ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان لە جنێڤ گوتاری حکومەتی هەرێم تایبەت بە نەهێشتنی هەموو جۆرە جیاکارییەکی ڕەگەزی پێشکەش کرد

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان لە جنێڤ گوتاری حکومەتی هەرێم تایبەت بە نەهێشتنی هەموو جۆرە جیاکارییەکی ڕەگەزی پێشکەش کرد

ڕۆژى چوارشه‌ممه‌ ١٤ی ئابی ٢٠٢٤، گفتوگۆکانی ڕاپۆرتی یەکگرتوو بۆ هەردوو ڕاپۆرتی دەورەی بیست و شەشەم و بیست و حەوتەمی کۆماری عێراق، بۆ لیژنەى تایبەت بە نەهێشتنی هەموو جۆرە جیاکارییەکی ڕەگەزی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان لە جنێڤ ئەنجام درا.
لە گفتوگۆکاندا د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە ‌حکومەتی هەرێمى كوردستان، گوتاری حکومەتی هەرێمی پێشکەش کرد و تێیدا تیشکی خستە سەر هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم، بۆ نەهێشتنی هەموو جۆرەکانی ڕەگەزپەرستی و گوتی: حکومەتی هەرێم کاری بۆ دروستکردنی کۆمەڵگه‌یەکی دوور لە جیاکاری كردووه‌ لە هەموو ئاستەکاندا و لەم چوارچێوەیەشدا چەندین بابەتی پەیوەندیدار لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بەدواداچوونیان بۆ کراوە. لە ماوەی نێوان ساڵانی ٢٠١٩ بۆ ٢٠٢٣، پەرلەمانی هەرێمی کوردستان (٣٥) یاسای دەرکردووە، ڕەشنووسی (٧) یاسای نوێ ڕەوانەی پەرلەمان کراوە، بۆ پاراستنی ئازادییە گشتییەکان، هەروەها زیاتر لە (١٢) یاسای تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەى جیاکاری لەسەر بنەمای ڕەگەز دەرچووە.
زێباری زیاتر گوتی: ئەم هەوڵانە لە چوارچێوەی پابەندبوونی حکومەتە بە جێبەجێکردنی پلانی پێنج ساڵەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ، تاکوو ئێستا شەش ڕاپۆرت لەوبارەوە ئامادەکراون، کە هەڵسەنگاندنێکی بەراوردکاریی گشتگیر بۆ پرۆسەی جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی پلانەکە دەکات، بەپێی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان لە هەر سێ دەسەڵاتی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەریيدا. لەسەر ئاستی دەسەڵاتی جێبەجێکردن، کۆی گشتی ڕاسپاردەکان گەیشتوونەتە (٤٤٨) ڕاسپاردە. ڕێژەی جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکان لە ساڵی ٢٠٢٣ بۆ (٧٤.١٪) بەرزبووەتەوە. لە کۆی (١٩) ڕاسپاردە سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی جیاکاری و ڕەتکردنەوەی گوتاری ڕقلێبوونەوە، (١٥) ڕاسپاردە جێبەجێ کراون و (٣) ڕاسپاردە لە قۆناغی جێبەجێکردندان.

