یــــاســــای بـــــاری كـــەســــی و مـــافــــی كریستیانەكان لە تێڕوانینی ئایینی ئیسلامدا

یــــاســــای بـــــاری كـــەســــی و  مـــافــــی كریستیانەكان  لە تێڕوانینی ئایینی ئیسلامدا

 

 

ڕۆژی 27ی5ی2024 لە شاری هەولێر سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەڕێز نێچیرڤان بارزانی لە میانی وتارێكیدا لە «كۆنگرەی یاسای باری كەسی بۆ كریستیانەكان لە عێراقدا» ڕووی لە یەكێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی كوردستان كرد و وتی: «داوا لە یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان و هەموو زانایان و پیاوانیی ئایینیی بەڕێز لە هەرێمی كوردستان و عێراق بەگشتی دەكەم، هاوكار بن لە چارەسەركردنی ئەو كێشانەی بەهۆی نادروستیی لێكدانەوە و جێبەجێكردنی یاساكان لە ڕوانگەی ئایینی ئیسلامەوە، ڕووبەڕووی مەسیحییەكان دەبنەوە». وتیشی: «یەكێك لە بنەما دیارەكانی ئایینی ئیسلام ئەوەیە، بە زۆر ئایین بە سەر كەسانی دیكە نەسەپێنرێت. دڵنیام ئێوە هاوكارێكی زۆر باش دەبن، چونكە ئێوەی پیاوانی بەڕێزی ئایینی ئیسلام، هاوكارو پارێزەری بەهێزن بۆ پێكەوەژیانی ئاشتییانە لە هەرێمی كوردستان و لە عێراق. لێرەدا دەمەوێ سوپاسی یەكێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی كوردستان بكەم كە لە هەمواركردنەوەی یاسای باری كەسیی عێراق لە هەرێمی كوردستان و لە پرسی میراتدا هاوكار بوون».

لە ڕاستیدا ئەم پرسە لە هەرێمی كوردستان پێویستی بە خستنەڕووی ڕوانگە و هەڵوێستی ئیسلام هەیە، بۆ ئەوەی ڕوون بێتەوە لە وڵاتێكی فرە ئایین و نەتەوە؛ چۆن یاساكان ڕێك دەخرێت و بە كام پێوەر بنەماكانی دادەڕێژرێن؟ ئەگەرچی زانایانی ئایینی درێغیان نەكردووە و هەوڵی زۆریان داوە بۆ ئەوەی تێگەیشتنی دروستی ئایینی لەمەڕ ماف و تایبەتمەندی پێكهاتەكان بۆ خەڵك شی بكەنەوە و قەناعەت بۆ ڕای گشتی دروست بكەن، بەوەی یەكێ لە مەبەستەكانی شەریعەتی ئیسلام پاراستنی زەرووریاتەكانی وەك ئایین و ژیان و وەچە و نامووس و عەقڵ و سامانە، كە دواجار سەلامەتیی ئەوانە فاكتەری دەستەبەری ماف و كەرامەتی هەر تاكێكە لەناو كۆمەڵگەدا.

باشترین سەرچاوەو بنەما بۆ تێگەیشتن لەم پرسە گەڕانەوەیە بۆ دەستووری مەدینە، كاتێك پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) دوای كۆچكردنی لە مەككەوە بەرەو مەدینە، یەكێ لەو هەنگاوە سەرەكی و گەورانەی كاری لەسەر كرد، دانان و نووسینەوەی دەستوور بوو، بۆ ئەوەی ببێتە پەیماننامەیەك بۆ ڕێكخستنی كاروباری هاووڵاتیان و پاراستنی مافی پێكهاتەكان و سەقامگیری و ئاشتی لە كۆمەڵگە، لێرەوە تێدەگەین ئەم دەستوورە چۆن ڕەچاوی تایبەتمەندیی پێكهاتەكانی كردووە و مافی داوەتە هەموویان هاوشێوەی ئەو مافانەی موسڵمانان هەیانە، لە هەمان كات ئەو دەستوورە ئاماژەیە بەوەی ئایینی پیرۆزی ئیسلام ڕێگر نییە بۆ دانانی دەستوورو یاسا بۆ هەر وڵات و هەرێمێك، بەو پێیەی هاوكار و پاڵپشت دەبێت لە ڕێكخستنی كاروباری ژیان و شێوەی حوكم و مافی هاووڵاتی، كە ئەمە خواست و ئامانجی شەریعەتە لە پێناو خزمەتی شارستانیەت و مرۆڤایەتی.

