وەیسی محەمەد: پەیمانگە هونەرمەند درووست ناكات بەڵكو گەشەی پێ دەدات
وەیسی محەمەد ئەو گۆرانیبێژەیە كە تاوەكو ئێستا خاوەنی شەست گۆرانی و مەقامە، هەروەها مامۆستای پەیمانگەی هونەرەجوانەكانی هەولێر بوو، ئێستاش مامۆستایە لە چاكسازیی گەوران، وەیسی محەمەد لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان وەلامی چەند پرسیارێك دەداتەوە
ئا: ئەحمەد تاریق
*سەرەتای پرسیار دەمانەوێت لەوەوە دەست پێبكەین كە هەست دەكرێت سارد بوونەوەیەكت پێوە دیارە لە كاری هونەریدا، هۆكار چییە؟
-بەپێچەوانەوە، من ئێستە زۆر چالاكترم و چەندین گۆرانیم تۆمار كردووە لەشاری كرمانشانی خۆشەویست، بەڵام گرفتم لە بڵاو كردنەوەدا هەیە لەم بارو دۆخەی ئێستا.
*قەیرانی دارایی تاچەند كاریگەریی لەسەر ڕەوتی هونەری هەبووە؟
-دۆخی ئابووری كاریگەری زۆری هەیە لەسەر هونەر، بەتایبەت بۆ ئێمەی كورد، چونكە لە كۆمەڵگەی ئێمەدا گۆرانی داهاتی نییە و دەبێت لەسەر ئەركی خۆت كار بكەیت، منیش حەزم لەم ئەركەیە كە ئەركی گۆرانیگووتنە، بۆیە لەسەر ئەستۆی خۆشم بێت خزمەتی دەكەم، بەڵام خۆشیشە بۆ ئێمەی هونەرمەند هاوكاری بكرێین و قەدری ماندووبوونمان بزانن، تا ئێمەش زیاتر پەرە بە هونەرەكەمان بدەین و خزمەتی زیاتر و كاری باشتر و جوانتر بكەین.
*تاچەند دەركەوتنی گۆرانیبیز لە لایڤ موزیكدا بە كارێكی باش دەزانیت؟
-لایڤ موزیك زۆر گرینگە و پێویستی ژیانە، بەڵام من لەبەر سەرقاڵیی خۆم دەرفەتی لایڤ موزیكم نییە.
*لە چ كارێكت پەشیمانیت؟
-لە هیچ كارێكی هونەریی خۆم پەشیمان نیم، چونكە هەمووو كارەكانم ئەزموونی ژیانی خۆمن.
*هەست ناكەیت هەقی بەرهەمەكانت بە تەواوی نادەیت، گۆرانیی جوان بەرهەم دێنیت، بەڵام كلیپت نییە؟
-من توانای كلیپم نییە، چونكە ئەمڕۆ كاری كلیپ ئاسان نییە، كلیپێكی جوان پارەیەكی باشی دەوێت و منیش حەزم بە كاری جوانە، بۆیە ئەگەر پارەی كلیپێكی جوان و شایستەم هەبێت كلیپی بۆ دەكەم ئەگەر نا هیچ، چونكە بینەری جوان تایبەتمان هەیە بۆیە حەز ناكەم كارێك بكەم بینەر ڕەخنەم لێ بگرێت، حەز دەكەم كارێك بكەم جوان و شایستە بێت و شایەنی جەماوەرەكەم بێت.
*بۆچی لە زۆربەی بەرنامە تیڤییەكاندا داوەت دەكرێت بەڵام ڕەتی دەكەیتەوە بەشداری ناكەیت، ئایا مەرجی خۆت هەیە بۆ بەشداریكردنت؟
-پێم خۆشە بچمە بەرنامەیەك تەنیا لە خزمەت موزیك و گۆرانیدا بێت، نامەوێت خۆم پەرشو بڵاوی بابەتی لابەلا بكەم.