سەبارەت بە مافی کرێکارانی بیانيیش ڕایگەیاند: ئەو کرێکارانەی تۆمار کراون لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە تاکو نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ ژمارەیان (٨٨,٦٥٢) کرێکار کە هەمان مافەکانی کرێکارانی هەرێمیان هەیە، لە هەمان کاتدا لیژنەیەکی باڵا پێکهاتووە، بۆ ڕێکخستنی هێنانیان، و لیژنەیەکی تایبەتمەند بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخی کرێکارە بیانییە ئافرەتەکان پێکهاتووە و هێڵی گەرمی (٥٥٠٠) تەرخانکراوە بۆ وەرگرتنی سکاڵاکانیان.
سەبارەت بە دیکیۆمێنتکردنی بەڵگەی تاوانەکانی دا‌‌عش گوتی: حکومەتی هەرێم فایلی هەزاران ڕفێندراوی ئەرشیف کردووە، کە دەکاتە (٢٤,٩٦٥) فایل و (٤٠٨,٥٤٠) لاپەڕە. هەروەها تا ئێستا (٣٥٧٩) کەسی ڕفێندراو ئازاد کراون و بە ڕێنمايیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جێبەجێکردنی پرۆژەی بەخشینی دەرماڵەی مانگانە ڕاگەیەندراوە، کە ئامانج لێی پاڵپشتیکردنی ڕزگاربووانی داعشە. لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ دووبارە هێنانە ناوەوەی ڕزگاربووان بۆ کۆمەڵگه‌، سەنتەری چارەسەری دەروونی لە شاری دهۆک کراوەتەوە، کە پشتگیريی سەدان ڕزگاربووی تێدا کراوە. جگە لەوەش زیاتر لە هەزار کەس لە ڕزگاربووان ڕەوانەی ئەڵمانیا کراون بۆ وەرگرتنی چارەسەری دەروونی.
دواتر تیشکی خستە سەر رەوشی چاکسازییەکان و گوتی: ڕەشنووسی یاسای چاکسازییەکان یاسای سزای جێگرەوە ئامادەکراوە بۆ چارەسەرکردنی قەرەباڵغی چاکسازییەکان و پاراستنی خێزانەکان لە هەڵوەشانەوە. جگە لە دامەزراندنی بنکەی تەندروستی لە دامەزراوە چاکسازییەکاندا، لە هەموو چاکسازییەکاندا تۆماری داتا و زانیاری سەبارەت بەو کەسانەی لەوێ دەستگیر کراون دەپارێزرێن. لە هەمان کاتدا کامێرای چاودێری لە سەرجەم ناوەندەکانی چاکسازی دانراون و دوو سندوقی سکاڵاش دانراون، کە یەکێکیان بۆ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییە و ئەوی دیکەیان بۆ دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤە. وەک بەشێک لە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجەدان لە ساڵی ٢٠٢٣دا (٣٢) کەیسی پەیوەندیدار ڕەوانەی دەسەڵاتی دادوەری کراون.
ئەوەشی گوت: جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە هەرێمی کوردستان نەماوە، سەرەڕای ئەمەش لەساڵی (٢٠٢٢) وە تاکوو (١١/٨/٢٠٢٤) ژمارەی ئەو کەسانەی لە هەرێم حوکمی لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە گەیشتووەتە (٤٧٠) لەنێویاندا (١١) بیانی هەبوون، سزای (٤) کەسیش لە له‌سێدارەدانه‌وه‌ بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدراوە.
هەرێمی کوردستان میوانداريی نزیکەی یەک ملیۆن ئاوارە و پەنابەر دەکات، حکومەتی هەرێم پاڵپشتيی سیاسەتی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکان دەکات، لە سەرەتای ئەم مانگەشەوە (٢٦٦) خێزان بە ئارەزوومەندانە گەڕێندرانەوە ناوچەکانی خۆیان. هەروەها حکومەت پێشتر ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی (٢٧١) خێزانی دیکەی ئاوارە لە ناوچەی حەسەن شام کردووە.
