زەینەب کاوە: مەینەتییەكانی كورد وەكو پێویست لە شانۆ و دراما ڕەنگیان نەداوەتەوە

زەینەب کاوە: مەینەتییەكانی كورد وەكو پێویست لە شانۆ و دراما ڕەنگیان نەداوەتەوە

زەینەب كاوە خەڵكی شاری كەركووكە و دەرچووی پەیمانگەی هونەرە جوانەكان و بەشی شانۆ نواندنە، ئێستاش قوتابیە لە كۆلێژی هونەرە جوانەكان بەشی سینەما و شانۆ، هەروەها شەش ساڵە بەردەوامە لە كاری هونەری، سەبارەت بەكارە هونەرییەكانی گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجامدا

*چ كارێك هەبووە لە ناخی خۆتدا بڕیارت داوە كە هەر دەبێت بیكەیت؟

-بڕیارم داوە ببمە ئەكتەرێكی باش و ببمە شانازی بۆ خێزانەكەم و بۆ شارەكەم، ئەوە شەش ساڵە بەردەوامم لە هەوڵدان.

*ئەزموونی ڕاستەقینەت لە بواری نواندن كام كارت بوو؟

-ئەزموونی ڕاستەقینەی من بۆ كاری نواندن تێزی دەرچوونم بوو لە قۆناخی پێنجەمی پەیمانگە بوو لە شانۆگەری ورچ.

زەینەب کاوە: مەینەتییەكانی كورد وەكو پێویست لە شانۆ و دراما ڕەنگیان نەداوەتەوە

*شانۆكارانی كوردی لە هەرێمی كوردستان لە بواری كارەكەی خۆیاندا بوێرن یان شەرمنن؟

-شانۆكارانی كورد لە هەرێمی كوردستان بوێرن، چونكە سەرەڕای ئەو هەموو ناڕەحەتی و بێ سپۆنسەری و نەهامەتییەی ڕووبەڕووی كوردستان دەبێتەوە، هەربەردەوامن لە نمایشی شانۆیی، ئەمەش نیشانەی كۆڵنەدان و توانای هونەرمەندانە.

*هیچ كارێك هەیە قبووڵت كردبێت تەنیا لەبەر دەستكەوتی دارایی، بەڵام لە بنەڕەتدا كارەكەت بەدڵ نەبووبێت؟

-نەخێر تا ئێستا لەبەردەست كەوتی دارایی هیچ كارێكی هونەریی خراپم نەكردوە و ئامادەش نیم لەبەر دەستكەوتی دارایی ناوبانگێكی بێسوود و نەشیاوم هەبێت.

*ئاست و ڕۆڵی شانۆ بۆ داهاتووی هونەر چۆن دەبینیت؟

-پێویستە هەردەم لەبیركردنەوەدا گەشبین بین، سەرەتای هونەر كچ زۆر بە كەمی ڕێگەی پێ دەدرا كە بەشداری لە كارە هونەرییەكاندا بكات، بەڵام ئێستا ئەو ئازادییە زیاتر بووە و باوەڕم وایە كە شانۆ لە داهاتوودا بەرەو باشتر دەڕوات.

*ئێمە وەك گەلی كورد لە ڕابردوو و لە ئێستاشدا دەیان كارەسات و مەرگەساتمان بەسەر هاتووە، تا چەند هونەرمەندان توانیویانە بە دراما و شانۆ گوزارشت لەو نەهامەتییانە بكەن؟

-بە ڕاستی لە شانۆ و درامادا نەتوانراوە بە ڕادەی پێویست باس لە نەهامەتی و كارەسات و مەرگەساتی كورد بكرێت.

*لە نواندندا هێز لە چی وەردەگریت؟

-لە نواندندا هێز لە متمانە بەخۆبوونی خۆم وەردەگرم، زۆرجار كاتێك كارێكی هونەری هاتووەتە پێشم بە خۆمم وتوە ئەتوانیت، تۆ بەهێزیت، گرینگترین شت ئەوەیە كە مرۆڤ متمانەی بەخۆی هەبێت لە هەركارێكا كە دەیكات.

