دڵشاد میران سیاسەتمەدار و شرۆڤەكاری سیاسی:   لە بەغدا پارەیان بۆ مووسڵ و ئەو ناوچانەی دیكە دەنارد كە تیرۆریستانی داعش داگیری كردبوون، بەڵام گەمارۆیان لەسەر كوردستان توندتر دەكرد

دڵشاد میران  سیاسەتمەدار و شرۆڤەكاری سیاسی:     لە بەغدا پارەیان بۆ مووسڵ و  ئەو ناوچانەی دیكە دەنارد  كە تیرۆریستانی داعش داگیری كردبوون، بەڵام گەمارۆیان لەسەر كوردستان توندتر دەكرد

 

 

دڵشاد میران سیاسەتمەدار و شرۆڤەكاری سیاسی، یەكێكە لە پێشمەرگە و سیاسەتمەدارە دێرینەكانی كوردستان و كاری دیپلۆماتی كردووە و ماوەیەك نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان بووە لە بەغدا و، نووسەرێكی سیاسیی بەتوانا و وەرگێڕێكی كارامەیە و خاوەنی چەندین كتێبی سیاسی و كتێبی وەرگێڕدراوە لە زمانی ئینگلیزییەوە بۆ زمانی كوردی و لە گفتوگۆی ئەم جارەدا (مامەڵەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ڕووداوەكانی عێراق و ناوچەكە) جیا لە باسكردنی ئەزموونی خۆی لە بەڕێوەبردنی كێشەكانی هەرێم لەگەڵ بەغدا، بەم جۆرە بیروبۆچوون و پێشنیارەكانی خستەڕوو.

 

سوپاس بۆ بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان كە ئەم گفتوگۆیەی لەسەر ئەم پرسە گرنگە «مامەڵەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ڕووداوەكانی عێراق و ناوچەكە» ساز كردووە و نوێنەری سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكانیشی بانگهێشت كردووە.

سەرەتا من لەو خاڵەوە دەست پێدەكەم كە ئاراستەی گفتوگۆكە وەری گرتووە، وەك سەرنجم دا. لەمیانەی ئەم گفتوگۆیەدا، وا دەردەكەوێت كە هەرێمی كوردستان ئارەزوومەندانە لە بەغدا دوور كەوتبێتەوە، بەڵام وەك ئێستا دەبینین، جارێكی دیكە گفتوگۆ و دانوستانەكان دەستیان پێكردووەتەوە و لێكتێگەیشتن هەیە و شاندەكان سەردانی بەغدا دەكەن. پرسیار لێرەدا ئەوەیە بۆچی ماوەیەك نیمچە دابڕانێك لە پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵی دروست بوو؟

لەگەڵ ئەوەی كێشە و جیاوازی لەسەر تەفسیری ماددەكانی دەستوور هەیە، بەڵام بە بۆچوونی من خاڵی سەرەكی كە ئەم دابڕانەی دروست كرد، پرسی نەوت و گاز بوو، لەم پرسەشدا تەنیا كێشەكە دەركردنی یاسای نەوت و گاز نەبوو، بەڵكو پێنج یاسا بوو كە دەبێت دەربكرێن لەو ماوەیەدا بۆ ئەوەی بەرێوەبردن و بەبازاڕكردنی سێكتەری نەوت و گازی هەموو عێراق ڕێك بخرێت.

لەگەڵ ئەوەی ڕاستە كە هەندێك تەمومژ لە ماددە دەستوورییەكان هەیە، بەڵام لە سێكتەری نەوت و گازدا ڕاشكاوانە هاتووە كە نابێت هیچ لایەك بە تەنیا و تاكلایەنە مونۆپۆڵی سێكتەری نەوت و گاز بكات و لە دەستووردا زۆر بە ڕوونی هاتووە كە دەبێت بە هاوكاری و پێكەوە كاركردن «عمل معاً» كار لەم سێكتەرەدا بكرێت.

ئەو كاتەی من لە بەغدا بووم، بەشداریم لە زۆر كۆبوونەوە و گفتوگۆم لەسەر ئەم پرسە كردووە. ئەوكات لەسەر «یاسای بەڕێوەبردنی دابەشكردنی داهاتەكان، یاسای پێكهێنانی دەستەی باڵای نەوت، یاسای بەڕێوەبردنی سێكتەری نەوت بۆ هەموو عێراق» لە كۆبوونەوە و گفتوگۆكاندا جەخت لەسەر ئەوە كراوەتەوە، هەتا پارێزگاكانی باشوور كە نەوت بەرهەمدەهێنن، مافی ئەوەیان هەیە بەشدار بن لە بەڕێوەبردنی سێكتەری نەوت و گاز»، ئەمەش واتە هەرێمی كوردستان، بەسرە، عیمارە، كوت، هەموو ئەو پارێزگایانەی كە بەرهەمهێنەرن مافی ئەوەیان هەیە بەشدار بن لە داڕشتنی سیاسەتی نەوت بۆ هەموو عێراق.