لە بارەی مافە ڕۆشنبیرییەکانی پێکهاتەکانیش ڕوونی کردەوە: بۆ دەستەبەرکردنی مافە ڕۆشنبیرییەکانی پێکهاتە ئایينی و نەتەوەییەکان، بەڕێوەبەرایەتيی گشتيی خوێندنی تورکمانی و سریانی هەن، ژمارەی ئەو قوتابیيانەی بە تورکمانی دەخوێنن (٢٥٦٥) قوتابییە لە (١٨) قوتابخانە و ئەوانەی بە زمانی سریانی دەخوێنن ژمارەیان (١,٧٠٨) قوتابییە لە (٢٤) قوتابخانە، دەستەیەک سەرپەرشتيی خوێندنی ئێزیدیاتی دەکات لە پەروەردەی پارێزگای دهۆک. لە لایەکی دیکەوە حکومەتی هەرێم ڕێنمايیی تایبەتی بۆ گوتاری هەینی دەرکردووە، بۆ ئەوەی دوور بێت لە توندوتیژی، هەروەها بانگهێشتی پێکەوەژیانی ئاشتیيانە لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکاندا دەکات. لەو چوارچێوەیەدا ڕێز لە (١٨٠٠) وتاربێژ نراوە و پاڵپشتی بۆ (٣٢١) وتاربێژ دەربڕدراوە، کە بەشدارییان لە پێشخستنی بەهاکانی پێکەوەژیان و ڕەتکردنەوەی ڕقوکینە کردووە .
لە درێژەی گوتارەکەیدا ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی: ژمارەی کەمئەندامان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان کە لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی تۆمارکراون (٧٨٣٣٥) کەسە، لەو ژمارەیە (٥٦١٧)یان لە کەرتی گشتی و زیاتر لە (١٣٢٤٩)یان لە کەرتی تایبەتدا کار دەکەن، وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان میدیای بینراوی ڕاسپاردووە بۆ بەکارهێنانی زمانی ئاماژە. لە لایەکی دیکەوە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان یاسای ژمارە ٨ی ساڵی ٢٠١١ی دژ بە توندوتیژيی خێزانی دەر کردووە، و کار بۆ هەموارکردنەوەی دەکرێت بە پشتبەستن بەو یاسایەی کە پێشتر ئاماژەمان پێ داوە، (٥) شەڵتەر بۆ ئافرەتانی هەڕەشەلێکراو کراوەتەوە، کە لە ئێستادا (٩١) ئافرەتی تێدا نیشتەجێیە، لەنێویاندا (٢١) بیانی هەیە. لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣ دا (١٨,٦٢٠) سکاڵای توندوتیژی خێزانی پێشکەش بە دادگاکانی لێکۆڵینەوە و تاوان کراوە لەوانە (١٠,٨٩٧) دۆسییە یەکلایی کراونه‌ته‌وه‌. لە ساڵی ٢٠٢٣ دادگاکان (٣١٣) دۆسیەی تایبەت بە هاوسەرگیريی کچانی منداڵ و هاوسەرگیريی زۆرەملێیان تۆمار کردووە. ڕێوشوێنی یاسایيی پێویست دەستبەجێ لەگەڵ وەرگرتنی ڕاپۆرت سەبارەت بەم کەیسانە دەگیرێتە بەر، بە ئامانجی ڕێگریکردن لە تەواوبوونی هاوسەرگیرییەکە و لێپرسینەوە لەو کەسانەی بەرپرسیارن لە ئەنجامدانی ئەم تاوانانە یان ئاسانکاریکردن بۆیان.
دواتر ئاماژەی بە نوێنەرایەتیکردنی ئافرەتان لە پۆستە باڵاکان کرد و گوتی: ئافرەتان پۆستی باڵایان هەبووە، لەوانە سەرۆکی پەرلەمان، وەزیر، لە دەزگای دادیشدا (٧٢) دادوەری ئافرەت ، (٦٥) داواکاری گشتی، زیاتر لە (٢٠٠) یاریدەدەری دادوەری هەنه‌، و (٥٠٠) لێکۆڵەری دادوەریش هەن. لە لایەکی دیکەوە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان (١٦٠٠) ڕۆژنامەنووس و (٥٧) خاوەن ئیمتیاز و (٧٤) سەرنووسەری ئافرەتی لەخۆ گرتووە.
لە کۆتايیی گوتارەکەیدا ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی: بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، تیمە تایبەتەکان سەردانی (١٩٦) کۆمپانیایان کردووە، (١٣) کۆمپانیا دراونەتە دادگا ، (٦٢) کەس بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مرۆڤ دەستگیر کراون، (٨) کەس بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مرۆڤ سزا دراون، هەروەها (٩٠) پەڕاوی لێکۆڵینەوە لە کۆی( ١٩٠) دۆسیەی بازرگانیکردندا یەکلایی کراونه‌ته‌وه‌.

 

Top