وەسیقەی مەدینە بەپێی بۆچوونی شەرعزان و شارەزایانی مێژوو، یەكێكە لە شانازییە دیارەكانی شارستانیەتی ئیسلامی، كە ئامانجی سەرەكی ڕێكخستنی پەیوەندیی نێوان تائیفە و پێكهاتەكانی مەدینە بوو، لەسەر بنەمای ئازادیی بیروباوەڕ و مومارەسەی دروشمی ئایینی و بەرجەستەكردنی یەكسانی و دادپەروەری و دیاركردنی ئەرك و مافی هاووڵاتی، كە دوای چواردە سەدە ئێستاشی لەگەڵ بێت، ئەم پەیماننامەیە بە زیندوویی ماوەتەوە و، بووەتە بنەما و سەرچاوەیەكی گەورەی نووسینەوەی ڕێككەوتن و دەستووری وڵاتان و بناغەی مافی هاووڵاتیبوون لە جیهای ئیسلامی، چونكە تایبەتمەندیی هەرە گرنگی دەستووری مەدینە لەوەدایە (هاووڵاتی) چەق و پێوەر و (پێكەوەژیان)یش ئامانجێكی ڕوونی داڕشتن و ناوەرۆكەكەی بووە، واتە تەنیا بۆ لایەنێك یان فیئەیەكی دیاریكراو نەنووسراوەتەوە، بەڵكو لە پێناو هەموو دانیشتووان داڕێژدراوە، بە جیاوازیی بیروباوەڕ و بۆچوون و تائیفە و ئایینەوە.

پاڵپشت بە بڕگەكانی ئەم پەیماننامەیە و ڕوانین لە واتای گشتی و فراوانی بنچینە شەرعییەكانی ئایینی ئیسلام، دەبینین لە سێ لاوە چوارچێوەی هێڵە گشتییەكانی پەیوەندیی نێوان موسڵمان و ناموسڵمان خۆی لە چەند بنەمایەك دەبینێتەوە:

یەكەم: پەیڕەوكردنی بنەمای دادپەروەری و ڕەچاوكردنی مافی هاووڵاتیبوون و مرۆڤبوون. خوای گەورە دەفەرموێ: (لَا يَنْهَاكُمُ اللَّهُ عَنِ الَّذِينَ لَمْ يُقَاتِلُوكُمْ فِي الدِّينِ وَلَمْ يُخْرِجُوكُمْ مِنْ دِيَارِكُمْ أَنْ تَبَرُّوهُمْ وَتُقْسِطُوا إِلَيْهِمْ إِنَّ اللَّهَ يُحِبُّ الْمُقْسِطِينَ) الممتحنة:8. بەپێی ئەم ئایەتە مامەڵە و پەیوەندیی نێوان موسڵمانان بە ناموسڵمانانەوە پەیوەستە بە بەجێبەجێكردنی بنەمای گرنگی «دادپەروەری»، واتە: پێدانی ماف بە هەموو خاوەن مافێك (إعطاء كل ذي حق حقه)، هەرچەندە كۆمەڵگە فرە پێكهاتە و ئایین بێت، پێویستە لەسەر موسڵمانان پەیوەندیی خۆیان لەسەر ئەم بنەمایە دابمەزرێنن، كەواتە مادام لە ڕووی شەرعی و ئینسانی و لێكەوتەی دادپەروەری ئەركە لە كاتی پێویست مرۆڤ بەهانای دۆست و دراوسێی بچێت، هەروەها كۆمەڵگەی موسڵمان لەسەری پێویستە لە كاتی تەنگانە بە هانای لێقەوماوان بچێت بێ جیاوازیی ئایین و نەتەوەو ڕەنگ و ڕەگەز، بە هەمان شێوە ئەركیشە بۆ چەسپاندنی دادپەروەری ماف بە ناموسڵمان بدات، یاسای خۆی هەبێت بۆ ڕاییكردن و مامەڵەی ڕێكخستنی كاروبارە خێزانی و كۆمەڵایەتییەكان لەناو كۆمەڵگە، چونكە ئەمە هەنگاوێكە زەمینەی چاك ڕەفتاری -الإحسان- خۆش دەكات.

