ئایدن مەعروف وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان:   سەرۆك بارزانی ڕەمزی پێكەوەژیانە لە عێراق و كوردستان و بەردەوام خەمخۆر و داكۆكیكاری پێكهاتەكان بووە

ئایدن مەعروف  وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان:     سەرۆك بارزانی  ڕەمزی پێكەوەژیانە لە عێراق و  كوردستان و بەردەوام خەمخۆر و  داكۆكیكاری پێكهاتەكان بووە

 

 

بەهۆی چەندین خاڵی ناكۆكی و ململانێی سیاسی لە ناو پەرلەمانی كوردستان، گەیشتە ئەو حاڵەتەی حزبێكی وەكو یەكێتی دەستتێوەردان لە كاروباری پێهكاتەكانی كوردستان بكات، ئەمەش لە ڕێگەی سكاڵا و بڕیاری دادگای فیدڕاڵییەوە كە كورسیی كۆتاكانی هەڵوەشاندەوە، بەڵام ئێستا بە هۆی تۆماركردنی تانە و سكاڵایەكی ڕێزدار مسرور بارزانی لە دادگای فیدڕاڵی، بڕیار دراوە لە چوارچێوەی100 كورسیی پەرلەمانی كوردستاندا پێنج كورسی بۆ پێكهاتەكان بێت و دابەشی سەر پارێزگاكانی هەرێم بكرێت، بۆ ئەوەی بزانین پێكهاتەكان بەو پێنج كورسییە و دابەشكردنەكە ڕازین، یان نا، گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ ئایدن مەعروف وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجام دا.

 

 

* بۆچی كورسیی كۆتاكان بووە خاڵی ناكۆكی لە ناو پەرلەمانی كوردستاندا، وەك كەسێكی توركمان و سەرۆكی بەرەی توركمانی لە كوردستان، ئەمە بۆچی دەگەڕێنیتەوە؟ ئەو هۆكارانە چی بوون كە لایەنێكی سیاسیی كوردی دژی كورسیی كۆتاكان پرسەكەی بردە دادگای فیدڕاڵیی عێراق؟ ئایا ئەم بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی تا چەند مەترسی لەسەر پێكەوەژیان لە كوردستان دروست دەكات؟

- هەر چەندە وەكو هەموو لایەك دەزانین كورسیی كۆتا لە پەرلەمانی كوردستان بە یاسا ڕێك خراوە، ئەمەش لەسەر بنەمای ئەو مێژووە دوور و درێژەی كە نەتەوە و پێكهاتە و ئایین و ئایینزاكان لە كوردستان لەگەڵ یەكتر هەمانە، لەلایەكی دیكەوە كورسیی كۆتاكان بووە هۆكارێك لەو هۆكارانەی كە وای كرد، پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان بەو جۆرەی هەیە، بەرەوپێشەوە بچێت و ببێتە جوانییەكی درەوشاوە و جێگەی سەرنجی ناوچەكە و هەموو دنیاش، بەڵام بەداخەوە هەر لە خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستانەوە كورسیی كۆتا لەناو پەرلەماندا لە لایەن هەندێ حزبی كوردستانی كرایە