مەریەم پیربەند بۆ گوڵان:كوردستان گەنجینەی چیرۆك و سیناریۆی سینەمایە

مەریەم پیربەند بۆ گوڵان:كوردستان گەنجینەی چیرۆك و سیناریۆی سینەمایە

مەریەم پیربەند دەرهێنەر و نووسەری سینەماییە بەدواداچوون بۆ پرسەكانی دادپەروەریی كۆمەڵایەتی دەكات. ئەو بە فیلمەكانی  ڕاست، وەرزی قاوەیی، سەما لەگەڵ من، بێدەنگی، و فێرمیسك ناسراوە. لە وڵاتی ئێران دەرهێنانی فیلمی خوێندووە و درێژەی بە خوێندنی داوە تا بڕوانامەی ماستەر و، ئێستاش قوتابیی دكتۆرایە. فیلمەكانی چەندین خەڵاتیان بە دەستهێناوە لە سەرتاسەری جیهاندا.

مەریەم بەم شێوەیە وەڵامی چەند پرسیارێكی گوڵانی دایەوە سەبارەت بە ڕەوشی سینەما بە گشتی، هاوكات بیروبۆچوونی خۆیشی دەربارەی سینەمای كوردی خستەڕوو.

مەریەم پیربەند بۆ گوڵان:كوردستان گەنجینەی چیرۆك و سیناریۆی سینەمایە

*سینەمای ئێران چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

-سەرەتا دەبێ ئەوە بڵێم كە ناونیشانی سینەمای ئێران ناوێكی ناسراو و جێی متمانەیە لە جیهاندا و، جێگەی خۆی هەیە، سینەمای ئێران لە ڕوانگەی منەوە ئێستا لە ڕووی بەرهەمهێنانەوە بە دوو بەشی گشتی دادەنرێت، بەشێكی تەواو سەربەخۆی لە سینەمای هونەریدا، كە گرنگی و پێگەی تایبەتی خۆی هەیە لەسەر ئاستی جیهان، بێگومان لە ڕووی چیرۆك و شێوازی هونەرییەوە مامەڵەكردن لەگەڵ چیرۆكەكەدا، ئەگەرنا، ناتوانرێت هیچ كام لەو فیلمانەی تێیدا بەرهەم هێنراون بەراورد بكرێت لەگەڵ بەرهەمەكانی ستۆدیۆ گەورەكانی جیهاندا. بەشەكەی دیكە ئەو فیلمانەن كە یان سوودمەندن لە ئیمكانات و بودجەی حكومەت، یان پەیوەندییان بە حكومەتەوە هەیە.

*ئایا سینەمای ڕۆژهەڵاتی دەتوانێت وەكو هۆڵیۆد ڕەنگدانەوەی واقیعی وڵاتان و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت؟

-هۆڵیۆد جیایە، چونكە تەواو پیشەسازییە، ئەمەش ڕاستیەكی ڕوونەكە هەمیشە مامەڵەیان لەگەڵ پرسەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كردووە، بەڵام لە هەر حاڵەتێكدا بە ڕوانگەی تایبەتی ئەو سینەماكارەیە كە لە دوورەوە سەیری ناوچەكە دەكات، زۆر جار چەمكە كلتوورییەكان تەنانەت ئایینییەكانی وڵاتانی ناوچەكە وەك پاڵپشتی و بناغەی سەرەكیی فیلمە باشەكان بەكار دەهێنن، بەتایبەتی بەرهەمە گەورەكان، كە بینەرانی ئەمڕۆ بە هۆی دینامیكییەكەیەوە لێی تێدەگەن، بەڵام بۆ سینەماكارێك كە فیلمێك لەسەر كۆمەڵگەیەك دروست بكات كە لە دوورەوە دەیبینێت، هەمیشە جیاواز دەبێت لە واقیع.

مەریەم پیربەند بۆ گوڵان:كوردستان گەنجینەی چیرۆك و سیناریۆی سینەمایە

*جیاوازیی نێوان سینەماكارانی ئەمریكی و سینەماكارانی ڕۆژهەڵات لە ڕووی تەكنەلۆژیاوەیە، یان لە خوێندن و پیشەییبوونی هونەرمەند و دەرهێنەرەوە؟

-جیاوازیی یەكەم جۆری چیرۆك گێڕانەوە و مامەڵەكردن لەگەڵ بیرۆكەكانە، فیلمەكانی كۆمەڵگەكانی وەك ئێران یان كوردستان لەسەر بناغەی بەنرخی چیرۆكی قووڵ بە بەهای مرۆڤایەتی بنیات نراون، بەڵام لە ڕووی تەكنەلۆژیاوە لە ئاستێكی كەمتردان لەگەڵ هاوتاكانیان، بۆ نموونە هۆڵیۆد.

