برسێتی لە غەززە؛ خەڵک دەستیان کردووە بە خواردنی گەڵاکانی دار

برسێتی لە غەززە؛ خەڵک دەستیان کردووە بە خواردنی گەڵاکانی دار

 

ڕاپۆرتەکان لەسەر خواردنی گەڵاکانی دار لە غەززە بڵاوکراونەتەوە کە بەرزیی برسێتی و بارودۆخی ترسناکی مرۆڤ لەم شریتە چڕ و وێرانەدا نیشان دەدات.

بەپێی ڕاپۆرتەكان، ئەحمەد ئەلشەنبری و سێ کوڕەکەی کە لەنێو داروپەردوو و بینا شکاوەکانی غەززەدا دەژین، ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە بۆ ئەوەی گەڵای دار هەڵبگرن بۆ ئەوەی بیخۆن، ئەمەش دیمەنێکە لە سەرانسەری کەرتی گەمارۆدراوی غەززەدا دەبینرێت. فاتیمە، هاوسەری ئەحمەد، گەڵاکان پاکدەکاتەوە و لەسەر سۆپایەکی کاتی دەیکوڵێنێت. فاتیمە گەڵاکانی پڕ دەکات لە برنج و بەهارات، بەو هیوایەی منداڵەکانی بەرگەی تامە ترشەکەی بگرن. لەگەڵ ئەوەشدا تاڵیی هەر دەمێنێتەوە. دەڵێت، گەڵا خواردنی ئاژەڵە. بەڵام چی بکەین؟

فاتیمە دەڵێت: "لەو کاتەوەی شەڕ دەستیپێکردووە تامی هیچمان نەکردووە، لەگەڵ ئەو چەند شتە دەژین کە دەیدۆزینەوە".

لە بەیاننامەیەکدا لە ٩ی تەمموزدا، کۆمەڵێک لە پسپۆڕانی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بە ڕاسپاردەی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشدارییان دا کە برسێتی لە سەرانسەری ناوچەکەدا بڵاوبووەتەوە. هاوکات نوێنەرایەتی دیپلۆماسی ئیسرائیل لە جنێڤ ڕایگەیاند، کە ئەم لێدوانە پڕە لە زانیاری ناڕاست.

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەدوای شەڕی غەززەوە تا ئێستا ٣٣ منداڵ بەهۆی برسێتی گیانیان لەدەستداوە و زۆرینەی گیانلەدەستدانیش پەیوەندییان بە باکووری غەززەوە هەیە.

مانگی ڕابردوو چاودێرێکی جیهانی کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پاڵپشتی دەکرێت بە ناوی پۆلێنبەندی قۆناغی یەکگرتووی ئاسایشی خۆراک (IPC) ڕایگەیاند، غەززە هێشتا مەترسی زۆری برسێتی لەسەرە، چونکە شەڕ بەردەوامە و دەستڕاگەیشتن بە یارمەتی سنووردارە. IPC ڕایگەیاندووە، زیاتر لە 495 هەزار کەس ڕووبەڕووی توندترین یان کارەساتبارترین ئاستی نائاسایشی خۆراک دەبنەوە.

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top