ململانێ سیاسی، سەرەڕای ئەمەش لە لایەن ئەو حزبە سیاسییانەوە دەستتێوەردان لە كورسیی كۆتاكان كرا، بێگومان زیاتریش ئەو خاڵە بە مەبەستی ئەوەیان بوو كە هەڵبژاردن ئەنجام نەدرێت، ئەگینا لە ئێستادا بوونی پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستان و بەشداری و هاوبەشییان لە دامەزراوەكانی حكومەتی كوردستان، لە ئاستێكی باش و نموونەییدایە، ئەمەش وای كردووە پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی لە هەولێری پایتەختدا زۆر توندوتۆڵ و باش بێت، پاشان گەیشتە ئەو ئاستەی بە تانە و سكاڵاتۆماركردن لەلایەن فراكسیۆنێكی پەرلەمانی كوردستان لە دادگای فیدڕاڵی، بگەینە ئەو ئاست و كێشە و گرفتە كە دادگای فیدڕاڵی بە بڕیارێك كورسیی كۆتاكان لە پەرلەمانی كوردستان نەهێڵێت، كە ئەم بڕیارەش بەپێی دەستووری عێراقی و بوونی پێكهاتەكان لە عێراق و لە كوردستانیش نائاسایی و نایاسایی بوو، لە لایەكی دیكەوە باوەڕ ناكەم نەمانی كورسیی كۆتا هیچ كاتێك لە قازانجی هیچ لایەن و حزبێكی كوردستانیدا بێت، بەڵكو نەمانی كورسیی كۆتا كاریگەریی خراپ و مەترسیدار دروست دەكات لەسەر ئەو پێكەوەژیانە جوان و سەركەوتووەی لە هەرێمی كوردستان هەیە، ئەو كارەی لەلایەن ئەو حزبە سیاسییەی كوردستان دەربارەی كورسیی كۆتا كراوە، دەستتێوەردانێكی گەورەی سیاسی بوو، مەبەستەكەشی تەنیا سیاسییە و ئێمە لە دژی ئەو دەستتێوەردانە دەوەستینەوە و قبووڵیشی ناكەین، چونكە ئەو دەستتێوەردانە سیاسییە لە بەرژەوەندیی پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستاندا نییە، لەبەر ئەوەش زیاتر لە لایەن حكومەتی كوردستانەوە بەتایبەتی لە كابینەی نۆیەمدا بە شەخسی ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران گرنگی و تایبەتمەندییەكی یەكجار گەورە و زۆری بە بەشداری و هاوبەشیی هەموو پێهكاتە نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاكان داوە، لە هەموو دامەزراوە و جومگەكانی حكومەت و دەسەڵاتدا بەشداریی پێ كردوون، بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان لە ڕووی پێكەوەژیانەوە بچێتە قۆناغێكی زیاتر بەرجەستەبوون و پێگەیشتوو، ئێستاكەش دەبینین كە پەیوەندیی نێوان پێكهاتەكان لەو هەرێمەدا چەند بەهێز و باش بووە، كە ئەمەش لە هەوڵ و دڵسۆزیی ڕێزدار سەرۆكی كابینەی نۆیەمی حكومەتی كوردستانەوە دەیبینین.

