ســـەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی: پیرۆزبایی لە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی نوێی ئێران ده‌كه‌م

ســـەرۆکی هەرێمی کوردستان  نێچیرڤان بارزانی:   پیرۆزبایی لە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی نوێی ئێران ده‌كه‌م

بەبۆنەی هەڵبژاردنی مەسعود پزیشکیان بە سەرۆککۆماری ئێران، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامی پیرۆزبایی ئاراستە کرد و رایگەیاند: "چاومان له‌ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندیی له‌مێژینه‌ی دۆستانه‌ و بەردەوامیی هاریکاریی هاوبەشە."

رۆژی شەممە، (06-07-2024) نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، پیرۆزبایی لە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی نوێی ئێران کرد و گوتی: "به‌بۆنه‌ی هه‌ڵبژاردنییه‌وه‌ به‌ سه‌رۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران، به‌ ناوی خۆم و گه‌لی کوردستانه‌وه‌، پیرۆزبایی له‌ به‌ڕێز مه‌سعود پزیشکیان ده‌که‌م، هیوای سه‌رکه‌وتنی بۆ ده‌خوازم."

لە پەیامەکەیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە: "له‌ هه‌رێمی کوردستان و عێراق چاومان له‌ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندیی له‌مێژینه‌ی دۆستانه‌ و به‌رده‌وامیی هاریکاریی هاوبه‌شه‌ له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش و دراوسێیه‌تیی باش."

بەپێی ئەنجامی کۆتایی گەڕی دووەمی 14یەمین خوولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران، مەسعود پزیشکیان وەکو نۆیەمین سەرۆککۆماری وڵاتەکە هەڵبژێردرا.

زیاتر لە 30 ملیۆن و 573 هەزار کەس لە نێوخۆ و دەرەوەی ئێران لە هەڵبژاردنەکەدا بەشدارییان کردبوو؛ پزیشکیان 16 ملیۆن و 384 هەزار و 403 دەنگی بەدەستهێنا.

بەگوێرەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئێران، زیاتر لە 61 ملیۆن و 452 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەبوو کە 49.8%یان دەنگیان دا و مەسعود پزیشکیان بەسەر سەعید جەلیلی، سکرتێری پێشووی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران سەرکەوت.

مەسعود پزیشکیان کێیە؟

مەسعود پزیشکیان رۆژی 29-09-1954 لە شاری مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، قۆناخی دواناوەندی لە شاری ورمێ تەواوکردووە و ساڵی 1976 لە زانکۆی شاری تەورێز دەستی بە خوێندن لە بەشی پزیشکی کردووە.

ساڵی 1985 خوێندنی تەواو کردووە و دواتر وەک راهێنەری فیزیۆلۆژی لە کۆلێژی پزیشکی وانەی گوتووەتەوە.

لە کاتی شەڕی نێوان ئێران و عێراقدا وەک بەرپرسی ناردنی تیمی پزیشکی بۆ ناوچەکانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی کاری کردووە.

ساڵی 1990 پسپۆڕی لە نەشتەرگەریی گشتی لە زانکۆی تەورێز وەرگرتووە.

ساڵی 1993 پسپۆڕیی نەشتەرگەریی دڵی لە زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ئێران وەرگرتووە و لە نەخۆشخانەی ''شەهید مەدەنی''ـی شاری تەورێز دەستی بە کارکردن کردووە. ساڵی 1994 پۆستی سەرۆکایەتیی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی تەورێزی پێدرا و تاوەکو ساڵی 2000 لەو پۆستە مایەوە.

لە ساڵی 2001 تاوەکو 2005 وەک وەزیری تەندروستیی ئێران لە کابینەی محەممەد خاتەمی کاری کردووە.

دواتر وەک نوێنەری خەڵکی تەورێز و ئازەرشار لە خولی هەشتەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران بووە پەرلەمانتار. لە ساڵی 2008ەوە ئەندامی پەرلەمانی ئێران بووە و لە خولێکیشدا جێگری سەرۆکی پەرلەمان بوو.

پزیشکیان هەرچەندە خۆی دەڵێت، سەر بە هیچ حیزب و بەرەیەک نییە، بەڵام بە کەسێکی نزیک لە ریفۆرمخوازان و میانڕۆکانی وەک محەممەد خاتەمی و حەسەن رووحانی، دوو سەرۆککۆماری پێشووی ئێران دادەندرێت.

زۆرجار بەهۆی ئەوەی لە مهاباد لەدایکبووە و کوردییەکی باش قسە دەکات، دەگوترێت دایکی پزیشکیان کوردە، بەڵام خۆی چەند جارێک رایگەیاندووە دایکی و باوکی ئازەرین و تەنیا لە مهاباد لەدایکبووە.

لە پەرلەمانی ئێران سەرۆکی فراکسیۆنی "تورک زمانەکان" بووە و پێشتریش دووجار خۆی بۆ هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆککۆماری بەربژێر کردبوو، بەڵام هەر دووجار لەلایەن ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور شیاوبوونی رەتکرایەوە.

پزیشکیان لە بەرنامەی خۆیدا باسی لەوە کردووە کە لایەنگری خوێندن بە زمانی دایکییە لە پاڵ زمانی فەرمیی وڵاتەکە، هاوکات دژی بەشێک لە پڕۆژەکانی دەسەڵاتە بۆ پاڵاپۆشیی زۆرەملێ و سنووردارکردنی ئینتەرنێت.

مەسعود پزیشکیان یەکێک لەو پەرلەمانتارانە بوو کە دژی ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان (شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی) هەڵوێستی گرت و بە ''ئاژاوە'' ناوی هێنا.

ئێستا دوای پەسندکردنی ئەنجامی گەڕی دووەمی 14ـیەمین خولی هەڵبژاردنەکانی ئێران لەلایەن ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە فەرمی وەک نۆیەمین سەرۆککۆماری ئێران رادەگەیێندرێت و دەستبەکار دەبێت.

هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران دوای ئەوە هات کە رۆژی 19ـی ئایاری 2024، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئەو کاتی وڵاتەکە، کاتێک دەگەڕایەوە ناوەندی شاری تەورێز، هێلیکۆپتەرەکەی "بەهۆی کەشوهەواوە" لەنێو دارستانێکی پارێزگاکە کەوتە خوارەوە و لە تەمەنی 63 ساڵیدا لەگەڵ یاوەرانی گیانی لەدەستدا.

Top