بەهۆی داڕمانی سەقفی هۆتێلێک لە ئەڵمانیا 2 کەس گیانیان لەدەستدا
میدیاکانی ئەڵمانیا بڵاویانکردەوە، دوای داڕمانی سەقفی هۆتێلێک لە ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە، لانیکەم 2 کەس گیانیان لەدەستداوە و هەندێکیان تا ئێستاش لە ژێر داروپەردوودا گیریان خواردووە.
لەسەر بنەمای ئەم هەواڵانە ئەم ڕووداوە شەوی چوارشەممە 7ی ئاب لە هۆتێلێکی شاری "کروف" لە ڕۆژئاوای ئەڵمانیا ڕوویداوە.
دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا ڕایانگەیاند، سەقفی یەک نهۆمی ئەم هۆتێلە بەتەواوی ڕووخاوە، جگە لە گیانلەدەستدانی 2 کەس، هێشتا هەندێک كەس لەژێر داروپەردوودا گیریان خواردووە.
هەروەها تا ئێستا ڕوون نییە هۆکاری ئەم رووداوە چی بووە.
دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا ڕایانگەیاند، فریاگوزاران لە ڕێگەی کونەکانی دیوارەکانەوە بەرکەوتنیان لەگەڵ ئەو کەسانەدا هەبووە کە لە ژێر داروپەردوودا ماونەتەوە.
پۆلیسی ئەڵمانیا ڕایگەیاند، هەوڵەکانی ڕزگارکردن "زۆر قورسە"، چونکە باڵەخانەکە لە دۆخێکی ناجێگیردایە و بەشەکانی دیکەش مەترسیی ڕووخانی لەسەرە.
دەسەڵاتدارانی ناوچەکە ڕایانگەیاندووە، هەندێک خانووی نزیک هۆتێلەکە کە نیشتەجێبوونیان تێدابووە، چۆڵکراون.
دوای چەند کاتژمێرێک لەم ڕووداوە، تا ئێستا هیچ هەواڵێک لەبارەی ئەو کەسانەی لە ژێر داروپەردووی ئەم هۆتێلەدا گیریان خواردووە، نییە.
گوڵان: سەردار خەلیل