* دوای بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی، كورسیی كۆتاكان ڕەت كراونەتەوە، بەڵام سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەم دواییانە سكاڵایەكی لە دادگای فیدڕاڵی بۆ گەڕانەوەی كورسیی كۆتاكان و دادپەروەری لە دابەشكردنی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان بەسەر پارێزگاكانی كوردستاندا تۆمار كرد، لە وەڵامی ئەو سكاڵایە ڕۆژی 21/5/ 2024دادگای فیدڕاڵی بڕیاری دا لەو سەد كورسییەی بۆ پەرلەمانی كوردستان هەیە، پێنج لە كورسییەكان بۆ پێكهاتەكان بێت و پێنج كورسییەكەش دابەشی سەر پارێزگای سلێمانی و هەولێر و دهۆك بكرێت، ئایا ئێوە وەك توركمان و كلد و ئاشووری و سریان و ئەرمەن، تا چەند بەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی ڕازین و هەوڵ و تانەكەی جەنابی سەرۆكی حكومەتی كوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنن و، لەمەودوا هەوڵەكانتان چی دەبێت،‌ بۆ ئەوەی كورسیی كۆتاكان بە تەواوی بگەڕێنەوە؟

- ئێمە وەكو پێكهاتەكان لەم بارەیەوە پێشەكی زۆر سوپاسی جەنابی مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین، كە هەموو كاتێك پشتیوانی ئێمە بووە، بەڵام ئەو پشتیوانییەی ئەم جارەی كە زۆر بە جددی و بە توندی لەسەر كورسیی كۆتای پێكهاتەكان هاتە وەڵام، لە دواجاردا دیتمان بە پراكتیكی لە دادگای فیدڕاڵی سكاڵایەكی تۆمار كرد، كە مەبەستی زیاتری بۆ گێڕانەوەی ئەو (11) كورسییەی كۆتاكان بوو، لەگەڵ دابەشكردنی كورسیی پەرلەمانی لەسەر بنەمای جوگرافیا بە شێوەیەكی دادپەروەرانە بەسەر پارێزگاكانی هەرێمی كوردستاندا، كە ئەمەش دەستپێشخەرییەكی زۆر گرنگ و دڵسۆزانە بوو، چ بۆ ئێمە وەكو پێكهاتەكان، چ بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان بۆ دەستنیشاكردن و هەڵبژاردنی نوێنەرەكانیان لە پەرلەمانی كوردستان، ئێمە وەكو پێكهاتەكان ئەو داواكاری و دەستپێشخەرییەی جەنابی مسرور بارزانی بە هەوڵێكی جددی و گەورە بۆ گێڕانەوەی سیستمی كۆتا بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەزانین. ئەگەرچی بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی لەسەر ئەو سكاڵایەوە لە جێگەی خۆیدا نەبوو، بەوەی كە لە چوارچێوەی (100) كورسیی پەرلەماندا تەنیا (5) كورسی بۆ كۆتاكان بگەڕێتەوە و دابەشی سەر سێ پارێزگایان كردووە، كە ئەمەش نادادپەروەرییەكی دیكەیە، چۆن دەبێت كە نفووسی پێكهاتەیەكی وەكو ئێمە كە نەتەوەی توركمانین، بەشی هەرە زۆری لە هەولێرە یەك كورسیی بۆ دابنرێت و لە سلێمانیش ئەگەر (كفری)شی لەگەڵ بێت هەر یەك كورسی بێت؟ ئەمە زۆر ناڕەوا و دوور لە واقیع و دادپەروەرییە، بۆیە ئێمە بەو پێنج كورسییەی كۆتا ڕازی نین و ڕەتی دەكەینەوە و لەگەڵ ئەو دابەشكردنە جوگرافییایەشدا نین كە زۆر دوورە لە سرووشتی پێكهاتەكان، بەڵكو ئێمە لەگەڵ ئەوەین هەر(11) كورسییەكە وەكو سیستمی پێشوو بگەڕێتەوە بۆ كۆتاكانی هەرێمی كوردستان. لەلایەكی دیكەوە ئێمە هەموو كات و لە ئێستاشدا داواكارین كە پێكهاتەكان و كورسیی كۆتاكان بە یەك بازنە بەشداریی هەڵبژاردن بكەن و دابەشی بازنەی جیاجیا و جوگرافیایی نەكرێن، چونكە ئەوەی ئێمە داوای دەكەین ئەوە بەپێی وجود و ڕێژە و ژمارەی پێهكاتەكانە لە هەرێمی كوردستان، نەك ئەو دابەشكردنە ناواقیعییەی ئێستا بۆ پێنج كورسی كراوە. بۆیە تەئكید و دووبارەی دەكەمەوە، ئێمە وەكو پێكهاتەكان دژین و قبووڵی ئەو پێنج كورسییە و دابەشكردنە ناكەین، كە ئێستا كراوە، چونكە كەمكردنەوەی ئەو پێنج كورسییە لە ژمارە و جوودی پێهكاتەكانی كوردستانە، لە لایەكی دیكەوە ئەو دابەشكردنەی كورسیی كۆتاكان بەو شێوە جوگرافیاییە نەك لە لای ئێمەوە، بەڵكو هەموو خەڵكی كوردستان و دنیاش دەزانێت هەڵەیەكی زۆر گەورەیە، چونكە بەپێی واقیعی بوونی پێكهاتەكان لەو شوێنەی هەن و دەژین، دابەش نەكراوە .

* لە ناو تەواوی لایەنە سیاسییەكانی كوردستاندا تەنیا سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵوێستی توندیان لەسەر ڕەتكردنەوەی كورسیی كۆتاكان وەرگرت و، ڕایانگەیاند ئەگەر كورسیی كۆتاكان نەمێنن، ئەوا پارتییش بەشداریی هەڵبژاردنەكان ناكات و بایكۆتی دەكات، ئایا ئێوە وەك توركمان چۆن سەیری ئەم هەڵوێست و پشتگیرییەی سەرۆك بارزانی دەكەن؟

