ســەرۆک بــــارزانـــی باسی گرنگیی دواخستنی هەڵبژاردن بۆ چەند مانگێک دەکات

ســەرۆک بــــارزانـــی باسی گرنگیی دواخستنی هەڵبژاردن بۆ چەند مانگێک دەکات

سەرۆک بارزانی لەبارەی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند؛ دواخستنی هەڵبژاردن بۆ چەند مانگێك 'زۆر گرنگترە' لەوەی هەڵبژاردنێك بەڕێوەبچێت كە تێیدا مافی دەنگدەران و پێكهاتەكان پێشێل كرابێت.

پارتی دیموکراتی کوردستان لە 18ـی مانگی رابردوو دوای کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی رایگەیاند "بەشداریی هەڵبژاردنێک ناکەین کە بە نایاسایی و نادەستووری سەپێندرابێت." تائێستاش لەسەر ئەو بڕیارە سوورە و ناوی لیست و بەربژێری پێشکێشی کۆمیسیۆن نەکرد

سەرۆک بارزانی، ئەمڕۆ (چوارشەممە، 17ـی نیسانی 2024) لە هەولێر پێشوازیی لە تۆماس سیلەر، باڵیۆزی یەكێتیی ئەورووپا لە عێراق كرد، بابەتی سەرەکیی کۆبوونەوەکەشیان؛ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بوو.

بارەگای بارزانی رایگەیاند لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە داوە "هەندێك بەرەوپێشچوون هەیە لەوەی لایەنەكان پێكەوە كار لەسەر نەهێشتنی گیروگرفتەكان بكەن" لەبارەی هەڵبژاردن.

سەرۆک بارزانی جەختیشی کردەوە لەوەی "دواخستنی هەڵبژاردن بۆ چەند مانگێك، زۆر گرنگترە لەوەی هەڵبژاردنێك بەڕێوەبچێت كە تێیدا مافی دەنگدەران و پێكهاتەكان پێشێل كرابێت."

لەبەرامبەردا باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا بەپێی بارەگای بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا گوتوویەتی، "یەكێتیی ئەورووپا و نەتەوە یەكگرتووەكان لەسەر ئەوە هاوڕان؛ هەڵبژاردن بە بێ بەشداریی حیزبێكی گەورەی وەك پارتی، دیموكراتیانە و سەركەوتوو نابێت."

لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا سەرۆک بارزانی لەبارەی هەڵوێستی حیزبەکەی سەبارەت بە هەڵژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەڵێ "ئەو تێبینییانەی پارتی لەسەر هەڵبژاردن هەیەتی بەهۆی بێبەشكردنی پێكهاتەكان لە هەڵبژاردن و زۆربوونی گیروگرفتی تەكنیكی و دەستكاریی نادەستووریی یاسای هەڵبژاردن و هەوڵدان بۆ دیزاینی پێشوەختەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بووە. پارتیش لەپێناو پاراستنی بەها دیموكراتییەكان و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد، ئەو هەڵوێستەی وەرگرتووە."

پارتی دیموکراتی کوردستان، لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا بە لیستی 183 بەشدار بوو، بە دەنگی زیاتر لە 688 هەزار دەنگدەر 45 کورسیی پەرلەمانی بەدەستهێنا و بە جیاوازییەکی زۆر یەکەم بوو، لەدوای ئەویشەوە یەکێتی بوو کە 21 کورسیی پەرلەمانی بەدەستهێنابوو.

بڕیارە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە 10ـی حوزەیرانى داهاتوو بکرێت، یەکەمجارە بەبێ کورسیی کۆتای پێکھاتەکان دەبێت، کە پێنج کورسی بۆ کریستیانەکان، پێج بۆ تورکمان و کورسیەکى دیکەیان بۆ ئەرمەن بوو، بەڵام لە 21ـی شوبات دادگەى باڵاى فدراڵى عێراق بڕیاریدا بە هەڵوەشاندەوەی کورسیی کۆتاکان.

Top