نەتەوە یەکگرتووەکان: غەززە لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری ڕابردوودا بووەتە ئامانجی هێرشە دڕندەکانی ئیسرائیل

نەتەوە یەکگرتووەکان: غەززە لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری ڕابردوودا بووەتە ئامانجی هێرشە دڕندەکانی ئیسرائیل

 

دەزگای فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستینی (UNRWA) ڕایگەیاند: کە سوپای ئیسرائیل لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری ڕابردوودا هێرشی دڕندانەی بۆ سەر کەرتی غەززە ئەنجامداوە.

لۆیس واتریج، بەرپرسی باڵای پەیوەندییەکان لە دەزگای فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستینی (UNRWA) لە غەززە، بە ڕادیۆی بی بی سی ڕاگەیاند: کەرتی غەززە لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری ڕابردوودا بووەتە ئامانجی بۆردومان و هێرشی دڕندانە.

واتریج زیادی کرد: ئەو ناوچانەی لە غەززە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر وەک ناوچەی مرۆیی دەستنیشان کرابوون، ئێستا بوونەتە هێڵی پێشەوەی هێرشە سەربازییەکان. فەلەستینییەکانی کەرتی غەززە تەنیا دەتوانن هیوایان بە ڕزگاربوون لە شەوەکەدا هەبێت لە نێوان بۆردومانی تونددا.

لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە تا ئێستا ٤٠ هەزار و ١٣٩ فەلەستینی کە لانیکەم ١٦ هەزار و ٣١٤ منداڵ و ١٠ هەزار و ٩٨٠ ژن کوژراون و ٩٢ هەزار و ٧٤٣ کەسیش بریندار بوون.

لە لایەکی دیکەوە باس لەوە دەکرێت، کە هەزاران کوژراو هێشتا لە ژێر داروپەردوودا ماون، ژێرخانی مەدەنیش بە ئامانجگرتنی نەخۆشخانە و دامەزراوە پەروەردەییەکان کە خەڵک پەنایان گرتووە، لەناو دەچێت.

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top