیەكی یاساییەوە مشتومڕێكی لۆژیكییە، بەڵام تێوەگلانی ناتۆ مایەی كێشەیەكی قووڵە. هەر چۆنێك بێت، ئەم كارەی ئۆكرانیا كردوویەتی لۆژێكێكی ئەوتۆی تێدا نییە لە ڕوی ستراتیژیی سەربازییەوە، ڕووسیا ژمارەیەكی زۆری سەرباز و چەكەكانی لەدەست نادات، بۆ داگیركردنی خاكێك كە هیچ ئامانجێكی ستراتیژی لەخۆ ناگرێت، ئۆكرانیاش ناتوانێت درێژە بەم دەستبەرداگرتنەدا بدات.

* ئەگەر باس لە گۆڕەپانی شەڕەكە بكەین و بە دیاریكراوی ئاماژە بەوە بكەین كە ئەگەر ڕووسیا بیەوێت سوپای ئۆكرانیا لەو ناوچە و خاكانەی نێو ڕووسیا دەر بكات، كە بەم دواییە دەستی بەسەردا گرتوون، ئەوا دەبێت بەشێك لە هێزەكان لە بەرەكانی دیكەی جەنگ بكێشێتەوە و ڕەوانەی ناوچەی (كورسك)یان بكات، كە ڕەنگە پەرەسەندنێكی لەم چەشنە بە دڵی ئۆكرانیا بێت، چونكە دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی فشار لەسەر هەندێ لە بەرەكانی جەنگ، ئایا كارێكی لەم چەشنە پێشبینی كراوە؟

- بەڵێ، ئاماژە بەوە كراوە كە دەكرێت ئەم كارە (داگیركردنی ناوچەی كورسك لەلایەن سوپای ئۆكرانیاوە) بەوە لێك بدرێتەوە كە ئەمە هەوڵێكە بۆ پەرتكردنی سەرنج لەسەر ئۆكرانیا و گواستنەوەی بۆ سەر ڕووسیا، چونكە ئامانج لێی پەرت و بڵاوكردنەوەی سوپای ڕووسیایە، كە نكۆڵی لەوە ناكرێت ئەم كارەش بووە هۆی بەرزكردنەوەی ورەی ئۆكراینییەكان، هەروەها هەروەك پێشتریش ئاماژەی پێ كرا بە نیازی ئەوە ئەنجام درا، ئیحراجی بۆ پوتین دروست بكات و ناسەقامگیری لە نێو ڕووسیادا بهێنێتە ئاراوە، كە پێ دەچێت ئۆكرانیا شكستی هێنابێت لە بەدیهێنانی تێكڕای ئەم ئامانجانەدا، هەرچەندە دەكرێت ئەم هێرشە ببێتە هۆی شڵەژاندنی هێڵەكانی دەستەبەركردنی پێداویستییەكانی سوپای ڕووسیا، هەروەها ئەو زانیارییەی ئاشكرا كرد، كە ڕەنگە ناتۆ چەكی زیاتر بنێرێت بۆ پشتیوانیكردن لە داگیركارییەكەی ئۆكرانیا.

* چۆن لە كاردانەوەی ڕووسیا دەڕوانن، بەتایبەتی كە دەگوترێت ڕووسیا لەم ڕووەوە پەرچەكردارێكی خێرای نەبووە و وەك پێویست دەستوبرد نەبووە، بەڵام لە بەرەكانی دیكەی شەڕدا لە بەرەوپێشچووندایە؟

- گرنگترین بەرەی شەڕ لە ئێستادا بریتییە لە بەرەی پۆكرۆڤسك، كە ئەمە ناوەندێكی ستراتیژیی گواستنەوەیە، بەم هۆیەشەوە چەندین هێڵی بەرگری بۆ پارێزگاریكردنی دروست كراوە، كە بڕینی ئەم هێڵە زۆر سەخت دەبوو كە هێزەكانی ئۆكرانیا دەیانتوانی پاشەكشە بكەن بۆ هێڵێكی دیكەی بەرگری، ئەگەر بهاتایە ڕووسیا ئەم هێڵەی ببڕیبایە. هەرچۆنێك بێت، لەبەر ئەوەی باشترین سەرباز و چەكی ناردووە بۆ كۆرسك، ئەوا ڕووسیا بە ڕەوتێكی خێرا جووڵە دەكات لە تێكڕای هەموو ئەم هێڵانەی بەرگری كە وەك پێویست بەرگرییان لێ ناكرێت، بۆیە پێم وایە ئۆكرانیا و ناتۆ هەڵەیەكی گەورەیان كرد بەم داگیركارییە.

Top