حەز دەكەم ماندوویەتیم بە فیڕۆ نەچێت

حەز دەكەم ماندوویەتیم بە فیڕۆ نەچێت

ئیمان حەیدەر یاریزانی بەرزكردنەوەی قورسایی و ڕاهێنەری لەشجوانی

حەز دەكەم ماندوویەتیم بە فیڕۆ نەچێت
یاری لەشجوانی و بەرز كردنەوەی قورسایی یەكێك لەو یارییانەیە كە ئافرتان كەمتر ڕوو لەم وەرزەشە ئاسانییە دەكەن،بەڵام لەلایەن هۆڵەكانەوە وەرزشكاران پەرە بە بەهرەكانیان دەدەن بۆ ئەوەی بتوانن بەردەوام بن لە وەرزش كردنیان، یاری لەشجوانی هیچ پاڵەوانێتیەكی بۆ رێكناخرێت، بەڵام ساڵانە بۆ بەرزكردنەوەی قورسایی ساڵانە چەند خولێك هەیە، شاری هەولێریش خاوەنی كۆمەلێك ڕاهێنەر و یاریزانی بەتوانایە لەم یارییە، یەكێك لەم كچە یاریزانانەش كە خاوەنی چەندین ئەنجامی باشە لە سەر ئاستی كوردستان ئەویش ئیمان حەیدەر-ە ،ناوبراو وەكو ڕاهێنەری لەشجوانی كاری وەرزشی دەكات لە هەمان كاتیشدا یاریزانی بەرزكردنەوەی قورساییە و دەیەوێت بۆ یەكێك لە یانەكانی كوردستان یاری بكات ، ناوبراو لەدایك بووی ساڵی 2001 هەولێر و جگە لەم یارییە یاری پاسكیلسواریش دەكات، ئێمەش لە نزیكەوە چەند پرسیارێكمان لێكرد سەبارەت بەم وەرزشە، ئەویش وەڵامی سەرجەم پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
*چۆن بووهاتیتە نێو بواری ڕاهێنەری لەشجوانی؟
- بەر لەوەی ببم بە ڕاهێنەری لەشجوانی، یاریزانی پاسیكلسواری بوومە، ئێستا شارەكان پڕ بوون لە هۆڵی لەشجوانی و پەیوەستە بە پیسەی بژێوی ژیانیش، دونیای لەشجوانی بەربڵاوترە، خەڵكێكی زیاتر ڕووی تێدەكەن، لەگەڵ ئەوەشدا دەكرێ بە داكی هەموو وەرزشەكان ناو ببردرێت.
*هەست ناكەی وەرزشێكی قورست هەڵبژاردوە؟
- هەر وەرزشێكی بۆ پیاوان گونجاو بێت، بۆ ئافرەتانیش گونجاوە. بە پێچەوانەوە یاری كردن بە ئاسان بە گونجاو دەزانم بۆ ئافرەت، ئافرەت بەهێز دەكات و وا دەكات ئاسانتر بە سەر بەربەستەكان زاڵ بێت.
*بۆچی یاری لەشوانی لە ئاستی كچان لە ئاستی پێویستدا نییە؟
-بە شێوەیەكی گشتی وەرزش لە خزمەتی یاری تۆپی پێدایە. تۆپی پێی لەیەك و وەرزشەكانی دیكەش هەموویان لایەك، وەكو رووكردنی خەڵك بۆ ئەم وەرزشە باشە، بەڵام تا ئێستاش ڕكابەرییەك بۆ ئافرەتان ڕێك نەخراوە.
*هەست ناكەی ئەم یارییە بۆ كچان لە شارەكانیش پێشوازی لێ نەكراوە هۆكاری چیە، ئافرەت كەمتر ڕوو لەم یارییە دەكات؟
