پێكەوەژیانی ئایین و نەتەوە جیاوازەكان لە ناو عەقیدە و فیكری بارزاندا

پێكەوەژیانی ئایین و نەتەوە جیاوازەكان لە ناو عەقیدە و فیكری بارزاندا

سەردانەكانی هەر چوار سەركردەی بارزان بۆ پەرستگەی پیرۆزی لالش. زیاتر لە مانا و قووڵاییەكی تایبەتی و مێژووییان هەیە (بارزانیی نەمر، جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی، ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی، ڕێزدار مسرور بارزانی).

كاتێك باسی كوردایەتی دەكرێت، پێویستە شكۆدارانە یادی شێخی بارزان بكەینەوە لە دامەزراندنی فیدراسیۆنی حەوت عەشیرەتە كوردییەكە و دانانی چەند یاسایەك كە تائێستاش بەركارن، كە جێی شانازییە بۆ هەموو كوردستانیان، وەك (مافی منداڵانی بێسەرپەرشت، مافی ئافرەت لە ڕەتكردنەوەی بە زۆر بەشوودان، ڕەتكردنەوەی ژن بە ژن، قەدەغەكردنی ڕاوی ئاژەڵ لە وەرزی زاوزێدا، قەدەغەكردنی بڕینەوەی درەخت، ڕەتكردنەوەی دەرەبەگیی كشتوكاڵ، بەرگریی بەردەوام لە پێكەوەژیانی نێوان ئایینەكان). ئێمە لێرەدا ناچینە نێو ئەو وردەكارییانەوە، بەڵام پێویستە ئاماژە بەوە بكەین كە قوتابیانی ئەم قوتابخانەیە بوونەتە سەركردەی نموونەیی لە بزووتنەوەی ڕزگایخوازی كوردستاندا، جا بۆ ئەوەی زیاتر لەم ناونیشانەمان نزیك ببینەوە، پێویستە ئاماژە بە گەشتەكەی بارزانیی نەمر بكەین بۆ بادینان لەگەڵ پێنج سەد كەس لە یاوەرانی دڵسۆزی.

گوندی مەغارەی زۆر نزیك لە لالش، كە چۆڵ كرابوو، بارەگای بارزانیی نەمر بوو. هەرچەندە گوێم لە زۆر كەس دەبوو شایەتییان دەدا كە بارزانیی نەمر سەردانی لالشی كردووە، لەوانە خوالێی خۆش بێت شێخ شەمۆی مامم، كە هەمیشە دەیگوت خودی بارزانیم دیوە كە لە دامێنی چیای زهێرە لە لالشەوە هاتبوو، لە پرسەیەكدا لە شاری بلیفیلتی ئەڵمانیا شێخ ئوسمان ئیبراهیم كە كوردێكی ئێزدیی توركیا بوو، بە بڕوا بەخۆبوونەوە دەیگوت بە دوای قسە و قەولی ئەدەبیاتی ئایینی ئێزیدیدا دەگەڕام لە لالش، بۆیە سێ ساڵ زیاتر لە لالش مامەوە، لەو كاتەدا بارزانیی نەمرم بینی و قسەم لەگەڵ كرد، ئەو دەشڵێت، بارزانی دەیگوت: «پیرۆزیی لالش شانازییە بۆ هەموو كورد»، بەڵام خوالێی خۆش بێت (فەقیر حەجی شەمۆ) خزمەتكاری لالش چەندین جار بۆی دووپات كردمەوە كە بارزانیی نەمر سەردانی لالشی كردووە كاتێك لە گوندی مەغارەوە تەشریفی هێنابوو، چاوی بە (فەقیر شەمۆ)ی باوكی كەوتووە، بەڵام پێشمەرگە خوا لێی خۆش بێت ساڵح نەرمۆ (فەرماندەی بەتاڵیۆن) ئەویش چەندین جار ئەمەی دووپات كردەوە بە ئامادەبوونی ئوسمانی كوڕی و پێشمەرگە میرزا بۆزانی و نووسەری ناودار ئەدیب چەلكی و نووسەر دەڵێت: «لەكاتی سەردانم بە یاوەریی خەباتگێڕ عەبدولڕەحمان ئاپۆ بۆ لای پێشمەرگەی دێرین خاڵ حەسۆ مەحموود بابەكر شێروانی (حەسۆ كانیالنجی) و بە ئامادەبوونی خوشكەزاكەی (یوسف) لە ماڵی خۆی لە شارۆچكەی (دیانا) وەك شایەدحاڵێكی زیندوو، دووپاتی كردەوە كە ئەو لە ڕیز ئەو هێزە گەورەیە یاوەری بارزانیی نەمر بووە لە گوندی مەغارە، ئەو جەختی لەوە كردەوە كە ئازووقە و خواردن لە لاش زۆر بەردەست بووە، خواردنیان بە هەموو هێزی پێشمەرگە دەدا، بەپێی ڕێنماییەكانی بارزانیی نەمر ئازووقەمان بە نهێنی دەهێنا، تاكو لەلایەن فڕۆكە و تۆپەكانی دوژمنەوە نەكرێینە ئامانج».

