لە پاریسەوە بۆ تاران... سەرۆکێکی متمانەدار

لە پاریسەوە بۆ تاران... سەرۆکێکی متمانەدار

 

لەسەر بانگهێشتی فەرمیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداریی ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی مەسعوود پزیشکیان، سەرۆکی نوێی ئەو وڵاتە دەکات. لە ڕێوڕەسمەکەدا کە لە باڵەخانەی پەرلەمان بەڕێوە دەچێت، نوێنەری باڵای زیاتر لە هەشتا وڵاتی جیهان ئامادە دەبن، کە لە نێویاندا دوو سەرۆک کۆمار، شەش سەرۆک وەزیران و یازدە سەرۆکی پەرلەمان هەن.
ئەم سەردانەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەکاتێکدایە کە ئێران بە هەڵبژاردنی (پزیشکیان)، پەیامێکی سیاسیی ڕوونی بۆ دنیای دەرەوەی خۆی (هەرێمی کوردستانیش یەکێکیانە) نارد، بەوەی کە ئامادەیە مامەڵەیان لە تەکدا بکات و لەگەڵیاندا بگاتە ڕێککەوتن.
ئەوەی (پزیشکیان) لە سەرۆکەکانی پێش خۆی جیا دەکاتەوە، ڕوانگە ڕوونەکەیەتی بۆ سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتەکەی کە لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا بە ئاشکرا ئاماژەی پێ دا. لە ئاستی دەرەوەدا، جەختی لە ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ مامەڵەکردن و دانوستاندن لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کردەوە. لە ئاستی ناوخۆییشدا، پێیوایە کە دەبێت هەموو دامەزراوە و جومگە جیاوازەکانی حوکمڕانیی وڵاتەکەی، لە داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەدا ڕۆڵ و ڕایان هەبێت و تێیدا بەشدار بن.
ئەم دیدگایەی پزیشکیان، بەڵگەیە لەسەر جیاوازیی ئەو لەگەڵ سەرۆکە موحافیزکار و ڕیفۆرمخوازەکان. بەوپێیەی، یەکەمیان ئامادەی مامەڵەکردن لەگەڵ دنیای دەرەوەدا نەبوون. جیاوازیشی لەگەڵ دووەمیان ئەوەیە، بە ئاشکرا داوای لە ڕێبەری باڵا کردووە لە سیاسەتەکانی دەرەوەی وڵاتەکەیدا پاڵپشتی بکات و نەیشاردۆتەوە کە بەبێ ئەو ئاڵپشتییە، ناتوانێت هیچ بکات.
ئەم ڕوانگەیەی سەرۆکی نوێ، دەرفەتێکی تازە بۆ هەرێمی کوردستان دەکاتەوە، بەتایبەتی لە دووبارە تێهەڵچوونەوە لە پەیوەندییە سیاسی و ستراتیژییەکانی نێوان هەردوو لادا. لەم نێوەدا، ئەگەر کاراکتەر و سەرکردەیەکی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا هەبێت، کە بتوانێت بۆ دەستەبەرکردنی بەرژەوەندیی هاوبەشی دوو لایەنە و پتەوکردنی دۆستایەتی و پێ نانە قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندیی سیاسی، وەبەرهێنان لەم دەرفەتەدا بکات، ئەو کەسایەتی و کاراکتەرە، سەرۆک نێچیرڤان بارزانییە.
دەرکەوتنی ئەم ڕوانگە سیاسییە جیاوازە و هاتنە سەرکاری حکوومەتێکی نوێی ڕیفۆرمخواز لە تاران، نابێت لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە نادیدە بگیرێت، بەتایبەتی کە لە ئاستی ڕێبەری و سەرۆکایەتی و حکوومەت و میدیای ئێراندا، ڕێزێکی زۆر بۆ بوون و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و خودی سەرۆکی هەرێم هەیە.
ئەم ڕاستییەش لە دوای سەردانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بۆ تاران لە مانگی ئایاری ڕابردوودا و ئەو پێشوازییە گەرمەی لە لایەن ڕێبەر و بەرپرسانی باڵای دیکەی وڵاتەکەوە لێی کرا، هەروەها لە کاردانەوەی ئەرێنیی میدیای فەرمیی ئێران بۆ بایەخی سەردانەکە و گرنگیپێدانی، زیاتر دەرکەوت و ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئێران لەسەر هەموو ئاستەکاندا دەیەوێت پەیوەندیی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەبێت، پەیوەندییەک کە بەرژەوەندیی هەردوو لا بپارێزێت.
دیارە پتەوکردنی پەیوەندیی دۆستانە و دراوسێیەتیی باش، پەیوەستە بە کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتن و دانوستاندن، ڕێزگرتن لە سەروەریی یەکتری و بەرژەوەندیی هاوبەش. ئەمەش بە ڕۆڵی خۆی پڕدی متمانەی نێوان دوو لای هاوکێشەکە پتەوتر دەکات و دەرگا بەسەر ئاسۆیەکی گەشتری پەیوەندییەکاندا دەکاتەوە.
لەم گۆشەنیگایەوە، سیاسەت و ستراتیژی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە پەیوەست بە پەیوەندی و مامەڵە لەگەڵ ئێراندا، ڕوون و ڕاشکاو بووە و لە کۆتا سەردانیشیدا جەختی لەسەر بوونی بەرژەوەندیی هاوبەشی زۆر لە نێوان ئێران و هەرێمی کوردستاندا کردەوە، کە ڕەگ و ڕیشەیان بۆ ناو مێژوو و کولتوور و فەرهەنگ درێژ دەبێتەوە و پێویستە هەردوو لا بە گرنگییەوە لە دەستگرتن بەم بەرژەوەندییانە و پەرەپێدانیان، ڕژد و بەردەوام بن. بەجۆرێک، کە سەرەوەریی دوو لایەنە بپارێزێت و ئاسایش و سەقامگیریی هاوبەش مسۆگەر بکات و بە خزمەتی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی گەلانی ئێران و هەرێمی کوردستان تەواو ببێت.

Top