ئەوكات و هەتا ئێستاش بیرۆكەی سەنتڕاڵیزم لای هەندێك سیاسیی عێراقی بووە و هەیە، بەڵام لەو ماوەیەی كە سەرقاڵی ئەوە بووین، بە هاوبەشی یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی دابڕێژین، گەیشتنە كۆمەڵێك خاڵی زۆر باشی لێكتێگەیشتن لەنێوان هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵیدا، ئەو ڕەشنووسە هاوبەشەی ئامادە كرابوو بۆ یاسای نەوت و گاز، ڕەوانەی پەرلەمانی عێراق كرا، بەڵام وەزیری نەوتی ئەو كات و دەستتێوەردانی دەرەكی ڕۆڵێكی زۆر خراپیان گێڕا و لە پەرلەمانیش كە یاساكە نێردرا بۆ ئەنجومەنی شورا سەرتاپا هەموو یاساكەیان گۆڕیبوو، ئەمە بووە هۆكاری ئەوەی دەرچوونی یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی پەكی بكەوێت، بووە هۆكاری ئەوەش كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ڕێگەی خۆی مامەڵە لەگەڵ سێكتەری نەوت و گاز بكات و حكومەتی فیدڕاڵیش بە ڕێگەی خۆی مامەڵە بكات.

بێگومان پرسی بڕینی شایستە داراییەكانی هەرێم لە بودجەی عێراق، بووە خاڵی دابڕان لە تێكدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵی، ئەوەی جێگەی پرسیار و سەرسوڕمان بوو، ئەوە بوو كە چەند مانگ پێش ئەوەی حكومەتی هەرێم نەوت هەناردەی دەرەوە بكات، شایستە داراییەكانی هەرێم لەلایەن بەغداوە بڕدران، دوای ئەوەش شەڕی دژی تیرۆریستانی داعشی بە دوادا هات، هەڵوێستی حكومەتی بەغداش بەرانبەر هەرێمی كوردستان زۆر نەرێنی و خراپ بوو، بەرانبەر یارمەتیدانی هێزی پێشمەرگە و گێڕانەوەی شایستە داراییەكان بۆ هەرێمی كوردستان، ئەم هەڵوێستە خراپەی بەغدا گەیشتە ئەوەی، لە بەغدا پارەیان بۆ مووسڵ و ئەو ناوچانەی دیكە دەنارد كە تیرۆریستانی داعش داگیری كردبوون، بەڵام گەمارۆیان لەسەر كوردستان توندتر دەكرد.

ئەم بارودۆخە بەڕاستی جۆرێك لە بێ متمانەیی دروست كرد، بەتایبەتی كە دوای پرسی ڕیفراندۆمی بەدوادا هات و بەغدا بە هێزی سەربازی هێرشی كردە سەر كەركووك و ناوچە كێشە لەسەرەكانی دیكە، كە بووە هۆكاری ئەوەی دابڕانێكی نیمچە تەواو لەنێوان هەولێر و بەغدا دروست بێت.

دەستپێكردنەوەی گفتوگۆ و دانوستاندن لەگەڵ بەغدا لەگەڵ حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی دەستی پێكرد، دوای ئەویش لەگەڵ مستەفا كازمی و ئێستاش لەگەڵ حكومەتەكەی محەمەد شیاع سوودانی بەردەوامی هەیە و گەیشتووەتە ئەو ئاستەی سوپاس بۆ خوا لێكتێگەیشتنی باش لەسەر زۆرێك لە پرسەكان هەیە، بەڵام كێشەی سەرەكیمان لەگەڵ ئەو سیستمە سیاسییەی ئێستا لە عێراقدا هەیە ئەوەیە سەقامگیرییەكی تەواو لە سیستمەكەدا نییە.

هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆك وەزیران لەسەر ڕێككەوتن و بڕیارەكان ڕێك دەكەوێت، دەبێت بینێرن بۆ پەرلەمان، لە ناو پەرلەمان فڵان لێژنە و فڵان لێژنە ئاستەنگی بۆ دروست دەكەن و ڕێككەوتنەكە جێبەجێ ناكرێت.

هەر بۆیە هەست دەكرێت وەك ئەوەی جۆرێك لە دابەشكردنی ڕۆڵ هەبێت، لایەك لەگەڵت ڕێك دەكەوێت و لایەكی دیكە ئاستەنگ دروست دەكات بۆ ئەوەی ڕێككەوتنەكە جێبەجی نەكرێت، ئەمەش لەم پرسەدا جۆرێك لە نیگەرانی دروست دەكات و ئومێد نامێنێت كە كێشەكان بە ئاسانی چارەسەر بكرێن.

 

Top