*حەز دەكەیت چ ڕۆڵێك بگێڕیت كە تاوەكوو ئێستا نەت گێڕاوە؟

-ڕۆڵگێڕان بە حەز نییە زۆربەی ڕۆڵەكانم گێڕاوە.

*بۆ بەشداریكردنت لە شانۆگەریەكدا مەرجەكانی تۆ چین؟

-مەرجەكانی من بۆ بەشداریكردنم لە شانۆگەریدا ئەوەیە كە هیچ قسەیەك بە شێوازی ئەمرپێكردن نەبێت و ڕێز هەبێت لە نێوان تەواوی ستافەكەدا.

*كاتێك كە دەچیتە سەرتەختی شانۆ ترسی چیت هەیە؟

-سەرەتای دەستپێكردنم لە شانۆدا ترسی نواندنم هەبوو لەوەی كە هەڵە بكەم لە حیوارەكاندا، یان لە جووڵەكان، بەڵام ئێستا ئەو ترسانەم نییە، چونكە وا شەش ساڵە كاری هونەری و نمایشی شانۆیی دەكەم.

*بەڕای ئێوە لەكاری هونەریدا واسیتە و هاوڕێیەتی هەیە لە نێوان هونەرمەندەكاندا بۆ بەشداریكردنی ڕۆل؟

-بەڵێ بەدڵنیاییەوە لە سەردەمی ئێستا ئەوەندەی واسیتە و هاوڕێیەتی لە نێوان كارە هونەرییەكاندا هەیە لە دابەشكردنی ڕۆڵدا، ئەوەندە بیر لە توانای ئەكتەر ناكەنەوە، خەڵكێك هەن تەنیا لەبەر ئەوەی هاورێن ڕۆڵیان پێ دەدرێت، لەكاتێكدا زۆر ئەكتەری باش هەیە كە كەس نییە بۆ كارێكی هونەری ڕۆڵێكی پێ بدات.

*دوای ئەو هەموو ماندووبوونەت لە كاری هونەریدا، پێت وایە ماندووبونەكەت جێگەی خۆی گرتبێت؟

-بێگوومان ماندوو بوونەكانم بە فیڕۆ نەڕۆشتوون و جێگەی خۆیان گرتووە و شانازی بە یەك یەكەی كارە هونەریەكانمەوە دەكەم.

*لە پرۆفایلی خۆتدا نوسیوتە كەس كەسی كەس نییە، خۆت بە بێكەس دەزانیت؟

-خوای گەورە هەمووانە، كەسە و دوای خودا گەورە خێزانم هەموو كەسمن.

*ئەو هەموو توانجەدانەت لە تۆڕە كۆمەڵایەتیی فەیسبوك لەگەل كێیە؟

-توانجەكانم بۆ كەسانی دەوروبەرە نەك تەنیا بۆ تاكە كەسێك.

*لەكاری هونەریدا چ شتێك لای تۆ هێڵی سوورە؟

-لای من هێڵی سوور لە كاری هونەریدا هەندێك جووڵە و ئەكتەری بەرامبەر، یان بەكارهێنانی هەندێك وشەی نەشیاو، كفركردن، یان ئیستیغلالكردنە.

*گەورەترین هەڵەی ئافرەت كە لەگەڵ خۆیدا بیكات چییە؟

-متمانە لەدەستدان، یان خۆڕادەستكردن بە دەوروبەر، ئەمە ئەو هەڵە گەورەیەیە كە ئافرەت بە گشتی و ئافرەتانی هونەرمەند بەتایبەت پێویستە خۆیانی لێ بپارێزن.

*ترسی چیت هەیە لە دەستی بدەیت؟

-لەدەستدانی ئەندامانی خێزانەكەم و متمانەی كۆمەڵگە گەورەترین ترسی منن.

*ناشرینترین ڕەفتاری پیاو لای تۆ چییە؟

-ناشرینترین ڕەفتار بۆ پیاو شكاندنەوەی ئافرەتە لە پێش چاوی خەڵك، یان درۆكردن و دوو ڕووی خۆ فەرزكردن.

Top