دەیڤید فیلیپس بەڕێوەبەری پڕۆگرامی بنیادنانی ئاشتی و مافەكان لە زانكۆی كۆڵۆمبیا بۆ گوڵان:   پەیوەندییەكانی ئەمریكا و كوردستان لەسەر هەنگاوی كرداری و بەهای هاوبەش بنیات نراون

دەیڤید فیلیپس  بەڕێوەبەری پڕۆگرامی بنیادنانی ئاشتی و مافەكان لە زانكۆی كۆڵۆمبیا بۆ گوڵان:     پەیوەندییەكانی ئەمریكا و كوردستان لەسەر هەنگاوی كرداری و بەهای هاوبەش بنیات نراون

 

دەیڤید فیلیپس بەڕێوەبەری پرۆگرامی بنیاتنانی ئاشتی و مافەكانە لە ئینستیتوتی دیراساتی مافەكانی مرۆڤ لە زانكۆی كۆڵۆمبیا، لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، ڕاوێژكاری باڵای سكرتاریەتی نەتەوە یەكگرتوووەكان بووە و شارەزای كاروبارە دەرەكییەكان و ڕاوێژكاری باڵای وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بووە، هەروەها توێژەر بووە لە سەنتەری دیراساتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانكۆی هارڤارد و، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری پڕۆگرامی چارەسەركردنی ناكۆكییە نێودەوڵەتییەكانی زانكۆی كۆڵۆمبیا بووە. گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجام دا، كە تەوەرە سەرەكییەكانی پەیوەست بوون بە سەردانەكەی ئەم دوایییەی مسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و، پرسی پەیوەندییەكانی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و هەرێمی كوردستان و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار.

 

* وەك ئاشكرایە سەردانەكەی مسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ واشنتۆن دی سی، بە سەردانێكی گرنگ لێك درایەوە و پێشوازییەكی گەرمیشی لێ كرا. ئەوە بوو چەندین كۆبوونەوەی بایەخداری ئەنجام دا لەگەڵ بەرپرسەكانی ئیدارەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، ئەمەش یەكەم سەردانی بوو وەك سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێم، ئێوە چۆن لە دەرئەنجامەكانی ئەم سەردانە دەڕوانن، بەتایبەتی كە باس لەوە دەكرێت، زەمینەیەكی بۆ چەند پەرەسەندن و پێشهاتێك خۆش كردووە؟

- نكۆڵی لەو ڕاستییە ناكرێت كە حكومەتی هەرێمی كوردستان ساڵەهای ساڵە سەرقاڵی دروستكردن و بنیادنانی پەیوەندیی هاوكاریئامێزە لەگەڵ واشنتۆندا، هەروەها دەمەوێت ئاماژە بەوەش بكەم كە ئەم پەیوەندییانە تەنیا لەسەر هەڵگرتنی هەنگاوی كرداری و پێكەوەیی بنیاد نەنراون، بەڵكو بناغەی ئەم پەیوەندییانە ئەو ڕاستیەیە كە هەردوو گەلی كورد و ئەمریكا بەهای هاوبەشیان هەیە و دیدگە و تێڕوانینی هاوبەشیان بۆ جیهان هەیە، كە هەردوولا باوەڕیان بەوەیە كە پێویستە لە ڕێی دیالۆگەوە جیاوازییەكان چارەسەر بكرێن و یەكلا ببنەوە، ئەم پرەنسیپەش بنەڕەت و بنچینەی پرسی یەكلاكردنەوەی ناكۆكییەكان و دروستكردنی پەیوەندیی باشی دراوسێیەتییە، لەم ڕووەوە دەكرێت عێراق و وڵاتانی دیكەی ناوچەكە لە بارەی دیالۆگ بۆ گەیشتن بە چارەسەر، زۆر شت لە كوردەوە فێر ببن.