دووەم: دداننان بەوەی زۆركردن لە ئایین نییە؛ ئەمەش بنەمایەكی گرنگە و قورئانی پیرۆز جەختی لێ كردووەتەوە، خوای گەورە دەفەرموێ: (إعطاء كل ذي حق حقه) البقرة:256. واتە: بە هیچ جۆریك زۆر كردن نییە لە وەرگرتنی بیروباوەڕی ئایینی ئیسلام - دینداری بە زۆر نابێت بكرێت ‏و دین بە زۆر نادرێت بەسەر كەسدا- ئەمە ئاماژەیە بەوەی هەر كەس ئایینی خۆی پارێزراو بێت، كەس مافی بە زۆر سەپاندنی ئایین بەسەر كەسێك و داڕنینی ئایین لە سەر كەسێكی دیكەی نییە. ئیمامی تەبەری دەڵێت: ئەم ئایەتە لەبارەی ئەوانەوە هاتووەتە خوارەوە كە دەیانویست بە زۆر ئایینی ئیسلام بەسەر منداڵی جوو بسەپێنن. كەواتە ئایینی ئیسلام كە ڕێگە نادات بە زۆر ئایین وەك بیر و باوەڕ بەسەر ناموسڵمانان بسەپێت، ئەی چۆن دەكرێ یاسای باری كەسیی موسڵمانان بە زۆر فەرز بكات بە سەر كەسانی ناموسڵمان، یان چۆن ڕێگە دەگرێت لەوەی پەیڕەوی ئایینە ئاسمانییەكانی دیكە یاسای تایبەت بە خۆیان هەبێت لە ڕێكخستنەوەی بواری كەسی و كاروبارە خێزانییەكانەوە، بە واتایەكی دی لەبەر ئەوەی ئایینی ئیسلام بە زۆر سەپاندنی لە ڕووی دینیەوە قەبووڵ نییە، بە دڵنیاییەوە هەموو جۆرە بە زۆر سەپاندنێكی كاروبارەكانی كۆمەڵایەتییش ڕەت دەكاتەوە.

سێیەم: هەمووان لە ئەرك و ماف یەكسانن- (لهم ما لنا وعليهم ما علينا)؛ یەكێ لەو ڕێسا و چوارچێوە گرنگانەی لە فەرموودە و فیقهی ئیسلامی و پەیمانی مەدینە زۆر جەختی لێ كراوەتەوە، ئەو یاسا گرنگە بەركارە ئایینییەیە، كە بە درێژایی مێژووی موسڵمانان ددان بە بوونی یەكسانی لە نێوان هەموو پێكهاتەكان دادەنێت، واتە لە ڕووی ماف و تایبەتمەندیی و ئەرك و ئازادییەوە هەر چییەك بۆ موسڵمانان پێویست بێت، بە هەمان شێوە بۆ ئەهلی كیتاب ئەرك و مافە و پێویستە هەیان بێت. ئەمە ئاماژەیە بەوەی موسڵمان و ناموسڵمان لە هەموو ماف و ئیمتیازێك یەكسانن، جگە لەو ئەرك و مافانەی پەیوەستن بە خودی دینەوە، ئەمەش وەك ئایین و بیر و باوەڕ شتێكی ئاساییە، چونكە ناكرێ تۆ شتێك لەسەر كەسێك فەرز بكەیت، كە كاتێكدا بڕوای پێ نەبێت، بەڵام ڕێزگرتن لە عەقیدە و بۆچوونی بەرانبەر هەرچەند پەسەندیش نەبێت، یان جیاواز بێت، خواستێكی ئایینییە، چونكە قەبووڵكردنی بەرانبەر و پێكەوەژیانی ئاشتییانە بنەمایەكی گرنگی قورئانییە و پێویستە بەر لە هەر كەس موسڵمان پێی پابەند بێت.