من لە ئێران و لە ئەمریكا و وڵاتانی دیكە فیلم دروست دەكەم، دەتوانم بڵێم سیستمی فیلمسازی تەواو جیاوازە، بۆ نموونە لە هۆڵیۆد هەموو پەیوەندی و كردارەكان پێوانەتر و ئاڵۆزترن، بەڵام لە هەمان كاتدا كارەكە باشتر دەڕوات، ئەگەر ناوبانگخوازەكە بیەوێت لە هۆڵیۆد كار بكات، دەبێت كارەكانی بە شێوەیەكی جیاواز بزانێت و سیستمی گەورەتر و پرۆفیشناڵتر و لە هەمان كاتدا ئاڵۆزتر بزانێت، بەڵام لە وڵاتی ئێمەدا بەم شێوەیە نییە و شتەكان زۆر ئاسانتر بەڕێوەدەچن.

*سینەمای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەست كێشەی سیناریۆ یان چیرۆكەوە دەناڵێنێت، ئایا ئەمە كێشەیە لە هۆڵیۆدش؟

-ڕەنگە هۆڵیۆد ئەو گەنجینەی چیرۆكەی نەبێت كە ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەمانە و تێیدا ژیاوین، بەڵام دەزانێت چۆن چیرۆكی دروست بگێڕێتەوە. من خۆم بە هەمان شێوازی ستانداردی هۆڵیۆد سیناریۆ دەنووسم، كە هەمیشە سەركەوتووە، بێگومان لە ئێرانیش بە هەمان مۆدێلی ئێرانی كارم دەكرد، لە ئەمریكا ناچار بووین فێربین و تەنانەت درێژەم بە خوێندنیش دا، بەڵام زۆر ڕازیم كە شێوازی كاركردنم فۆرمۆلە كراوە، چونكە هەرچۆنێك بێت من لێرەم و بۆ ئێرە كار دەكەم.

مەریەم پیربەند بۆ گوڵان:كوردستان گەنجینەی چیرۆك و سیناریۆی سینەمایە

*سینەمای ئێران لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێشكەوتنی گەورەی بەدەست هێناوە، ئایا ئەم پێشكەوتنە لەلایەن سینەماكارانی هۆڵیۆدەوە هەستی پێ دەكرێت؟

-ڕاستیی مەسەلەكە ئەوەیە كە قەبارەی سینەمای هۆڵیۆد و بڕی بەرهەمەكانی لە ساڵێكدا زۆر بەرزە و ناتوانرێت بگوترێت كە هەموو مرۆڤەكان، یان تەنانەت زۆربەی سینەماكارانیش پێگەی سینەمای ئێران دەزانن، بەڵام سینەماكار و كەسانی خوێندەوار زۆرن كە سینەمای ئێران بە چەند فیلمێكی دیاریكراو دەناسن و سەلیقەی گەورەی شیكردنەوەی ئەو فیلمانەش لەم كۆمەڵگەیەدا دەبینرێت كە باسم كرد، ئەمەش بەو مانایەیە كە سینەمای ئێران توانیویەتی پێگەی خۆی لە جیهانی سینەمای جیهانیدا بچەسپێنێت.

*دوایین كار و چالاكییە سینەماییەكانتان لە ئێران و ئەمریكا چین؟

-لە ئێستادا لەلایەن كۆمپانیایەكەوە بانگهێشتكراوم و بەرپرسی نووسینی سیناریۆی فیلمی (كورشی مەزن)م، كە فیلمێكی مێژووییە، لە ئێستادا ناتوانم زانیاریی زیاتری لەسەر بدەم. دوایین فیلم كە دەرهێنەری بووم، فیلمێكی مەكسیكییە بەناوی (ڤێرتیكاڵ) كە، كە فیلمێكی ئەكشن و ترسناكە و چیرۆكەكەی كاراكتەری خانمێكی مەكسیكییە، لەم فیلمەدا چەندین ئەكتەری بەتوانای هۆڵیۆد و مەكسیك و ئەرجەنتین لەگەڵ من، كە بە ئێرانی-ئەمریكی دادەنرێم دروست كراوە، یەكێك لە كۆمپانیا ئەمریكییە باوەڕپێكراو و بەناوبانگەكان ئەركی دابەشكردنی ئەم فیلمەی لە ئەستۆ گرتووە. فیلمی پێشووم وەرزی داندێلیۆنە (Dandelion Season) كە لە ئەمریكا لەگەڵ ئەكتەرانی هۆڵیۆد و ئێران و چەند وڵاتێكی دیكە دروستم كردووە بە بەشداری ڕودی یۆنگبلۆد، ئەستێرەی فیلمی (Apocalypto)ی مێل گیبسۆن، لەگەڵ ئەستێرەی میسری سەعید بەدەرایە و ئەكتەری بەناوبانگی ئێرانی گەوهەر خەیرئەندیش لەگەڵ چەند ئەكتەرێكی دیكەی ئەمریكی، یەكێك لە خاڵە دیارەكانی فیلمەكەم (لە وەرزی داندێلیۆن)دا من نووسەر و دەرهێنەر بووم، ئەم فیلمە لە زیاتر لە بیست فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیدا درەوشاوەتەوە و خەڵاتی بەدەست هێناوە، ئێستاش كۆمپانیایەكی دابەشكردنی ئەمریكی كاری دابەشكردنی ئەم فیلمەی لە ئەستۆ گرتووە، پێش ئەمەش فیلمی خەیاڵی(Formisk)م بە زمانی ئینگلیزی هەبوو، لە لۆس ئەنجلۆس بەرهەمم هێنا، كە فیلمێكی زۆر سەركەوتوو بوو لە فێستیڤاڵەكاندا.