* هەروەك ئاشكرایە كە چەندین ساڵە حكومەتی عێراق بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان كردووەتە چەك و كارتێكی گوشار لە بەرانبەر ئەم هەرێمەدا، لە میانەی سەردانەكەیدا بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێمی ئەم پرسەی ورووژاند، چونكە ڕوونە كە ئەو دۆخە كێشەی زۆری بۆ كوردستان دروست كردووە. پرسیارەكە ئەوەیە تا چ ڕاددەیەك ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئامادەیی و ڕۆڵی هەبووە لە كاركردن بە ئاراستەی چارەسەركردنی ئەم كێشەیە و تا چەند ئەم سەردانە برەوی بە هەوڵەكانی یەكلاكردنەوەی ئەم پرسە داوە؟

- بە تێڕوانینی من ئەوەی لەم ڕووەوە پێویستە ڕوو بدات، ئەوەیە كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئاماژە بەوە بكات، كە دەبێت بەغدا پابەندبوونەكانی پێشووی جێبەجێ بكات، دەكرێت سەرەتا ئەمریكا لە ڕێی گرتنەبەری دیپلۆماسییەتی هێمنەوە ئەم كارە ئەنجام بدات، ئەگەر ئەمە سەركەوتوو نەبوو، ئەوا پێویستە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە دەنگێكی بڵندتر پێداگری لەسەر ئەم پرسە بكات، بۆ ئەوەی حكومەتی عێراق ناچار بە هەڵگرتنی هەنگاوی كرداری بكات، لە ڕاستیدا ڕێگەی دیكە هەن بۆ ناچاركردنی حكومەتی عێراق بۆ ئەوەی پابەندبوونەكانی خۆی جێبەجێ بكات، دەكرێت لەم ڕووەوە ئەمریكا هەم ڕێگەی گوشار و هەم ڕێگەی پاداشت بگرێتەبەر.

* هەروەك ڕوونە لە ئازاری ساڵی 2023وە هەرێمی كوردستان نەیتوانیوە نەوتی بەرهەمهێنراو لە ڕێی هێڵی بۆریی نێوان عێراق و توركیاوە هەناردەی دەرەوە بكات، كە ئەمەش زیانی چەندین ملیار دۆلاری لێ كەوتووەتەوە، ئەوەی ئاماژەی پێ كراوە ئەوەیە كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا باسی دەستەبەركردنی پشتیوانی و هاوكاریی بۆ هەرێمی كوردستان كردووە، كە ئەمەش یەكێك بوو لە تەوەرەكانی سەردانەكەی مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەمریكا، بە تێڕوانینی ئێوە تا چ ڕاددەیەك ئەمریكا توانا و خواستی ئەوەی هەیە كە دەستڕۆیشتوویی خۆی بەكار بهێنێت لە بەرانبەر بەغدا بۆ دووبارە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان؟

- ئەوەی من دەتوانم لەم ڕووەوە ئاماژەی پێ بكەم، ئەوەیە كە ئیدارەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە سەرۆكایەتیی جۆ بایدن، دەتوانێت كاریگەری و دەستڕۆیشتوویی خۆی لە بەرانبەر حكومەتی عێراق بەكار بهێنێت، بۆ ئەوەی بێ ئاستەنگ و ڕێگری دەست بە هەناردەكردنەوەی نەوت بكرێتەوە، هەرچەندە ئەمە پێویستی بە گرتنەبەری سیاسەتێكی بەردەوامە بۆ پشتیوانیكردن لە بازرگانیی ئازاد لە پەیوەندی بە نەوت و غازەوە.

