بەرەو كۆنفڕانسی لایەنەكان (كۆپ29) لە ئازەربایجان

بەرەو كۆنفڕانسی لایەنەكان  (كۆپ29) لە ئازەربایجان

 

گۆڕانی كەشوهەوا كە سەرتاسەری جیهانی گرتووەتەوە و دەتوانین دیارترین ئاسەوارەكانیشی وەك دەركەوتوون و جۆراوجۆریشن، لە چەند خاڵێكدا ئاماژە پێ بدەین، وەك: كەمبارانی لە لایەك و لافاو لە لایەكی دیكە، دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەوی، دیاردەی بەبیابانبوون، بەرزبوونەوەی گەرمیی بەرگە گۆی زەوی، فشاركەوتنە سەر دەرامەت و سەرچاوە سرووشتییەكان، سەرهەڵدانی دیاردەی ئاوارەبوون و پەنابەریی ژینگەیی، پیسبوونی هەوا، لەناوچوونی ڕووبەرێكی زۆری دارستانەكان، تواندنەوەی بەستەڵەكەكان و دیارنەمانی زۆرێك لە جۆرەكانی زیندەوەران.

ڕێككەوتننامەی چوارچێوەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە بارەی گۆڕانی كەشوهەواوە كە لە ساڵی 1992 لە كۆنگرەی لووتكەی زەوی هاتە ئاراوە لە (ڕیۆدی جانیڕۆ)ی وڵاتی بەڕازیل، لە پێناوی ڕێگری لە كاریگەرییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا بوو، زۆرینەی وڵاتانی جیهانیش چوونە نێو ڕێككەوتننامەكەوە.

بۆیە بە مەبەستی جێبەجێكردنی بڕگە و ڕاسپاردەكانی نێو ئەم ڕێككەوتننامەیە بڕیار درا، ساڵانە لە كیشوەرێكدا و لەو كیشوەرەشدا لە وڵاتێك كۆنفڕانسێك ئەنجام بدرێت، ئەم كۆنفڕانسەش بە كۆنفڕانسی لایەنەكان ناسرا.

كۆنفڕانسی لایەنەكان (كۆنفڕانس ئۆف پارتیس) كە بە كورتكراوەیی بە (كۆپ) ئاماژەی پێ دەكرێت، بریتییە لە كۆبوونەوەی ساڵانەی ئەو وڵاتانەی كە واژۆیان لەسەر پابەندبوون بە (ڕێككەوتننامەی پاریس)ـەوە كردووە و، كار دەكەن بۆ جێبەجێكردنی بڕگە و ڕاسپاردەكانی نێو ڕێككەوتننامەی چوارچێوەیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ گۆڕانی كەشوهەوا، كە لە ساڵی 1992 لە كۆنگرەی لووتكەی زەوی هاتە ئاراوە.

(ڕێكەوتننامەی پاریس)یش كە عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە پابەندن پێی، داوا لە هەر وڵاتێكی ئەندامی دەكات، بەڵگەنامەی پشكداریی نیشتمانی ئامادە بكات و هەر پێنج ساڵێكیش هەڵسەنگاندنی بۆ بكات و هەمواری بكاتەوە، بە مەبەستی باشتر گرتنەبەری ڕێكارەكانی كەمكردنەوەی دەرهاویشتەكان و خۆگونجاندن لەگەڵ كاریگەرییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا.

یەكەم كۆنفڕانسی لایەنەكان (كۆنفڕانس ئۆف پارتیس) لە ساڵی 1995 ئەنجام دراوە، لە ئەو ساشەوە بەردەوامە هەتا ئێستا، ئەمساڵیش كە بە (كۆپ29) دەناسرێت، بە هۆی ئەوەیە كە ئەمە كۆنفڕانسی ژمارە(29)یە، بۆ ئەم مەبەستەش (باكۆ)ی پایتەختی ئازەربایجان ئەمساڵ میوانداریی كۆنفڕانسی لایەنەكان (كۆپ29) دەكات لە ماوەی نێوان (11 تا 22)ی نۆڤەمبەری 2024، ئازەربایجانیش هیواخوازە لە كۆبوونەوەی سەرۆك و سەركردەكانی جیهان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و كەرتی تایبەت و خاوەنكاران و دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان و چالاكانی ژینگەیی، بگەنە ئەو ڕێكارە كاریگەرانەی كە بە هۆیانەوە باشتر لە پێشوو بڕگە و ڕاسپاردەكانی ڕێككەوتننامەی پاریس جێبەجێ دەكرێن.

