سیریل فەتاح بۆ گوڵان: بە هۆی كێشەی داراییەوە تا ئێستا نەمتوانیوە تەواوی بەهرەكانی خۆم نیشان بدەم
سیریل فەتاح لە شاری سلێمانی لە دایكبووە، چەندین ساڵە نیشتەجێی ئەوروپایە، چەندین ڤیدیۆ كلیپ و گۆرانیی تۆماركراوی هەیە، جگە لە زمانی كوردی بە عەرەبیش گۆرانیی گوتووە، بەم دواییە نوێترین گۆرانیشی بەناوی (نەفرەت) بڵاو كردووەتەوە.
سەبارەت بە دوایین بەرهەمەكانی و چەند پرسێكی تایبەت بە هونەر و گۆرانی و موزیكی كوردی، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵ سیریل فەتاح ئەنجامدا.
*ماوەی زیاتر لە (١٥) ساڵە گۆرانی دەڵێیت، هەست دەكەی شوێنپەنجەت لە نێو گۆڕەپانی هونەری كوردیدا دیارە ؟
-بە ڕەهایی پێموایە هەر گۆرانیبێژێك گوێگری جیاوازی خۆی هەیە توانا و بەرهەمی هونەریی منیش و بە شێوەیەكی سەرەكی كەسانی ئەكادیمی و ڕۆشنبیر و لێزانن لە بواری میوزیك و هەواداران و گوێگرانی بەرهەمەكانمدا، كەسانێكن كە گوێیەكی باشی مۆزیكیان هەیە و تێگەیشتنیان بو میوزیك لە ئاستێكی بەرزدایە. بەهرەی مۆسیقا و توانای دەنگی من ئەم بینەرە داواكارەی بۆ خۆی ڕاكێشاوە و پێزانینیان بۆ كارەكانم، ئەوە پشتڕاست دەكاتەوە كە كاریگەرییەكی بەردەوامم درووست كردووە.
*جگە لە گۆرانیگوتن چ كارامەییەكی دیكەت هەیە لە بواری مۆسیقادا؟
-جگە لە گۆرانی گوێیەكی موسیقی پڕۆفیشناڵی زۆر باش و بەهرەیەكی سرووشتیم هەیە بۆ درووستكردنی مێلۆدی، هەروەها شارەزاییم هەیە لە گۆرانی نووسین و بەرهەمهێنانی مۆسیقا و ڕێكخستنیدا هەیە. ئەزموونی كاركردنم لە ستۆدیۆكانی تۆماركردن هەیە، لەلایەكی دیكەوە تێگەیشتنێكی باشم لە تیۆری مۆسیقادا هەیە و زۆر لە كلیپەكانم خوم كاری مۆنتاژ و بەرهەمهێنانم بۆ كردوون.
*جگە لە گۆرانییەكانی خۆت گۆرانیی هونەرمەندانی كورد و عەرەبیش دەڵێیتەوە، زیاتر حەز دەكەی گۆرانی كێ بڵێیتەوە لە هونەرمەندە كورد و عەرەبییەكاندا و بۆچی؟
-كاتێك پێمخۆشە بەرهەمێك دووبارە بكەمەوە بەبێ گوێدان بە زمان، گرنگ لای من دەق و پێكهاتەی گۆرانییەكەیە، كە مێلۆدییەكان بە دەنگ و تەرازووی مۆسیقای جیاواز دەگۆڕدرێن. هەوڵ دەدەم ڕێكخستنی پێشكەوتوو و قووڵی سۆزداری دروست بكەم كە هەم خۆم و هەم گوێگرەكانم چێژی لێ وەربگرن .
