مه‌سرور بارزانی: له‌ پاڵ شاره‌ گه‌وره‌كان خزمه‌ت و ئاوه‌دانی ده‌گه‌یه‌نینه‌ شارۆچكه‌كانیش

مه‌سرور بارزانی: له‌ پاڵ شاره‌ گه‌وره‌كان خزمه‌ت و ئاوه‌دانی ده‌گه‌یه‌نینه‌ شارۆچكه‌كانیش

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 28ی 5ی 2024، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، گه‌یشته‌ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران و به‌ردی بناغه‌ی چوار پرۆژه‌ی گرنگی دانا.

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕێوره‌سمی دانانی به‌ردی بناغه‌ی پرۆژه‌كه‌ندا، گوتارێكی پێشكه‌ش كرد و ڕایگه‌یاند: ئەمڕۆ لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانین بۆ دانانی بەردی بناخەی چەند پڕۆژەی گرنگ، دوێنێش لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین بووین بۆ كردنەوەی پرۆژەی پردی دەربەندی رانیە.

سه‌رۆكی حكوومه‌ت، ئه‌وه‌شی خسته‌ ڕوو، ئێمە هەوڵ و كۆششمان ئەوە بووە كە وێڕای بارودۆخی سەختی ئابووری و دارایی، پرۆژەكانمان بۆ خزمەتی هاووڵاتیانمان لە سەرجەم ناوچەكانی كوردستان بەردەوام بن، بەرنامە و پلانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەیە كە بە تەنیا گرنگیی بە شارە گەورە نەدرێت، بەڵکو پێویستە لە پاڵ ئەوانیش، شارو شارۆچکەكان گەشە بكەن و دێهاتەکانیشمان ببووژێنینەوە.

هاوكات، مه‌سرور بارزانی، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد، لە بواری گەشتیاریدا زەمینەیەكی زۆر لەبارەی هەیە و سەرقاڵی داڕشتنی دواقۆناغەكانی پلانی هەندێك پرۆژەی گەشتیارین كە ئەم ناوچەیە بە جۆرێك پێش دەخات كە هاوشانی ناوچە گەشتیارییە گرنگەكانی جیهان بێت و بە هەزاران دەرفەتی كار دەڕەخسێنێت.

سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ گوتاره‌كه‌یدا ئه‌وه‌شی گوت: سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کە لە دەڤەرەکانی سۆران و بارزان و باڵەکایەتی و برادۆست پێک دێت، خاوەنی پێکهاتەیەکی دانیشتووانی هەمەڕەنگ و هەمەجۆرە، کە ئەمە نیشانەی دەوڵەمەندیی ئەم ناوچەیەیە کە لە شۆڕش و ڕاپەرینەکانی گەلی کوردستاندا قوربانییەکی زۆری داوە و ساڵانێکی زۆر مەڵبەندی شۆڕشەکانی کوردستان بووە.

له‌ كۆتاییدا مه‌سرور بارزانی، گوتی، لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا لە رووی ئیداری و خزمەتگوزاری و گەشەسەندندا هەست بە گۆڕانكاریی زۆری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەكرێت، ئەمەش كاریگەریی شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتە ئیدارییەكان بەدەر دەخات. ئاواتەخوازین بە هاوكاریی ئیدارە و هاووڵاتیان لەم دەڤەرەدا دۆخی خزمەتگوزارییەكان و رێكخستنەوەی ناو شارەكان باشتر بكرێت. لە هەموویشی گرنگتر وەك هەمیشە ئەم پەیامە دووبارە دەكەمەوە كە بە هەموومان پێكەوە، ژینگە و سرووشتی جوانی كوردستان بپارێزین، بە تایبەتی ئەم دەڤەرە، دەڤەرێكی زۆر دڵڕفێنە، سرووشتێكی زۆر جوانی هەیە، من دڵنیام، هەموو هەوڵێكیش دەدەین بۆ ئەوەی ئەم ناوچەیە ببێت بە ناوچەیەكی گەشتیاری كە لە هەموو جیهاندا ڕووی تێ بكەن.

مه‌سرور بارزانی: له‌ پاڵ شاره‌ گه‌وره‌كان خزمه‌ت و ئاوه‌دانی ده‌گه‌یه‌نینه‌ شارۆچكه‌كانیش
Top