لە وڵاتی ئوردن مۆنۆدرامای (سەلمە) دوو خەڵاتی بەدەستهێنا
دوای بەشداریكردنی لە شەشەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی مۆنۆدرامای قەرتاج لە وڵاتی تونس,تیپی شانۆیی (هەوار) بەشداری لە حەڤدەهەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی(عشيات طقوس المسرحية)لە ئوردن كرد,كە فیستیڤاڵەكە 21 نمایشی شانۆیی لەخۆگرتووە لە 14 وڵاتی جیهانەوە,هەروەها جیا لەمەش لە فیستیڤاڵەكەدا 6 نمایشی شانۆیی تایبەت بە قوتابیانی زانكۆی ئوردنی بەڕێوەچوو.
تیپی شانۆی هەوار لە شاری كەركوكەوە كە نوێنەرایەتی كوردستان و عێراق دەكات گەیشتە “عەمان”ی پایتەختی وڵاتی ئوردن, هەر دوای چەند ڕۆژێك خانمە ئەكتەری فەرەنسی(ئۆرێلی ئیمبێرت) كە ڕۆڵی سەلمە بەرجەستە دەكات, لە شاری “مەرسیلیا”ی وڵاتی فەرەنساوە گەیشتە فرۆكەخانەی عەلیا لە وڵاتی ئوردن و لە لایەن (نەژاد نەجم) دەرهێنەری مۆنۆدرامای سەلمە و شانۆكار و دەرهێنەری دیاری ئوردنی(مەحمود جەراح) پێشوازی لێكرا.
لە كۆتا ڕۆژی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی(عشيات طقوس المسرحية), ئێوارەی ڕۆژی شەممە ڕێكەوتی 1/6/2024 خانمە هونەرمەندی فەرەنسی(ئۆرێلی ئیمبێرت)لە سەر ستەیجی(ئوسامە ئەلمشینی)ئامادەبوو و مۆنۆدرامای (سەلمە)ی بە زمانی ئینگلیزی پێشكەش كرد,كە دواتر لەلایەن دادوەران و لیژنەی هەڵسەنگاندنی فیستیڤاڵەكەوە مۆنۆدرامای(سەلمە) توانی دوو خەڵات بەدەست بهێنێت,خەڵاتی باشترین نمایشی شانۆیی وە خەڵاتی باشترین ئەكتەری كچ.
مۆنۆدرامای (سەلمە) كە بەرهەمی گروپی شانۆیی هەوارە,هونەرمەند و شانۆكار (نەژاد نەجم) كاری دەرهێنانی ئەنجامداوەو دكتۆر (دڵشاد مستەفا) دەقی شانۆگەرییەكەی نووسیوە, سەلمە زمانحاڵ و كاراكتەری سەرەكی نێو شانۆگەرییەكەیە,ئەم مۆنۆدرامایە چیرۆکەکەی لە راستییەوە وەرگیراوە و پێنج چیرۆکی ئەنفال و دوو چیرۆکی كیمیابارانی هەڵەبجە لەخۆ دەگرێت,سەلمە هاوارێكە بەگوێی جیهاندا و باس لە نەهامەتی و رووداوە یەك بەدوا یەكەكانی گەلی كورد دەكات,هەروەها ئەم مۆنۆدرامایە باس لە چیرۆكی كۆچی گەنجان دەكات كە لەسەر سنووری وڵاتان بەدەستی قاچاخچی و ڕۆژگاری سەختەوە تووشی نەهامەتی و ڕووبەڕووی مەرگ دەبنەوە.
گوڵان-ئاسۆ كاكەیی