ڕۆڵی ڕاگەیاندن لە پرۆسەی هەڵبژاردندا چییە؟  

ڕۆڵی ڕاگەیاندن  لە پرۆسەی هەڵبژاردندا چییە؟   

 

 

ڕاگەیاندنی ئازاد و نیشتمانی لە هەموو سیستەمە سیاسییەكاندا ڕۆڵی گرنگ دەیبینێت، لە بواری پاراستنی مافی مرۆڤ و ئازادی و چەسپاندنی سەقامگیریدا، ئەم ڕۆڵەش لەمیانی پشتگیریكردن لە پرۆسەی چاكسازی و گەشەپێدان و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیدا دەردەكەوێت. لێرەدا ئاماژە بە پەیوەندیی دیالیكتیكی نێوان ئازادیی ڕاگەیاندن و دیموكراسی دەكەین، بەو پێیەی دوو ڕەگەزی بەیەكەوە گرێ دراون، بە شێوەیەك كە ئازادیی ڕاگەیاندن دیموكراسی دەچەسپێنێت، هەروەها دیموكراسییش ئازادیی ڕاگەیاندن بەهێز دەكات، ئەم كارلێكەی نێوانیان لەمیانی ڕۆڵی ڕاگەیاندن دێتە دی، بەم شێوەیەیە:

1- پتەوكردنی شەفافییەت و لێپرسینەوە لەمیانی هەڵسەنگاندنی ڕاگەیاندن بۆ ئەدای دامەزراوەكانی ئیداری و سیاسیی حكومەت و ئاشكراكردنی جێگاكانی گەندەڵیی دارایی و داواكردنی لێپیچینەوە لە گەندەڵكاران.

2- فەراهەمكردنی زانیاریی ورد و تەواو بۆ هاووڵاتیان، ئەمەش دەبێتە پاڵنەر تاكو هاووڵاتیان بڕیار بدەن، بەشداری لە هەڵبژاردنەكان و سیمینار و گفتوگۆ گشتییەكاندا بكەن. بۆیە ڕاگەیاندنی ئازاد سەكۆیەك بۆ تاكەكانی كۆمەڵگە دەستەبەردەكات تاكو گوزارشت لە ڕاوبۆچوونی خۆیان بكەن.

3- هاندانی فرەیی لە بیروبۆچووندا لەبارەی پرسە نیشتمانییە گشتییەكان و پاراستنی ماف و ئازادییەكان و ئاشكراكردنی پێشێلكارییەكان.

4- چاودێریكردنی بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ دڵنیابوون لە بێگەردی و ئاشكراكردنی پرۆسەی ساختەكاری، یان پێشێلكاری، یان سەرپێچیی دیكە.

هەروەها سیستەمە دیموكراسییەكان ڕۆڵی بەرچاو دەگێڕن لە پتەوكردنی ئازادیی ڕاگەیاندن بەم شێوەیە:

1- سیستەمی دیموكراسی چەند یاسایەك دەربكات، كە ئازادیی ڕاگەیاندن دەستەبەر بكات، پارێزبەندییش بۆ ڕاگەیاندكاران دابین بكات لە چەوسانەوە، یان سەركوتكردن.

2- كارئاسانی بۆ ئەركی وەرگرتنی زانیاری بە هەموو شێوازێكی ڕوون و شەفافییەت و یەكسانی، هەروەها پاڵپشتیكردنی پێكهێنانی دامەزراوەی نیشتمانی و سەربەخۆی ڕاگەیاندن و دابینكردنی ژینگەیەكی ئازاد و هەمەجۆری ڕاگەیاندن.

3- پاڵپشتیكردنی فرەیی سیاسی و دەستەبەركردنی ماف و ئازادییەكانی مرۆڤ، لەوانەش ئازادیی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەگەری بۆ بەتینكردنی ژینگەیەكی ساغڵەم و بێلایەنی ڕاگەیاندن.

ئازادیی ڕاگەیاندن بە واتای پاڵپشتیكردنی شەفافییەت و لێپرسینەوەیە، كەواتە دیموكراسی چوارچێوەی یاسایی بۆ پاراستنی ئازادیی ڕاگەیاندن دابین دەكات، ئەمەش پێویستی بە پایەندبوونی تەواو هەیە، لەلایەن دامەزراوە حكوومییەكان و دەزگاكانی ڕاگەیاندن و كۆمەڵگەی مەدەنییەوە، كە ئەرك و مافەكانیان بە هەموو شێوەیەكی شەفاف بەجێ بگەیەنن.

بە پێویستی دەزانین ئەو پرەنسیپە بنەڕەتییانە بخەینە ڕوو، كە پێویستە لەلایەن هۆیەكانی ڕاگەیاندنەوە لە كاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن پەیڕەو بكرێن:

1- پێویستە ڕاگەیاندن پابەند بێت بە بێلایەنی و دەستپاكی و بابەتییانە ڕووماڵی پرۆسەی هەڵبژاردن بكات و لایەنگری هیچ كاندیدێكی دیاریكراو، یان كوتلەیەكی سیاسی نەبێت.

2- پێویستە ڕاگەیاندن لە ڕاستی و دروستیی زانیارییەكان لەبارەی كاندیدەكان دڵنیا بێت و، ئاگای لە بەرنامەكانی هەڵبژاردنی ئەو كاندیدانە بێت، لە بەرانبەر سەرچاوەكانی زانیاریدا شەفاف بێت.