- هەڵویستی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەتایبەتیش هەڵویستی جەنابی سەرۆك بارزانی زۆر مرۆڤانە و نیشتمانی و دڵسۆزانە بوو بۆ كوردستان و بۆ ئێمە وەكو پێهكاتەكان، دەبێت ئێمە شاهێدی بۆ ئەو ڕۆڵ و مێژووش بدەین، جەنابی سەرۆك بارزانی وەكو كاریزمای خۆی و مەرجەعی گەلی كوردستان، نەك تەنیا لەو بارودۆخەدا، بەڵكو لە هەموو بابەت و كات و بارودۆخێكدا پشتگیر و داكۆكیكارێكی دڵسۆز و سەرسەختی ئێمەی پێكهاتەكان بووە و، لە خۆمان زیاتر خەمخۆری بەدیهێنانی ماف و بەرژەوەندییەكانمانە و، ئەوەی لەسەر كورسیی كۆتا لە لایەن جەنابیانەوە كراوە، لە هەموو مێژووی مرۆڤایەتی سەر ئەو زەوییەدا ڕووی نەداوە، كە هەڵبژاردنی قبووڵ نەكردبێت، بێ ئێمە، ئەو كەسایەتییە سیاسی و مرۆڤدۆست و كاریزمایە لە ڕووی هەموو دنیا ڕایگەیاند، هەڵبژاردن ناكرێت بەبێ بەشداریی كۆتاكان، هەروەها نموونەیەكی زۆر واقیعی و گرنگ هەیە و پێویستە هەموو خەڵكی كوردستان و دنیا بزانن، ئەویش ئەوەیە كە، لەو كاتەی پرسەی خوشكی بەڕێزیان بوو (خودا لێی خۆش بێت) ئێمە چووینە پرسەكەی، جەنابی سەرۆك بارزانی زۆر بە پەرۆشەوە بە كاتێكی باشی زانی لە پرسەكەدا هەستا هات لەگەڵ ئێمە وەكو پێهكاتەكان كۆبووەوە و، دڵنیایی و متمانەیەكی زۆر گەورەی بە ئێمە دا، كە هیچ شتێك لە هەرێمی كوردستان ناكرێت، بەبێ هاوبەشیی پێهكاتە نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزاكان، لەو كاتەدا زیاتر بۆمان دەركەوت كە ئەو شەخسیەتە لە سەرتاپای دنیادا نموونەی كەم و بێ وێنەیە و پێویستە هەموو خەڵكی كوردستان دوعای تەمەندرێژی و تەندروستی بۆ بكەین، بەڕاستی سەرۆك مسعود بارزانی باوك و مەرجەعی هەموو گەلی كوردستانە و دەبێت ڕەوشت و ڕێنمایی و ئامۆژگارییەكانی جەنابیان بە زێڕ لە مێژوودا بنووسرێتەوە. دەبێت ئاماژە بەوەش بكەین كە جەنابی سەرۆك بارزانی بەو كار و پڕۆژانەی لەسەر دەستی جێبەجێ كراون، ڕەمزی پێكەوەژیانە لە عێراق و كوردستانیشدا، بەتایبەتی هەڵوێستەكانی لە كاتی نووسینەوەی دەستووری هەمیشەیی عێراقی فیدڕاڵدا.

* لە دوای 13 ساڵ جارێكی دیكە ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەردانی بەغدا و هەولێری كرد، ئەمەش ئاماژەیەكی گرنگە كە سەرۆك كۆماری توركیا مەبەستی ئەوەیە كە پەیوەندییەكی باش لە نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا هەبێت. ئایا ڕەنگدانەوەی ئەم سەردانەی سەرۆك كۆماری توركیا بۆ هەرێمی كوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

- سەردانەكەی فەخامەتی بەڕێز ڕەجەب تەیب ئەردۆگان بۆ عێراق و بەتایبەتی بۆ هەولێری پایتەختی كوردستان زۆر گرنگ بوو، سەردانەكەی بۆ هەولێر تایبەتمەندیی خۆی هەبوو، چونكە من لە مەراسیمەكەدا بەشدار بووم و بینیم پەیوەندییەكی زۆر باش لە نێوان هەولێر و ئەنقەرەدا هەیە، ئەو پەیوەندییەش دۆستایەتی و برایەتییە، لەلایەكی دیكەوە ئەو سەردانە پاڵپشتییەكی گەورە بوو بۆ هەولێر لە هەموو ڕوویەكەوە، چونكە هەولێر بۆ توركیا زۆر پێویست و گرنگە، هاوكات سەردانەكە ئەوەشی تێدا بوو كە ئەو ڕێككەوتنانەی لەگەڵ بەغدا كراون، هەرێمی كوردستان تێیدا بەشدارە و بەشی هەولێریشیان تێدایە.

* ئایا پرسی نەمانی كۆتای توركمان لە پەرلەمانی كوردستان جێگەی بایەخی سەرۆك كۆماری توركیا بوو؟ هێندەی ئاگادارن، ئایا ئەم پرسەی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراقی باس كردووە؟

- بە تەئكید نەك تەنیا لەو سەردانەدا، بەڵكو پێشتریش لەلایەن توركیاوە قسە و گفتوگۆ لەسەر كورسیی كۆتا و بەشداریی پێكهاتەكان لە پەرلەمانی كوردستان كراوە، لەم سەردانەشدا دووبارە چ لە بەغدا چ لە هەولێر، ئەو بابەتە لە 100% باس كراوە.

Top