پەرلەمانتارێکی پارتی: بەجۆرێکی دیکە لە قۆناغی جینۆساید و برسی کردن و تەعریب کردن بەردەوامی هەیە

پەرلەمانتارێکی پارتی: بەجۆرێکی دیکە لە قۆناغی جینۆساید و برسی کردن و تەعریب کردن بەردەوامی هەیە

لەیادی کارەساتی ڕەش و شوومی ئەنفالدا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەهیدان و ئەنفالکراوانی گەلەکەمان نەوی دەکەین.

بەداخ و بەژارەیەکی زۆرەوە لەکاتێدا یادی کارەساتێک دەکەینەوە کە هێشتا برینەکانی ئەنفال و جینۆساید بە ڕووح وجەستەی نەتەوەی کوردەوە ساڕێژ نەبووە، کەچی هێشتا پڕۆسەی جینۆساید و برسیکردن و تەعریبکردنی گەلی کورد لە ئەقڵیەتی فاشیزمی عەرەبیدا، بەجۆرێکی دیکە و لە قۆناغی دیکەدا بەردەوامی هەیە.

ئەنفال هەوڵێکی ڕژێمی بەعسی فاشیزم بوو، بۆ لەناوبردنی بوون و ووجودی کوردی و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە و لەناوبردنی ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان. لەو کارەساتەدا شومەدا زیاتر لە (١٨٢) هەزار مرۆڤی بێتاوانی کورد زیندەبەچاڵکران و هەزاران گوندی هەرێمی کوردستانیش خاپووکران.

لەیادی کارەساتی ئەنفالدا بەڵێنی ئەوە بە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراون دەدەین، کە داکۆکی کاری سەرسەختی مافەکانیان دەبین لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق. جەختیش لەوە دەکەینەوە کە پێویستە حوکومەتی ناوەندی عێراق قەرەبووی ماددی و مەعنەوی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراون بکاتەوە.

خدر مەنتک: ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
14ی نیسانی 2024

Top