ئاگرێکی گەورە لە شارێكی یاری لە هیندستان کەوتەوە
ئاگرێكی کوشندە لە شارێكی یاری لە شاری "راجکۆت" کەوتەوە کە شارێکە لە ویلایەتی گوجاراتی هیندستان و بەلایەنی کەمەوە 30 کەس گیانیان لەدەستدا.
بەشێک لە میدیاکانی هیندستان ژمارەی قوربانیانیان ڕاگەیاندووە کە 30 کەسە، هەروەها زۆرێک قوربانییەكان منداڵن و تەرمی چەندین كەسی دیكەش ناناسرێنەوە.
بە گوتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی ڕاجکۆت، تەرمەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر.
تا ئێستاش چوار کەس دەستگیرکراون و لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەكرێت لەسەر ئەم ڕووداوە.
بەپێی زانیارییەکان، ئاگرەکە درەنگانی ڕۆژی یەکشەممە ڕوویداوە کە زیاتر لە ٣٠٠ کەس لەم شارەدا ئامادەبوون.
بە گوتەی بەرپرسێکی ئاگرکوژێنەوە، بەهۆی... داڕمانی بەشێک لە نزیک دەرگای چوونە ژوورەوە و دەرچوون کە بڵێسەی ئاگرەکە بە خێرایی بۆ بەشەکانی دیکە بڵاودەبێتەوە و دوای داڕمانی بەشێکی زۆری سەقفی ئاسنی ئەم کۆمپلێکسە، ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا و برینداربوون.
گوڵان: سەردار خەلیل