سەرەڕای لێبوردەیی و میانڕەوی و ڕێنماییەكانی ئیسلام لە بایەخ پێدانی هەڵسوكەوت و مامەڵەكردن لەگەڵ پەیڕەوانی ئایینەكانی دیكە، بەدەر لە جیاوازیی ئایین هەمووان لە مرۆڤبووندا برای یەكترین، هەر هەنگاوێكیش ببێتە هۆی پاراستنی ئەو برایەتی و تەباییە، ئیسلام پێشوازی لێ دەكات و بگرە بە كارێكی مرۆیی گەورەشی دەزانێت، ئەمە لە چەند وێستگەیەكی ژیانی موسڵمانانیش بە كردەیی پەیڕەو كراوە، وەك لە سەرچاوە مێژووییەكان هاتووە، كاتی خۆی سەلاحەدینی ئەیوبی فەتحی قودسی كرد و بنكەی دەسەڵات و ڕێكخستنەوەی كاروبارەكانی خەڵكی دامەزراند، وەك یەكێ لە فاكتەركانی سەقامگیریی كۆمەڵایەتی ڕەچاوی تایبەتمەندیی پێكهاتەكانی كۆمەڵگەكەی كرد، چونكە ئەو كات تەنیا موسڵمان لە قودس نەبوون، بەڵكو مەسیحی و جووشی تێدا دەژیان، بۆیە قازی و دادوەری تایبەتی بۆ دەستنیشان كردن، بۆ ئەوەی بتوانن بە پێی ڕێنمایی خۆیان كارەكانیان ڕاپەڕێنن.

فیقهی ئیسلامی وەك تێگەیشتنی گەورە زانایان و هەڵكردن لەگەڵ پێشهات و بابەتە هاوچەرخەكان بە دیوێكی فراوان لە قەزیەكە دەڕوانێت. فوقەهای ئیسلام تەنیا لە گۆشە نیگای یەكسانی لە بەرانبەر ماف و هەندێ ئەركدا سەیری بابەتەكە ناكەن، بەڵكو سەرەڕای بابەتی «یەكسانی» مافی ڕاستەوخۆی بەكارهێنانی هەندێ شت كە قەدەغەیە لە ئیسلامدا، داوەتە ناموسڵمانان بۆ خۆیان بەكاری بێنن، چونكە ئایینی ئەوان ڕێی پێداون، ئەم كارە بكەن، بۆ نموونە: خواردنەوەی ئارەق و بەخێوكردن و ڕاگرتن و بەكارهێنانی بەراز لە شەریعەتی ئیسلام ڕێگەپێدراو نییە، بەڵام بۆ ناموسڵمانان بەپێی ئایینی خۆیان ڕێگەیان پێ دراوە، ئیدی ئەگەر كەسێك بەراز، یان ئارەقی كەسێكی غەیرە موسڵمانی زایەع كرد و زیانی پێگەیاندن، ئەوە دەبێ بە پێی خەملاندنی زیانەكە غەرامە بكرێت، وەك لە سەرچاوەكان هاتووە: «ويضمن المسلم قيمة خمره وخنزيره إذ أتلفه».

لەم سۆنگەوە تێدەگەین، كە شەریعەتی ئیسلام ستراتیژ و بنەما و وێنایەكی نموونەیی لە پەیوەندیی نێوان موسڵمان و ناموسڵمان دیاری كردووە، كە دەستەبەری تەواوی مافەكانی خەڵكی ناموسڵمانان دەكات و ئاستی پەیوەندیی نێوانیان لە ڕووی مرۆڤایەتی و كۆمەڵایەتی و ئابووری لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون و پێكەوەژیان لەبەر چاو دەگرێت، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە، كە بنەما و ڕێسا فیقهییەكان هیچ ڕێگرییەكیان نییە لەوەی كریستیانەكان بەپێی ڕێنمایی ئایینی خۆیان بۆ ڕێكخستن و ڕاییكردنی كاروباری كەسی، یاسای تایبەت بە خۆیان هەبێت، چونكە ئەگەر قەناعەت بە فرەیی و ئازادی و مافی مرۆڤ و پێكەوەژیان بەشێكی ئایینی ئیسلام بێت، ناكرێ ڕێگە بەوە نەدرێت، پەیڕەوانی ئاینێكی دیكە یاسای تایبەت بە خۆیان نەبێت.

 

Top