یەك ژینگە و یەك تەندروستی
ساڵانێكە كاریگەرییە جیاوازەكانی گۆڕانی كەشوهەوا لەسەر مرۆڤـ و ئاژەڵ و پێكهێنەرە سەرەكییەكانی ژینگە و سێكتەرە جیاجیاكان ڕوونتر لە جاران دەركەوتوون، بە تایبەت لە بواری نەخۆشییە هاوبەشەكانی نێوان مرۆڤـ و ئاژەڵان كە زیاتر لەسەدا پەنجای نەخۆشییەكان لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێنەوە، بە جۆرێكی دیكەش گۆڕانی كەشوهەوا كاریگەری لەسەر سێگۆشەی (مرۆڤـ، ئاژەڵ، ژینگە)ش داناوە، هەر سێكیشیان بە شێوازی باش و خراپ كاریگەرییان لەسەر یەكدی داناوە.
گۆڕانی كەشوهەوا لە زۆر ڕێگەی جیاجیاوە كاریگەرییەكانی دەسەپێنێت، بۆ نموونە:
یەكەم: بەرزبوونەوەی لە ڕاددە بە دەری پلەی گەرمی دەبێتە هۆی كەم ئاوی، ئەوەش دەبێتە هۆی وشكبوونی خاك، بەمەش ڕەشەبای خۆڵ و تۆزاوی پەیدا دەبێت، ڤایرۆس و هۆكاری نەخۆشییەكان دەگوازرێنەوە بۆ مرۆڤ و ئاژەڵ.
دووەم: بارانی زۆری لە ڕاددەبەدەر دەبێتە هۆی دروستبوونی لافاو، گواستنەوەی زبڵ و خاشاكی زۆر لە ڕێگەی لافاوەوە، پاشان بڵاوبوونەوەی نەخۆشی.
سێیەم: كەمبوونەوەی دەرامەتەكان و خۆراك دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی ململانێ و جەنگ، ئەمەش دەبێتە هۆی ئاوارەبوون و كۆكردنەوەی خەڵك لە چادرگەی ئاوارە و پەنابەران، ئەم تێكەڵبوونەش دەبێتە هۆی پەیدابوون و گواستنەوەی نەخۆشی.
چوارەم: نەمانی خۆراك و نێچیرەكان دەبێتە هۆی نزیكبوونەوەی ئاژەڵان لە شوێنی نیشتەجێبوونی مرۆڤ و، لە لایەكی دیكەشەوە فراوانبوونی شار و زیادبوونی نشینگە مرۆییەكان و هەڵكشان بەرەو شوێنی ئاژەڵان، ئەم جووڵەیە بە هەر دوو ئاراستەكە دەبێتە هۆی نزیكبوونەوەی مرۆڤ و ئاژەڵ لە یەكدی و هۆكارێكیش بۆ گواستنەوەی نەخۆشییە هاوبەشەكان.
زاراوەی «یەك تەندروستی» ئەگەرچی وەك چەمك و تێگەیشتن لێی تەمەنێكی زۆری هەیە، بەڵام بەكارهێنانی وەك زاراوە تا ڕاددەیەك نوێیە و نزیكەی دوو دەیەیە هاتووەتە نێو باسەكانەوە.
رێكخراوی جیهانیی تەندروستی لای وایە كە (یەك تەندروستی) ڕێبازێكە بۆ دیزاینكردن و جێبەجێكردنی یاسا و ڕێنمایی و بەرنامە و توێژینەوەكان بە هەماهەنگی و پێكەوەیی بۆ بەدەستهێنانی باشترین ئەنجام لە بواری تەندروستیی گشتی.
بە مانایەكی دیكە یەك تەندروستیی ڕێگەیەكی بەردەوام و ستایل و شێوازێكی ژیانی هاوبەشە لەسەر ئەم هەسارەیەی زەوی، بۆیە ڕێبازی یەك تەندروستی بۆ ئەوەی كارا بكرێت، پێویستی بە چەند بنەمایەك هەیە، وەك:
یەكەم: تەندروستیی مرۆڤ و گیانلەبەران و ژینگە پلانی هاوبەشی نێوان هەمووان و هاوكاریی نێودەوڵەتی پێویستە، چونكە ڤایرۆس سنووربڕە و لە نێوان گشت سنوورەكان دەپەڕێتەوە.
دووەم: جێبەجێكردنی ئەو ئەركانەی ڕووی لە هەر سێكتەرێكە لە بەڵگەنامەی پشكدارییە نیشتمانییەكان (ئێن دی سی) كە نەخشەڕێگەی عێراقە بە هەرێمی كوردستانیشەوە لە بواری پابەندییەكان بەرانبەر ڕێككەوتننامەی پاریس.
سێیەم: هۆشیاركردنەوەی تاك و ئاگاداركردنەوەی تاك لە مافە دەستوورییەكەی بۆ ژیان لە بارودۆخێكی ژینگەیی سەلامەتدا.
چوارەم: ئاگاداركردنەوەی دروستكارانی بڕیار بەوەی كە بە پەیڕەوكردنی سیستمی (یەك تەندروستی) تێچووی خۆپارێزی زۆر كەمترە لە تێچووی چارەسەركردن.
پێنجەم: دەرچوواندنی یاسا و ڕێنمایی پەیوەست بە ڕاوكردن و ڕێگرتن لە بازرگانیكردن بە گیانلەبەران و هەوڵدان بۆ هێشتنەوەی گیانلەری كێوی لە شوێنی ڕەسەنی خۆیان و پاراستنی پاركە نیشتمانی و پارێزراوە سرووشتییەكان.
شەشەم: یادكردنەوەی ساڵانەی ڕۆژی (3)ی نۆڤەمبەری هەموو ساڵێك وەك ڕۆژی جیهانیی یەك تەندروستی.
حەوتەم: بوونی سیستمی ئاگاداركردنەوەی پێشوەخت لە سەرهەڵدانی سەرەتای هەر پەتا و نەخۆشییەك.
هەشتەم: هاوكاریكردن لەگەڵ كەرتی سێیەم كە بریتین لە ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی.
نۆیەم: ڕووكردنە ئابووریی بەردەوام و بازنەیی كە لەپاڵ قازانجدا ڕەچاوی ڕەهەندی ژینگەش بكات.
دەیەم: هاوئاهەنگیی نێوان زانكۆكان لە بواری یەكخستنی بەشێك لە پڕۆگرامەكانی پەیوەست بە چەمكی یەك تەندروستییەوە.