بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ و لافاو ١٤ کەس گیانیان لەدەستدا

لە ئەنجامی بارانبارینی بەخوڕی وەرزی لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژئاوای پاکستان 14 کەس گیانیان لەدەستدا.
بەهۆی بارانی بەخوڕ و لافاوەوە لە ویلایەتی خیبەر پختونخوا لە باکووری ڕۆژئاوای پاکستان ١٤ کەس گیانیان لەدەستدا کە ٧ کەسیان منداڵ بوون.
بیلال فائیزی، وتەبێژی بەشی بەڕێوەبردنی کارەساتی سروشتی پاکستان ڕایگەیاند، تەرمی ٣ ژن و ٧ منداڵ و پیاوێکی خێزانێک کە لە کاتی خەوتندا ڕووبەڕووی کارەساتی لافاو بوونەتەوە لە ناوچەی کۆهات لە پارێزگای خیبەر پەختونخوا دۆزراونەتەوە .
فائیزی هەروەها ڕایگەیاند، لە دوو قەزای دیکەی ویلایەتەکەدا ٣ کەسی دیکە بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە.
هەروەها بەرپرسانی پاکستان هۆشدارییاندا لەبارەی بارانبارینی بەخوڕی وەرزی بۆهەفتەی داهاتوو.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت، کەلە لافاوەکەی ساڵی ٢٠٢٢ی پاکستان هەزار و ٧٣٩ کەس گیانیان لەدەستداوە و حکومەتی ئەم وڵاتەش زیانەکانی لافاوەکەی زیاتر لە ٣٠ ملیار دۆلاری ڕاگەیاندبوو.
گوڵان: سەردار خەلیل