ڕەمــــەزان كیڤلی مامۆستای زانكۆ – زاخۆ-: بڕیاربەدەستانی بەغدا لەسەر بنەمای لۆژیكی هێز مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكەن
ڕەمەزان كیڤلی، مامۆستای زانكۆ زاخۆیە و سەبارەت بە پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵی تێڕوانین و مامەڵەی دەوڵەتی عێراق لەگەڵ هەرێمی كوردستان، بۆ ڕاپۆرتی بازنەی گفتوگۆ بەمجۆرە دیدوبۆچوونەكانی خۆی خستەڕوو:
زۆر بەداخەوە مامەڵەكردنی دەستەبژێر و سەركردە سیاسییەكانی عێراق لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای «لۆژیكی هێزە»، نەك «هێزی لۆژیك»، ئەم پرانسیپەش لەسەر تێڕوانین و جێبەجێكردنی دەستوور و داڕشتنی یاساكانی عێراق ڕەنگدانەوەیەكی زۆر خراپی هەبووە، ئەمەش ڕۆژانە هەستی پێ دەكرێت كە هەوڵێك هەیە و دەیانەوێت هیزی دەوڵەت بە چەندین ڕێگای نادەستووری و نایاسایی بەسەر هەرێمدا فەرز بكەن.
ئەم بارودۆخەی ئێستای عێراق تەواو تەواو پێچەوانە و دژی ئەو دیدگا و بۆچوونەیە كە سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان بۆ بونیادنانەوەی عێراقی نوێ كاریان بۆ كرد. سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان ئامانجی لە بونیادنانەوەی عێراقی نوێ «عێراقێكی فیدڕاڵی و دیموكراتی و پەرلەمانی و فرەیی» بوو، بەڵام ئەم ئاراستەیە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو ئایندەیەكی نادیار هەنگاو هەڵدەگرێت. من وای دەبینم، ئەگەر ئەم ئاراستەیە بەردەوام بێت، چارەنووسی عێراق زۆر لە ئێستا خراپتر دەبێت. هۆكاری هەموو ئەمانەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەم دەستەبژێر و سەركردانەی ئێستا لە دەسەڵاتی عێراقدا بڕیار بەدەستن، پاشخانێكی ئایدیۆلۆژی عروبییان هەیە و بڕوایان بە بنەماكانی «دیموكراتی، پێكەوەسازان، دەستوور،سەروەریی یاسا» نییە. هەر بۆیە ئێمە ئەگەر سەیری ڕەفتاری ئەوان بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان بكەین، دەبینین، هەموویان كار بۆ پێشێلكردنی ئەو دەسەڵاتانە دەكەن، كە هەرێمی كوردستان لە دەستووردا بۆی دیاری كراوە و مافی دەستووریی هەرێمی كوردستانن.
بۆ ڕاستكردنەوەی ئەم بارودۆخە، گرنگە هەرێمی كوردستان هەموو هەوڵەكانی خۆی لەسەر ئاستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دەوڵەتانی ئیقلیمی و بە پشتبەستن بە دەستوور گوشارێكی گەورە بكاتە سەر حكومەتی عێراق، بۆ ئەوەی بیروبۆچوون و ئەقڵییەتی خۆیان بەرانبەر هەرێمی كوردستان بگۆڕن و ڕێز لە مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان بگرن.