* هەر لە دوای گەیشتنی مسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، ژووری بازرگانیی ئەمریكا كۆبوونەوەیەكی ڕێك خست، كە سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێم و چەندین بازرگان و وەبەرهێنەری ئەمریكی لە خۆگرت، لەگەڵ چەند كەسایەتییەكی كورد لە تاراوگە، پرسیارەكە ئەوەیە، ئایا پێشبینیی ئەوە دەكەن كە ئەمە ببێتە هۆی برەودانی زیاتر بە پەیوەندییە ئابوورییەكانی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و هەرێمی كوردستان؟

- بەڵێ، ئومێدەكە ئەوەیە ببێتە هۆی برەوپێدانی ئەم پەیوەندییانە، من پێم وایە ئەوەی پێویستە هەرێمی كوردستان ئەنجامی بدات، بریتییە لە فرەچەشنكردن و هەمەڕەنگكردنی ئابوورییەكەی، ئەویش بە چەشنێك كە كەمتر پشتبەستبوو بێت بە داهاتی نەوت و غاز، و پتر هەوڵەكانی چڕ بكاتەوە لەسەر برەودان بە كارخانە ناوخۆییەكان و بەرهەمهێنانی كاڵا و كەلوپەلەكان و بەرهەمهێنانی بەرهەمی كشتوكاڵی.

* لە پەیوەندی بە بارودۆخی سیاسی و ناوخۆیی هەرێمی كوردستان و بە دیاریكراوی بە پرسی هەڵبژاردنەكانەوە، ئەوا پارتی دیموكراتی كوردستان وەك گەورەترین هێزی سیاسی بڕیاری داوە لەم هەڵبژاردنانەدا بەشداری نەكات، ئەویش وەك ناڕەزایەتییەك بەرانبەر پێشێلكارییە دەستوورییەكان و خەوشەكانی نێو پرۆسەی هەڵبژاردن بەهۆی بڕیارەكانی ئەم دواییەی دادگای باڵای فیدڕاڵییەوە، ئایا چۆن لەم هەنگاوە دەڕوانن و چ كاریگەرییەكیان دەبێت لەسەر پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق لە ئایندەدا؟

- ئەو بارودۆخەی هاتووەتە ئاراوە پێویستی بە گرتنەبەری ڕێگەچارەی دیالۆگ هەیە، واتە دەبێت گفتوگۆ بە بەردەوامی ببێتە بناغەی بەرەوپێشبردن و پەرەپێدانی پەیوەندییەكان، كە پێویستە لەسەر ئاستی فەرمی و هەروەها لە نێوان نوێنەرانی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیدا ئەم گفتوگۆیە ئەنجام بدرێت، چونكە بە گرتنەبەری ئەم ڕێگەچارەیە ئەوا بە هەڵەتێگەیشتن دێتەئاراوە و كێشە و ناكۆكییەكانیش بەرەو هەڵكشان دەچن.

* گومانی تێدا نییە كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەستڕۆیشتووییەكی زۆری هەیە و دەتوانێت كاریگەریی گەورەی هەبێت لەسەر ڕەوتی ڕووداو و پێشهاتەكانی عێراق، بە تێڕوانینی ئێوە پێویست بوو ئەمریكا چ شتێكی بە شێوەیەكی جیاواز ئەنجام بدایە لە عێراق و، بۆ لەمەودواش ئەو ستراتیژیەت و ڕێگەچارە بنیادنەرە چییە كە دەبێت ئەمریكا بیگرێتەبەر لە ئاست عێراقدا؟

- من پێم وایە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە ڕێی ڕەتكردنەوەی دەرئەنجامەكانی ڕیفراندۆمەكەی ساڵی 2017 كە گوزارشت بوو لە خواست و ویستی خەڵك، بووە هۆكاری درێژەدان بە ناكۆكییەكان، بە چەشنێك كە هیچ چارەسەرێك لە ئاسۆدا دیار نەبێت، هەرچۆنێك بێت، بە تێڕوانینی من هێشتا درەنگ نییە بۆ ئەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پەیوەندییەكانی بباتە ئاستی پەیوەندیی فەرمی دەوڵەت لەگەڵ دەوڵەتدا، ئەویش وەك بناغەیەك بۆ باشتركردنی دۆخەكە.

Top