- هەرماندوو بوونێك دەبێت ئەنجانی هەبێت، ئافرەتان هەرچی خۆی تێدا ماندوو بكەن ناتوانن بەشداری پاڵەوانێتی بكەن، كەواتە ئەنجامەكەی تەنیا سەلامەتییە، هەر بۆیەش ڕەنگە ئافرەتان ڕووبكەنە وەرزشەكانی تر.
*ئاستی ئەم یارییە چۆن دەبینی لە كوردستان؟
-وەكو یاریزانان ئەگەر بواریان بۆ بڕەخسێت ئاستی باش دەبێـت، چەند ئافرەتێك هەیە بە ڕاستی پاڵەوانن، بەڵام كۆمەڵگە ڕێگرە لە دەرخستنی ئافرەت بۆ ئەم وەرزشە.
*چی بكرێت باشە بۆ هێنانە پێشەوەی وەرزشكاری زیاتر بۆ نێو ئەم یارییە؟
-سەرەتا ڕێكخستنی ڕكابەری، ئەگەر ڕكابەری هەبێت، ئافرەت خەونەكانی خۆ تێدا دەبینێتەوە، یاری لەشجوانی زیاتر حەز و ئارەزووە بۆ ئافرەت، ئەگینا لە كوردستان ئەم یارییە خولانەوەیە بە دەوری بازنە.
*بەرنامەت چیە بۆ داهاتووی خۆت؟
- حەز دەكەم ماندوویەتیم بە فیڕۆ نەچێت واتە ماندوویی هەموو كچانی كوردستان، كچانیش هاوشێوەی كوڕان بەشداری پاڵەوانێتی بكەن و سەری خۆیان و نیشتمان بەرز بكەنەوە.
*بۆچی بواری ڕاهێنەریت هەڵبژارد؟
-بۆ زیاتر خزمەتكردن بۆ ئەوەی ئافرەتان تەندروست بن، بەشێكیشی وەكو پیشە سەیری ڕاهێنەرایەتی دەكەم و بژێوی ژیان دابین دەكات.
*گرفتی ئەم یارییە لە چی دەبینی؟
-ئەم یارییە وەكو یاری سەیر ناكرێت، زیاتر بۆ تەندروستییە و توانیویەتی ڕۆڵی باشی هەبێت، گرفت ئەوەیە كچان و كوڕ وەكو یەك سەیر ناكرێن.
*خەونی وەرزشیت چیە وەكو وەرزشكارێك؟
-بتوانم بە ئاڵای كوردستان سەركەوتنی گەورە بۆ نیشتمان تۆماربكەم، حەزم لە بردنەوەیە و بەردەوام براوە بم.
*یانەكان گرێبەستیان پێشكەش نەكردووی؟
-بەخۆم یاریزانی پایسكیلسواری یانەی هەولێربوومە، یانەی زانكۆش بۆ بەرزكردنەوەی قورسایی گرێبەستیات پێشكەش كردووم، بەڵام هێشتا بڕیارم نەداوە.
*بڕیارت نەداوە بەشداری پاڵەوانێتیەكی نێودەوڵەتی لەشجوانی بكەی؟
-ئەوە خەونی هەموو كچە كوردێكی وەرزشوانە كە لە وەرزشەكەی خۆیدا بەشداری پاڵەوانێتی نێودەوڵەتی بكات.
*ئافرەتان تا چەند ڕووتان تێ دەكەن؟
-زۆر باشتر لە ساڵانی ڕابردوو، جاران بەربەست زۆر بوو بۆ ئافرەت، بەڵام جۆری بیركردنەوەی كۆمەڵگە زۆر باشتر بووە و كچان و ژنانیش بێ ترس لە توانج بەشدار دەبن.
*ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتایدا؟
-زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان، هیوادارم وەرزش ببێت بە پیشە و رێك وەكو پیشەكانی تر، بۆ ئەوەی وەرزشوان سەبارەت بە نەبوونی واز لە وەرزش نەهێنێت و داهاتووی وەرزشوان وەرزشەكەیەوە مسۆگەر بێت.

 

Top