بەشداربوونی ڕێزداران سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و نوێنەرانی دەستەی ژینگە و نوێنەرانی وەزارەت و دەستە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوە فراوانەكانی ناوچەكە و جیهان لەبارەی پرسی وزە نوێبووەكان و گۆڕانكارییەكانی كەشوهەواوە، بەردەوامبوون لەسەر هەنگاوەكانی هەرێمی كوردستان بەرەو ئابوورییەكی سەوزی بەردەوام و وەبەرهێنان لە بواری ژینگە و وەبەرهێنانی سەوز، وەك جێبەجێكردنی پابەندییەكانی نێو بەڵگەنامەی پشكدارییە نیشتمانییەكان و بەجێهێنانی ژمارەیەك لە ئامانجەكانی گەشەپێدانی بەردەوام و پاڵپشتییكردنی كەرتە زیانلێكەوتووەكان بەهۆی گۆڕانی كەشوهەوا، كە هەندێك لە ئاسەوارەكانی لە عێراق و هەرێمی كوردستانیشدا دەركەوتوون، هەروەها بۆ سوودوەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتانی پێشكەوتوو لە بواری وەبەرهێنانی ژینگەییدا بەو پڕۆژانەی كە دەبنە مایەی كەمكردنەوەی گۆڕانی كەشوهەوا، یان خۆگونجاندن لەگەڵ ئاسەوارەكانییدا، لە ڕێگەی پڕۆژە هاوبەشەكانی نێوان كەرتی گشتی و تایبەت و ئاژانسە پەیوەندیدارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و دۆستانمان لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وەبەرهێنەران و بەڵێندەران و ڕێكخراوە ژینگەییە خۆماڵی و نێودەوڵەتییەكانەوە.

ئەو سوود و دەستكەوتانەش زۆرن كە ئومێد وایە لە بەشداربوونی ڕێزدار سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بێنە ئاراوە، كە دەكرێت ئاماژە بە هەندێكیان بكەین، وەك:

1- ئاشناكردنی سەرۆك و سەركردەكانی جیهان بە هەوڵە كوردستانییەكان لە چوارچێوەی هەنگاوە جیهانییەكان لە بواری دۆزینەوەی ڕێگەچارە بۆ دیاردەی گۆڕانی كەشوهەوا.

2- دانان و جێكردنەوەی هەوڵەكانی هەرێمی كوردستان لەسەر نەخشەی جیهان بۆ گۆڕانی كەشوهەوا.

3- بەهێزكردنی پەیوەندی لەگەڵ بەرپرسانی نەتەوە یەكگرتووەكان لەبارەی ڕێككەوتننامەی چوارچێوەی گۆڕانی كەشوهەوا.

4- بەهێزتركردنی پێگەی هەرێمی كوردستان لە داڕشتنی ئەو بڕیار و ڕاسپاردانەی لە بواری گۆڕانی كەشوهەوادا دەدەرێن.

5- بەرجەستەكردنی ئەو بەڵێنە ژینگەییانەی كە لە كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتوون.

6- خستنەڕووی پێداویستییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ڕێگرتن لە كاریگەرییە نەرێنییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا.

7- بەهێزكردنی پێگەی شاندی تەكنیكیی دەستەی ژینگە و نوێنەرانی وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

8- سەلماندنی ئەو ڕاستییەی كە هەرێمی كوردستان بەشێكە لە چارەسەر بۆ گرفتە جیهانییەكانی وەك گۆڕانی كەشوهەوا.

Top