*لەو گۆرانییانەی تا ئێستا بڵاوت كردوونەتەوە كامیان گوزارشتیان لە ژیانی تایبەتی خۆت دەكات؟
-دەقی گۆرانی لەلایەن شاعیر دەنووسرێت و منیش وەك گۆرانیبێژێك پەیامی شاعیر دەگەیەنم، لە كاتی هەڵبژاردنی تێكستی گۆرانیدا سەرنجم لەسەر ئەو پەیامانە دەبێت كە زۆر كەس لێیان تێبگەن و مانایان تێدا بدۆزنەوە.
*گۆرانیی (نەفرەت) چ جیاوازییەكی هەیە لەگەڵ بەرهەمەكانی پێشووت؟
-نوێترین گۆرانیم (نەفرەت) جیاوازە لە بەرهەمەكانی پێشووم، بەوەی یەكەم جارە گۆرانییەك بە شێوازی مۆسیقای هاوس دروست بكەم، هەروەها یەكەم جارە لەگەڵ شاعیرێكی ئافرەت هاوكاری بكەم.
*ناخۆشترین شت كە لە بواری هونەری ڕووبەڕووت بووەتە چی بووە؟
-ئەوەی زۆرتر دڵتەنگ و نائومێدم دەكات ئەوەیە كە پێشتر خەڵك تێگەیشتنێكی قووڵتریان لە مۆسیقا هەبووە، میدیاكانیش پشتگیری و تیشكیان دەخستە سەر هونەرمەندانی بەهرەمەندی ڕاستەقینە و ئاست بەرز. ئەمڕۆ زورینەیەك خەڵك خوویان بە گوێگرتن و ڕێزگرتن لە بە ناو هونەرمەندان گرتووە كە زۆرجار ستاندارد و كوالێتی و توانای هونەرییان نزمە. ڕۆڵی میدیا لەم چوارچێوەیەدا زۆر گرنگە؛ هەموو جۆرەكانی میدیا بەرپرسیارن لە بەرەوپێشبردنی مۆسیقای كوالێتی بەرز.
گرنگە میدیاكان بەشداری لە هۆشیاركردنەوەی خەڵك سەبارەت بە بنەماكانی مۆسیقادا بكەن، بۆ ئەوەی خەڵك فێری قەدرزانین و ناسینی كوالێتی ڕاستەقینەی مۆسیقا بن. دواتر كەسانی موزیسیان و كەسانێك كە تێگەیشتن و فەرهەنگی میوزێكیان بەرزە كار لەسەر پرۆگرامی تایبەتی بكەن بو بەرزكردنەوەی تێگەیشتنی فەرهەنگی هونەری میوزیك، هیچ نەبێت ڕوونكردنەوە و زانیاری لەسەر هەندێك لە توخمە بنەڕەتییەكان سەبارەت میوزیك و تەكنیكی دەنگی گۆرانیگوتن بدەن بو گوێگر.
*لە ڕووی داراییەوە كەس هەیە هانت بدات بۆ بەردەوامبوون لە كاری هونەری؟
-تا ئێستا بەداخەوە ناچار بووم بە تەنیا خوم تێچوی هەموو بەرهەمە هونەرییەكانم دابین بكەم.
*خەونەكانی دبكەت چین لە بواری هونەردا؟
-لەگەڵ ئەوەی كە زۆر شانازی بە و بەرهەمانەوە دەكەم كە تا ئێستا بە دەستم هێناون، بەڵام تواناو بەهرەم زور لەوە زیاترە، من بەهرەیەكی گەورەم هەیە، بەڵام تا ئێستا نەمتوانیوە هەموو ئەو شتانە پێشان بدەم كە توانام هەیە لە بواری میوزیكدا بەهۆی كێشەی دارایی و نەناساندنیانەوە. هیوادارم ڕۆژێك بیت كە بتوانم بە و توانا هونەرییەی كە هەمە كاری موزیكی گەورە ئەنجام بدەم، كە سوودی بۆ هونەری كوردی بە گشتی و موزیك بەتایبەتی هەبێت و بیانخەمە سەر بەرهەمەكانی پێشووم و ئەرشیفێكی بەنرخ بۆ نەوەكانی داهاتوو بەجێ بهێڵم.