*بۆ تۆ وەك سینەماكارێك لە ئێران و ئەمریكا جیاوازی چییە؟

-لە ڕووی پیشەیی و پیشەسازییەوە جیاوازییەكی زۆر هەیە، ئەوەی دەرهێنەرێك لە ئەمریكا پێویستە بیزانێت، زۆر جیاوازە لەوەی كە دەرهێنەر لە ئێران پێویستە بزانێت، بەڵام لە هەر حاڵەتێكدا ڕوانگەی تایبەتی هەر دەرهێنەرێك هەمیشە وشەی یەكەم و كۆتاییە، بە بۆچوونی من سینەماكاری ئێرانی دیدگایەكی تایبەتی هەیە، بەڵام ئەگەر سینەماكارێك بیەوێت فیلمێك لە دەرەوەی ئێران بۆ نموونە لە ئەمریكا و لەگەڵ ئەكتەرە غەیرە ئێرانییەكاندا دروست بكات، دەبێت هەندێك شت فێر ببێت، چونكە كاركردن لە سینەمای ئەمریكیدا لەسەر هەندێك بنەما دامەزراوە.

*ڕات لەسەر سینەمای كوردی بە گشتی چییە؟

-من حەزم لە سینەمای كوردستان یان ڕوونتر بیڵێم زۆر حەزم لە چیرۆكەكانی كوردستانە، چەند ساڵێك لەمەوبەر كە چەند مانگێك لە هەرێمی كوردستانی عێراق بووم، لە شوێنێكدا لە چاوپێكەوتنێكدا گوتم كە كوردستان گەنجینەی چیرۆك و سیناریۆی سینەمایە و لەو ماوەی كەمەی كە لە وێ بووم لە نزیكەوە هەستم بەوە كرد، ئێستاش هەمان بۆچوونم هەیە، فیلمی كوردی زۆر باشیش دروست كراوە. بێگومان چۆن كوردستان دابەش بووە، سینەمای كوردیش دابەش بووە بەسەر ناوچە جیاجیاكاندا، بەڵام هەرچۆنێك بێت، من ئەم جۆرە بەسەرهاتە مرۆڤایەتیانەم خۆشدەوێت.

*ئایا سینەماكارانی كورد لە بواری سینەمادا توانیان سوود لەو كۆمەڵكوژی و كارەساتانە وەربگرن كە بەسەر گەلی كورددا هاتووە؟

-كاری زیاتر ماوە بكرێت، فیلمی باش دروست كراوە، لە ئێستادا دیمەنێك لە فیلمی (كیسەڵەكان دەفڕن) هاتە پێش چاوم و ئەمەش مانای ئەوەیە كە بەهمەنی قوبادی كاری خۆی بە دروستی كردووە و ئەو وێنانە لە مێشكماندا هەڵكەندراوە، بەڵام هێشتا پێموایە كاری زیاتر ماوە، ماوەیەك پێش ئێستا لەلایەن یەكێك لە كۆمپانیا گەورەكانی هۆڵیۆدەوە بانگهێشت كرام و سیناریۆیەكم لە شوێنێكی دیكەوە گواستەوە بۆ كوردستانی عێراق، فیلمەكە دروست نەكرا، بەڵام زۆر هەوڵم دا لە نووسینی سیناریۆكەدا، كە لەگەڵ نووسەرێكی دیكەی ئەمریكی بوو، بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی دروست قسە لەسەر كارەكتەرە كوردەكان و پەیوەندییە ئاشناكان و ئازارەكان بكەم.

*هەستت بە كاریگەریی سینەمای ئێران لەسەر سینەمای كوردی كردووە لە هەموو بوارەكاندا ؟

-بەو پێیەی كارەكەم فیلمسازییە، ئەمە بەشێكە لە پیشەی ڕۆژانەی من، بەڵام دەبێت بڵێم كە ڕەنگە لە یەك دوو ساڵی ڕابردوودا بەدی كرابێت، ناتوانم ناوی كارێكی زۆر درەوشاوە بهێنم كە پرسیارەكەت لەخۆ بگرێت.

Top