*وەك كەركووكییەك، بۆچی ئێستە كەركووك لە ڕووی هونەرییەوە باش نییە و هونەرمەندی كەم لێ درووست دەبێت؟
-بونیادی پەروەردەم هەولێرییەكی كەركووكیم، هەمیشە شاری كەركووك هونەرمەندی باڵای هەبووە، بەڵام بە هۆی ناجێگیریی دۆخەكەیەوە كۆ نەكراوەتەوە لە شارەكەدا.
*جەماوەری ئێستە زیاتر حەز بە ستایلی تازە دەكەن، بیرت لە گۆڕینی ستایلت نەكردووەتەوە ؟
-گشت كارێكی جوان جا هەر ستایلێك بێت، جێگەی خۆی دەگرێت، بەڵام گۆڕینی ستایل كارێكی ئاسان نییە، چونكە پەیوەندی بە پەروەردەی هونەرییەوە هەیە.
*وەكو مامۆستایەكی پەیمانگەی هونەرە جوانەكان، تاچەند هاندەر و هاوكار بوون بۆ ئەوەی هونەرمەند درووست بكەن لە پەیمانگە؟
-پەیمانگە هونەرمەند درووست ناكات، بەڵكو گەشەی پێ دەدات، ئەمەش دەبێت زەمینەی بۆ بڕەخسێنێ، كە بەداخەوە پەیمانگەكانمان لەم ئاستەدا نین.
*ستایلت كلاسیكییە و ستایلێكی قورسە، نهێنیی سەركەوتنی تۆ لەم ستایلەدا چییە؟
-ستایلی كلاسیك پێویستی بە شارەزایی مێژووی بەرهەمی مەقام و گۆرانی و موزیك و شیعری ئەدەبی هەیە، منیش حەزم لەو بوارەیە.
*نزیكەی بیست و پێنج ساڵە گۆرانیبێژیت، بەڵام بیست و پێنج گۆرانیشت هەیە، هەست ناكەیت لە ڕووی درووستكردنی بەرهەمەوە درێغیت كردووە؟
-جگە لە بەرهەمەكانی پێشووم لەم ساڵانەی دواییدا زیاتر لە بیست گۆرانیی تازەم لە كرمانشاه تۆمار كردووە، بەڵام میدیای كوردی بەپێی پێویست هاوكارم نەبووە بۆ گەیاندنی بەرهەمەكانم بە گوێگران، بەڵام ئەكاونتی یوتووبم بە ناو نیشانی weysi mihemed هەیە.
*ستایلت لە فارسییەوە نزیكە، چۆنە تاوەكو ئێستا گۆرانیی فارسیت نەگووتوە؟
-بەهرەو توانای خۆم تەنیا بۆ گۆرانیی كوردی تەرخان دەكەم.
*تا ئێستا پەیامی هونەریی خۆت گەیاندووە؟
-بەشێكی پەیامەكەم گەیاندووە، بەڵام زۆریشم لە دڵدا ماوە، بەپێی توانا لە داهاتوودا هەوڵدەدەم بیان گەینم.
*هیچ هونەرمەندێكی گۆرانیبێژ یان ئاوازدانەرێك هەیە كە ناتەوێت بە هیچ شێوەك كاری هونەریی لەگەڵدا بكەیت؟
-من بەپێی ستایلی گۆرانییەكە داوای هاوكاریی هونەری لە موزیكژەنەكان دەكەم، زۆریش سوپاسگوزاریانم چونكە گشتیان هاوكارم بوون.
*گۆرانیی ڕەنجی بێوەرم گۆرانییەكی تایبەت و جوان بوو، لای تۆش خۆشەویست بوو، ئایا ئەم گۆرانییە لە خۆت نزیك بوو؟
-چونكە من لە منداڵییەوە بە دەنگی مامۆستای مەزن عەلی مەردان پەروەردە بووم، گۆرانییەكانی لە ڕووحم دان.
*هۆكار چییە زۆربەی گۆرانییەكانت هەموو عاشقانەیە؟
-لە عیشقدا براوە و دۆراو نییە، چونكە عیشق چالاكییەكە تا مردن دەبێت ژیان جوان بكات، كە ئەركی هەر هونەرمەندێكە غەرقی ئەم چالاكییە بێت تاكو داهێنانی تێدا بكات.