د.ڕێبین سەمەد مامۆستای زانكۆ – هەولێر: حكومەتی عێراق پێداگری لەسەر ئەوە دەكات هەر بەو یاسا كۆنانەی سەردەمی ڕژێمەكانی دیكتاتۆری و سەنتڕاڵی مامەڵە لەگەڵ سێكتەری نەوت و گاز بكات

د.ڕێبین سەمەد  مامۆستای زانكۆ – هەولێر:  حكومەتی عێراق پێداگری لەسەر ئەوە دەكات هەر بەو یاسا كۆنانەی سەردەمی ڕژێمەكانی دیكتاتۆری و سەنتڕاڵی مامەڵە لەگەڵ سێكتەری نەوت و گاز بكات

سێكتەری نەوت و گاز لە عێراقدا وەك ئاسایشی نیشتمانی سەیر دەكرێت و، پرسێكە هەر سێ لایەنی (سیاسی و ئابووری و یاسایی) پێكەوە گرێ دەداتەوە. بۆیە جەختم لەسەر ئەوە كردەوە، ئەم پرسە وەك ئاسایشی نیشتمانی سەیر دەكرێت، چونكە لە ڕووی ئابوورییەوە زیاتر لە 90%ی داهاتی عێراق بە ڕێگەی فرۆشتنی نەوت دابین دەبێت و، فاكتەری سەرەكییە بۆ پڕكردنەوە و بار و بژێوی و داهاتی هاووڵاتیانی عێراق.

كێشەی سەرەكیی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق لەسەر سێكتەری نەوت و گاز و یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی لەو خاڵەوە سەرچاوە دەگرێت كە بە دوو تێڕوانینی جیاواز مامەڵە لەگەڵ ئەم سێكتەرە هەستیار و گرنگە دەكەن.

هەرێمی كوردستان دەیەوێت بە پشتبەستن بە دەستووری عێراق و سیستەمی سیاسی وەك سیستمێكی فیدڕاڵی مامەڵە لەگەڵ سێكتەری نەوت و گاز بكرێت و بە شێوازی هاوچەرخ و پێشكەوتوو و لەسەر بنەمای دەستووری عێراق یاسای نەوتی گازی فیدڕاڵی دەربچێت، هەروەك ئەو یاسای نەوت و گازەی هەرێم یاسای ژمارە22ی ساڵی 2007 ی پەرلەمانی كوردستان. بەڵام حكومەتی عێراق پێداگری لەسەر ئەوە دەكات هەر بەو یاسا كۆنانەی سەردەمی ڕژێمەكانی دیكتاتۆری و سەنتڕاڵی مامەڵە لەگەڵ سێكتەری نەوت و گاز بكات، واتە ڕەچاوی ئەوە ناكات كە سیستەمی سیاسیی ئێستای عێراق دەبێت فیدڕاڵی بێت، نەك سەنتڕاڵی، هەر بۆیە هەتا ئەمڕۆش ئەو یاسایەی وەزراەتی نەوتی عێراق ئەم سێكتەرە گرنگەی پێ بەڕیوە دەبات، یاسایەكە كە دەگەڕێتەوە بۆ شەستەكانی سەدەی ڕابردوو.

هەر بۆیە هەتا ئەم زهنییەت و ئەقڵییەتە بۆ بەڕێوەبردنی سێكتەری نەوت و گۆڕانكاری بەسەردا نەیەت، بەوجۆرە كە دەستووری عێراقی 2005 دیاری كردووە، كێشەكە هەر بە هەڵواسراوی دەمێنێتەوە.

Top