ڕوونکردنەوەیەک لە ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانەوە لەبارەی بابەتی ئازادییەکان لە هەرێمی کوردستان

ڕوونکردنەوەیەک لە ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانەوە لەبارەی بابەتی ئازادییەکان لە هەرێمی کوردستان

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان دووپاتی دەکاتەوە: یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکان ژمارە (5)ـی ساڵی 2015 لە هەرێمی کوردستان دان بە پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان دەنێت کە لە هەرێمی کوردستانن لەوانە زەردەشتییەکان. هەروەها ئێزدییەکانیش وەکو نەتەوە، کوردی ڕەسەنن و لە ڕووی ئایینییەوە لە یاسای ژمارە 5ـی ساڵی 2015 دانیان پێنراوە.

دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، لەبارەی دانیشتنی ڕۆژی دووەمی گفتوگۆکانی لێژنەی نەتەوەیەکگرتووەکان تایبەت بە نەهێشتنی ڕەگەزپەرستی لە جنێڤ، ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد: ئەمڕۆ تێبینییان لەسەر ناساندنی ئایینی زەردەشتی و دانپێدانان پێیان هەبوو، ڕوونکردنەوەیان لەسەر ئەو بنەمایە بووە کە یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکان ژمارە (5)ی ساڵی 2015 لە هەرێمی کوردستان دان بە پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان دەنێت کە لە هەرێمی کوردستانن لەوانە زەردەشتییەکان.

لەبارەی ئێزدییەکان، لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە: لە گوتاری حکوومەتی هەرێمیش کە دوێنێ پێشکەشیان کرد بە تێر و تەسەلی باسیان لە پێکهاتەی ئێزیدی کردووە وەک ئایین، هەروەها ئەو ئازارانەی کە چەشتوویانە لە دەست داعش و، هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ حەواندنەوە و یارمەتیدانیان و ڕزگارکردنی ڕفێندراوان و چارەکردنیان لە دەرەوە.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، ئاماژەی بەوەش کرد: لە ڕۆژی دووەمی گفتوگۆکانی لێژنەی نەتەوەیەکگرتووەکان باسیان لە خوێندنی ئێزدیاتی کرد، هەروەها باسیان لە پاڵپشتیکردن و دیکیۆمێنتکردنی کەیسەکانیان و بە جینۆسایدناساندنی ئەو تاوانانەی دەرهەقیان ئەنجام دراون کرد.

هاوکات دووپاتی دەکاتەوە، کە ڕوونکردنەوەیان لە بابەتی پێکهاتەکان ئەمڕۆ لە ڕۆژی دووەم لە بارەی پرسیارێکی تایبەت بوو بە زەردەشتییەکان کە لە هەرێم دانیان پێنراوە.

ناوبراو دەڵێت: "خوشک و برا ئێزدییەکان وەکو نەتەوە، کوردی ڕەسەنن و لەرووی ئایینییەوە لە یاسای ژمارە 5ـی ساڵی 2015 دانیان پێندراوە. هەروەها لە ڕووی کارگێڕییەوە بەڕێوەبەرایەتییەک لە حکوومەتی هەرێم سەرپەرشتی خوێندنی ئێزدی دەکات و ماددەی ئێزدییاتی دەخوێندرێت لەو ناوچانەی کە زۆرینەیان دانیشتووانی ئایینی ئێزدین.

دیندار زێباری، هەر لەبارەی ئێزدییەکان ئەوەشی خستەڕوو، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان هەیە بۆ سەرپەرشتیکردنی کارەکانیان.

Top