3- پێویستە كەلتوور و ئاكاری بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكان بڵاو بكاتەوە، هەروەها زانیاریی تەواو لە بارەی ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن بە ڕوونی بخاتە ڕوو.

4- پێویستە دەرفەت بڕەخسێنێت بۆ ئەنجامدانی دیالۆگ و گفتوگۆ لە نێوان كاندیدەكان و دەنگدەران بە شێوەی دەستپاكی و بێلایەنی، تاكو هوشیاری لای دەنگدەر بەتین بكات، سەبارەت بە لێهاتوویی كاندیدكراو و ئاستی دروستیی بەرنامەی هەڵبژاردنی كاندیدكراوەكە.

5- پێویستە بە هەموو شێوازێكی بێلایەنی و دەستپاكی ڕاوبۆچوونی هاووڵاتیان لە بارەی پرۆسەی هەڵبژاردن بخاتە ڕوو، پێش ئەنجامدان و دوای كۆتایی هەڵبژاردنەكە.

6- پێویستە ڕۆڵی چاودێری دەستپاك و بێلایەن بگێڕێت لە كاتی چاودێریكردنی پرۆسەی هەڵبژاردندا، دەبێت لایەنی پێوەندیدار ئاگادار بكاتەوە لەبارەی هەر پێشێلكارییەك، یان سەرپێچییەكی یاسایی بۆ دەستەبەركردنی شەفافییەت و دادپەروەری.

7- بەشداری بكات لە شیكردنەوەی پرسگەل و سیاسەتەكانی ئابووری و پەرەپێدان و كۆمەڵایەتی و تەندروستی و ژینگەییدا، كە بۆ دیالۆگ و گفتوگۆ لە كاتی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن خراونەتە ڕوو، بە هەموو شێوەیەكی شەفاف و بێلایەنی.

سەبارەت بە كاریگەریی ڕاگەیاندن لە دروستكردنی ڕای دەنگدەر و ڕەفتاری هەڵبژاردندا، ئەوا ڕاگەیاندن بە هەموو جۆرەكانیەوە ڕۆڵی بەرچاو دەبینن لە پێشكەشكردنی زانیاریی ورد و سەرتاپاگیر و شەفاف، ئەم كاریگەرییەش لەمانەدا دەردەكەون:

1- پێشكەشكردنی هەواڵ و ڕاپۆرت و شرۆڤەكردن لەلایەن ڕاگەیاندنەوە لەبارەی كەسایەتیی كاندیدەكان و شارەزایی و لێهاتووییان كە كاریگەرییان هەیە بۆ سەر دروستكردنی ڕای گشتی سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی دەنگدەران بۆ توانا و كارامەیی كاندیدەكان و دەركردنی بڕیاری دەنگدان.

2- چۆنێتیی ڕووماڵكردنی ڕووداو و پرسەكان لەلایەن ڕاگەیاندنەوە دەبێتە هۆی ئەوەی دەنگدەر بەراورد بكات لە نێوان ئەو ئەگەرانەی كە بەردەستن، هەروەها وەك ئەوەی كە ڕاگەیاندن فۆكس بكاتە سەر هەندێ لایەنی دیاریكراو لە هەڵمەتی هەڵبژاردن، یان كاندیدێكی دیاریكراو.

3- گواستنەوە و ڕووماڵكردنی چالاكییەكانی هەڵبژاردن بۆ بینەران، دەبێتە هۆی ئەوەی كە هەڵوێستەكان و بیروبۆچوون و لێدوانی كاندیدەكان ڕاستەخۆ لەلایەن دەنگدەرەوە هەڵسەنگاندنی بۆ بكرێت.

4- پێشكەشكردنی ڕاوبۆچوونی شرۆڤەكاران و شارەزایان لەلایەن ڕاگەیاندنەوە كاریگەریی بۆسەر ڕای دەنگدەر دەبێت.

5- ڕووماڵكردنی لێبژێری هەواڵ و بەكارهێنانی وێنە و فیلمی ترس و پێشبینیی نەرێنیی ئایندە، یان زێدەڕۆیی لە بڵاوكردنەوەی وێنەی بریقەدار لەسەر ئایندەی كۆمەڵگە، بە ئەرێنی، یان نەرێنی كاریگەریی دەبێت بۆ لێكدانەوە و وێناكردن لای دەنگدەر و دواجار بڕیاردان.

6- زۆر جار سۆشیال میدیا لە میانی ئاڵوگۆڕی هەواڵەكان و زانیاریی دروست و چەواشە، كاریگەریی نەرێنی، یان ئەرێنی دەبێت بۆ سەر ڕای دەنگدەر، كاریگەریی ڕاگەیاندن ڕەها نییە لە هەموو كۆمەڵگەكاندا، بە شێوەیەك كە دەنگدەر ناچێتە ژێر ئەو كاریگەرییەوە، هیچ بایەخێكیش بە هۆیەكانی ڕاگەیاندن نادەن، بەڵكو پشت بە ئەزموونی كەسێتی و ژینگەی خێزانی، یان حزبایەتی، یان هزری دەبەستن لە بڕیاردان، كە خۆیان بە گونجاوی دەزانن، زۆربەی دەنگدەرانیش دەكەونە ژێر كاریگەریی هۆیەكانی ڕاگەیاندنەوە، كە هیوادارین پاك و بێگەرد بێت، تاكو دەنگدەر هوشیار بكەینەوە بە گرنگیی پرۆسەی هەڵبژاردن، لە كۆتاییشدا بڕیار لە دەنگدان بدات.

 

Top