شایانی باسە هێزەكان كرابوونە دوو بەش، بەشێك ڕوویان لە مربیا كرد بە سەرۆكایەتیی محەمەد ئەمین میرخان مێرگەسۆری، بەشەكەی دیكە بەرەو دهۆك لە ڕێی بریفكا لە 7/3/1962. مەبەست لەمەش بۆ ئەوە بوو كە بیسەلمێنین و دەریبخەین تا چەند سەركردەكانی ئەم قوتابخانەیە بە تەنگ پێكەوەژیان و پرەنسیپی یەكترقبووڵكردن و پاراستنی پێكهاتە بچووكەكانەوەن، دوای ئەوەش سەردانی دیكەی بەدوادا هات، وەك سەردانی كاك ئیدریسی هەمیشە لەیاد و كاك مسعود پێكەوە بۆ شێخان (عەین سفنی)ماڵی خوالێی خۆش بێت بابەشێخ و كۆشكی ئیمارە، هەروەها بۆ ناحیەی باشیك و بەحزان، پاشان بۆ مەزاری شەرەفەدین لە چیای سەركەشی شنگال، لەوێ لەلایەن جەماوەرێكی زۆرەوە زۆر بە گەرمی پێشوازی كران و ئۆتۆمبێلەكەیان خستە سەرشانیان. بە ڕاستی دەكرێ وەسفی ئەو سەردانە مێژووییانە بكرێت، هەروەها دووپاتكردنەوەیان لەسەر ڕەسەنایەتی و مێژووی هاوبەش.

لە 27/9/1991دا كاتێك سەرۆك مسعود بارزانی لە شاندی وتوێژەكان دەگەڕایەوە، سەردانی پەرستگەی لالشی كرد بە یاوەریی خوالێی خۆش بێت خەیری بەگ، لەوێ ڕێوڕەسمێكی ئایینی و خوێندەوەی قەول و ستایشی ئایینی بۆ بەڕێزیان كرا لەلایەن هەردوو كەسایەتی خوا لێیان خۆش بێت (فەقیر حەجی و بابە چاوێش). بەڵگەی زۆر و فیلمی ڤیدیۆ زۆرن كە ئەمە دووپات دەكەنەوە، نووسەریش یەكێك بوو لە ئەندامانی لێژنەی ڕاگەیاندنی لقی یەك.

لەبەر ئەوەی پابەندبوون و ڕەوشتی باڵا لە ڕێبازی بارزانیی نەمرەوە سەرچاوەی گرتووە، بۆیە كاك نێچیرڤان بارزانی لەسەر هەمان ڕێبازە، دوای ئەویش دەوڵەتمەدار سەرۆك وەزیران كاك مسرور بارزانی بە هەمان شێوە، شانازییە بۆ من یاوەری بەڕێزیان بووم. ئەمەش بەڵگەیە بۆ ڕەهەندگەلێكی دیكەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، ئەمە پەیامێكە بۆ دوژمنانی كوردستان، ئەگەر لە ئاییندا جیاواز بین، بەڵام خاك و خوێن و ئارەقە و زمان و چارەنووس كۆمان دەكاتەوە، ئەمە پەیامە بۆ هەموو ڕۆڵەكانی گەلی كوردستان، كە جیاوازی لە نێوان مزگەوت و كەنیسە و پەرستگەی ئێزدیدا نییە.

لێرەدا سادەیی و خاكەڕایی بارزانییەكان دەردەكەوێت، هەروەها سووربوونیان لەسەر پاراستنی پێكهاتە بچووكەكان، ئەمە دەبێتە دڵنیایی بۆ كەمایەتییەكان كە بە ئاشتی و ئەمان بژین، نەك وەك ئەوەی سەدامی گۆڕبەگۆڕ كردی كاتێك ئێزدی و كریستیان و شەبەك و توركمان و كاكەییەكانی بە عەرەب و سادە تۆمار كرد، چاكترین بەڵگەنامەی سەرژمێریی دانیشتووانیش لە ساڵانی 1977 و 1987 و 1997. تا دواڕۆژی ڕووخانی ڕژێم، تەعریب و ڕاگواستنی زۆرەملێ و بەعسیكردن هەر بەردەوام بوو.

لێرەوە ڕوو لە گەلی كوردستان دەكەین و دەڵێین نێوان ئەو دوو شتە چەند جیاوازە.

خوای گەورەش ئاگاداری نیاز و كردارمانە.

Top