*سترانی فۆلكلۆری لای تۆ چ گرنگییەكی هەیە؟
-من بە قووڵی مۆسیقای فۆلكلۆرم خۆش دەوێت و بەهرەم بۆ گۆرانیگوتن بە شێوازە جیاوازەكانی مۆسیقا، وای كردووە كە پلان دابنیم بۆ گوتنەوەی زۆرێك لە گۆرانییە دڵخوازەكانم، ئەگەر كات ڕێگەم پێ بدات.
*نوێكاری تا چەند گرنگە لە هونەری كوردیدا؟
-نوێبوونەوە لە دونیای مۆسیقادا گرنگە بە هەمان شێوەی پاراستنی نەریت و ستایلە كۆنەكان، ئەوەش لە هەموو جیهاندا ڕوو دەدات لەگەڵ گۆڕانی سەلیقەی مۆسیقا و نەوەی نوێ، داوای شێوازی نوێی مۆسیقا دەكەن، پاراستنی فولكلور و لە هەمان كاتدا درووستكردنی ستایلە نوێیەكان زۆر گرنگە.
*وەك ئافرەتێك لە ڕێگەی هونەرەوە چۆن پشتگیریت لە ئافرەتانی كورد كردووە؟
-وەك ئافرەتێكی كورد كاركردن لە بواری گۆرانی و موزیكدا بۆ خۆی دەستكەوتێكی بەرچاوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو تەحەدییانەی كە تا ئێستاش بۆ گۆرانیبێژانی ئافرەت لە بواری هونەر و مۆسیقای كوردیدا هەن، هەبوونی ئازایەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ناخۆشی و گرفتەكان هێزی ناوەوەی خانمانی كورد نیشان دەدات، ئەویش خۆی لە خۆیدا پشتگیرییە .
*لە ئەوروپا كاری سەرەكیت گۆرانیگوتنە؟
-لە كاتێكدا هونەرمەندی نەتەوەی دیكە بە هونەرەكەی خەرجی خۆی و هونەرەكەی هەر بە هونەرەكەی دەست دەخات، بەڵام هونەرمەندی كورد بە داخەوە پرسی نەبوونی سپۆنسەر و كەمیی هاوكاریی هونەرمەندان وای كردووە هونەرمەندی كورد دەبێت هێندەی چەند كەس كار بكات، تا بتوانێت بە كاری هونەری بە پیشەیەكی دیكە ئینجا خەرجی ژیانی خۆی و هونەرەكەیشی پەیدا بكات. منیش لێرە لە وڵاتی سوید پیشەم وەرگێڕی زمانی سویدی و كوردییە، مرۆڤ كە كاری دیكەی كرد، هەر لە ڕووی خەرجییەوە زیانی بەر ناكەوێت، بەڵكو لەڕووی داهێنانیشەوە بێ توانا دەبێت، چونكە كاتی كەمترە بۆ بیركردنەوە و كاركردن لەسەر هونەرەكەی.
*بە چ پێوەرێك تێكستی گۆرانییەكانت هەڵدەبژێری؟
-من تێكستەكانم لەسەر بنەمای توانای گەیاندنی هەست و سۆزی بەهێز و كوالێتی تەكنیكیی بەرز هەڵدەبژێرم، بۆ من گرنگە گۆرانییەكانم دەلالەت لە ئەزموون و هەست و سۆزی جیاوازەكانی ژیان بكەن و ڕەنگدانەوەیان هەبێت.
*لە دوای (نەفرەت) بەرنامەت بۆ داهاتوو چییە؟
-لە ئێستادا كار لەسەر دوو بەرهەمی نوێ دەكەم یەكێكیان مقامی عەجەم (ماهور) لە ئاوازی ئاوازدانەر (بورهان موفتیزادە) و بەرهەمێكی دیكە مەقامی حیجاز لە ئاوازی خوم.