لە شەقڵاوە..پەردە لەسەر پەیكەری (دایكە حەلیمە) لادرا

لە شەقڵاوە..پەردە لەسەر پەیكەری (دایكە حەلیمە) لادرا

ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێكەوتی 12/6/2024 لە سەنتەری قەزای شەقڵاوە, لە ڕێورەسمێكدا وەك هێمای خۆشه‌ویستی و به‌خشین و قوربانیدان و دڵنه‌وایی و دڵسۆزیی،پەردە لەسەر پەیكەری (دایكە حەلیمە) دایكی چوار شەهید لادرا كە ئەم پەیكەرە بە شێوەیەكی سەردەمییانە لەلایەن هونەرمەندی پەیكەرساز(هادی زیائودینی)یەوە درووستكراوە ,هاوكات لە سەنتەری قەزای شەقڵاوە چوار ڕیانێك بە ناوی دایكە حەلیمەوە ناونرا.

لە شەقڵاوە..پەردە لەسەر پەیكەری (دایكە حەلیمە) لادرا

ئەم ڕێورەسمە بە ئامادەبوونی (سیداد بارزانی) نوێنەری سەرۆك بارزانی و (ئومێد خۆشناو) پارێزگاری هەولێر و (ڕزگار ئەنوەر) بەرپرسى لقى24ى سەفینى پارتى و (ئایدن مەعروف) وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان و (کاروان کەریم خان) قائیمقامى قەزایی شەقڵاوە بەڕێوەچوو,هەروەها ژمارەیەکی بەرچاو لە فەرماندە و پێشمەرگە و کەسوکاری شەهیدان و بەرپرسانى حزبى و حکومى ناوچەکە ئامادەی ڕێورەسمەكە بوون.

لە شەقڵاوە..پەردە لەسەر پەیكەری (دایكە حەلیمە) لادرا

جێگەى باسە.. (دایکە حەلیمە) كە خاوەنی چوار كوڕی شەهید و كچێكی تاقانەیە,دایكێكی مه‌زن و ژنێكی گه‌وره‌ بووه‌, كه‌وا له‌ناو ئه‌و ئازاره‌ گه‌وره‌یه‌دا بتوانێت هه‌ناسه‌ بدات, له‌ناو چ هه‌ست و چ دونیایه‌كی جیاوازدا، چركه‌ ساته‌كانی دوای شه‌هیدكردنی كوڕه‌كانی به‌ڕێ كردبێت.

لە سەردەمی ڕژێمی بەعس لە شەقڵاوە دوای ناڕەزایی و خۆپیشاندانێكی جەماوەریی خەڵكی ناوچەكە دژ بەر ناهەقی و ستەمكاریی ئەو ڕژێمە بە ڕێوەچوو كە دواتر بڕیاردرا خەڵكی ناوچەكە لە ماڵەكانیان بمێننەوە بەبیانووی سەرژمێری نەیانهێشت كەس بچێتە دەرەوە,بەڵام دواتر بەرەبەیانى 16/10/1986 ڕژێمی بەعس بە كۆپتەر و زریپۆش و هێزێكی سەربازیی پڕ چەكەوە هەڵیكوتایە كۆڵان و شەقامەكانی شەقڵاوەو نزیكەی 160 هاوڵاتی سڤیلیان دەستگیركرد بەبێ جیاوازی كە لە نێویاندا ژن و منداڵ و پیاو گەنج هەبوون,كە چوار كوڕی (دایكە حەلیمە) لە نێو دەستگیركراوەكاندا بوون,دواتر هەموویان گواستەوە شاری هەولێر و 22 كەس لە خۆپیشاندەران و كەسێكی دیكە لەگەڵیاندا كە پێشتر دەستگیركرابوو لە كارگه‌ی قیری هه‌ولێر له‌سه‌ر ڕێگای هه‌ولێر مه‌خمور گولەباران كران.

لە دوای ئەم ڕووداوە ڕژێمی بەعس ته‌نها به‌ڵگه‌نامه‌ی كۆچی دوایی (وه‌فاتنامه‌) بۆ خانه‌واده‌كانیان نێردرایەوەو ته‌نانه‌ت پاره‌ی فیشه‌كه‌كانیشیان لێ وەرگرتنەوەو پرسه‌دانانیان لێ قه‌ده‌غه‌ كرا, دوای ڕاپه‌ڕینی به‌هاری ساڵی 1991 به‌ هه‌وڵی خه‌مخۆران و به‌دوا گه‌ڕان و ‌بوونی شایه‌دحاڵی ناو ئه‌و ڕووداوه‌، له‌ 16/9/1991، ئێسك و پڕوسكی پیرۆزی هه‌موو ئه‌و قوربانی و تیكۆشه‌رانه‌ گوازرانه‌وه بۆ‌ شه‌قڵاوە.‌

گوڵان-ئاسۆ كاكەیی

لە شەقڵاوە..پەردە لەسەر پەیكەری (دایكە حەلیمە) لادرا
لە شەقڵاوە..پەردە لەسەر پەیكەری (دایكە حەلیمە) لادرا
لە شەقڵاوە..پەردە لەسەر پەیكەری (دایكە حەلیمە) لادرا
لە شەقڵاوە..پەردە لەسەر پەیكەری (دایكە حەلیمە) لادرا
Top